کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید محەممەد رەزا پەنبەیی\"ئاوارە\" (قادر ئەلیاسی)

20:52 - 30 خاکەلێوه 2714

قادر ئەلیاسی

لە ساڵەکانی ١٣٦٠ ــ ١٣٥٨ی هەتاوی و بەرەو سەر کە شەڕی کۆنەپەرستانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی خەڵکی کوردستان بەوپەڕی دڕندەیی‌یەوە درێژەی هەبوو، رۆژ نەبوو شارێک، یان چەند گوند و دەڤەرێکی کوردستان نەکەوێتە بەر هێرشی سپای پاسدارن و ئەرتەش.
لە پەراوێزی سپا و ئەرتەشدا، هێزێکی هەڕەمەکیی دیکە کە ناوی بەسیج بوو، بەشداریی شەڕی دەکرد. ئەم هێزە کە پێکهاتبوو لە مێرمنداڵانی دە ساڵان تا پیری ٧٠ ساڵە، زیاتر لە ژێر تەوژمی هەستی کوێری ئایینیدا و بە هیوای گەیشتن بە بەهەشت، کلیل لە مل، بە بێ ئەوەی شتێک لە فەن و فنوونی شەڕ بزانن، خرابوونە بەرەکانی شەڕەوە. بە دەست پێکردنی شەڕی عێراق، ئێران، لەم هێزە زیاتر بۆ تەقاندنەوەی مەیدانی مین کەڵک وەردەگیرا.
لەو ساڵانەدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ئیمکاناتێکی سەرەتایی‌یەوە، تووشی شەڕێکی نەخوازراو هاتبوو. لە هەندێ شوێن لە شەڕێکی مونەزەم دەچوو، بەڵام لە چەند ناوچەی دیکەدا شەڕی پێشمەرگە چووبووە قۆناغی شەڕی پارتیزانی. هێزی بێستوون کە لە ناوچەکانی کرماشان، کامیاران، ژاوەرۆی سنە و مەریواندا تێکۆشانی هەبوو، پێشەنگی شەڕی پارتیزانی بوو.
لە یەکێک لەو چالاکییانەی هێزی بێستووندا کە رۆژانە لە دەنگی کوردستانی ئێراندا دەخوێنرایەوە، بە دیل گیرانی کۆمەڵێک بەسیجی بوو. یەکێک لەو گەنجە بەسیجییانەی کە تەمەنی لە نێوان ١٦ بۆ ١٧ ساڵدا دەبوو و لە نێو دیلەکاندا دەبینرا، کوڕە کوردێکی خەڵکی قەسری شیرین بوو. ئەو کوڕە ناوی محەممەدڕەزا پەنبەیی بوو. بنەماڵەکەیان بە هۆی شەڕی عێراق، ئێرانەوە هەڵهاتبوون و لە کرماشان گیرسابوونەوە.

8290.jpg
شەهید محەممەدڕەزا پەنبەیی


ئەو دیلانە پاش چەند رۆژ مانەوەیان لە بنکەی پێشمەرگەدا، ئازاد دەکرێن و رێگایان دەدرێ بچنەوە بۆ نێو بنەماڵەکانیان. ئەو گەنجە کوردە(محەممەدڕەزا پەنبەیی)، دەڵێ: من وام نەدەزانی کە پێشمەرگە ئەوەندە رەفتاری مرۆڤانەیە. بە من و ئەوانیتر وترابوو کە پێشمەرگە، کۆمەڵەخەڵکێکی بێڕەحم و رێگرن. کاریان تەنیا تاڵان و بڕۆ و مرۆڤ کوشتنە. ئێستا کە دەبینم، بە پێچەوانە، ئەوە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیین، جینایەت دەخوڵقێنن و خەڵکی کورد بە بێ تاوان دەکوژن، بۆیە ناگەڕێمەوە و ئەگەر وەرم بگرن دەبمە پێشمەرگە.
بەم جۆرە، رەزا دەبێ بە پێشمەرگە و دوای ماوەیەک کە دەبیستێ هێزی داڵەهۆ دامەزراوە و تێکۆشانی لە ناوچەی داڵەهۆ و دەور و بەر هەیە، داوا دەکا بینێرن بۆ ئەو هێزە.
رۆژێک لە بنکەی پێشمەرگەکان دانیشتبووم کە بینیم کۆمەڵێک پێشمەرگە لە هەورامانەوە هاتن بۆ هێزی داڵەهۆ. رەزاشیان لە گەڵ بوو. زۆری نەخایاند، رەزا بوو بە ئاشنایەکی لەبەر دڵان و هاوسەنگەرێکی خوێن شیرینی گشت پێشمەرگەکان. لە گەڵ ئەوەی زۆربەی کات بە رەزا بانگ دەکرا، بەڵام خۆی حەزی دەکرد نازناوی بە ئاوارە بانگی کەن. هەندێجار کە بە رەزا بانگمان دەکرد، وەڵامی نەدەدایەوە. هەر کە بە ئاوارە دەمانچڕی، دەست بە جێ، وەڵامی دەداینەوە و بە روویەکی خۆشەوە، دیگوت: ئەمری داشتین؟
ئەم لاوە خوێن گەرمە، جوان خاسە کە پرچێکی زەردی هەبوو، بە رەفتار و بە قسە و بە هەلسووکەوتی رۆژانەی چووبووە نێو دڵی هاوسەنگەرانی. بە تایبەت لە گەڵ شەهید سوحبەتوڵڵا میهرابی، زۆربەی کات پێکەوە بوون. شەهید سوحبەت بەرپرسی بەشی دەرمانی بوو. رەزاش حەزی لەو بەشە و کارکردن لە گەڵ سوحبەت دا دەکرد.

8291.jpg
شەهید سوحبەتوڵڵا میهرابی


ئەو بەیانییە (٩/١٢/١٩٨٤ بەرامبەر بە ١٨/٩/١٣٦٣ ی هەتاوی) بوو، رێژیم وەک ئادەتی رۆژانەی دەستی کرد بە تۆپ بارانی بناری بەمۆ، بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە بنکەی پێشمەرگەی لێبوو. رەزا و سوحبەت، لە نێو ئەو چادرەدا بوون کە تەرخان کرابوو بۆ بەشی دەرمانی. کاک ئاسۆ محەممەدی کە ئەو رۆژە لە کاتی رووداوەکە لەوێ بووە، دەڵێ: کاتێ تۆپبارانی رێژیم دەستی پێکرد، پێشمەرگەکانی ئەو بنکەیە، چادرەکانیان بە جێ هێشت و خۆیان گەیاندە کونەبەرد و شوێنی قایم کە تۆپ کەمتر کاری لێدەکرد. لە درێژەی تۆپبارانەکەدا، تۆپێک لە نێوان کونەبەردەکە و چادرەکەی سوحبەت و رەزادا تەقییەوە. دوای نیشتنەوەی تەپ و تۆز، خۆام گەیاندە چادرەکە. دیتمان پریشکێک بەر ملی رەزا کەوتووە و گیانی سپاردووە. سوحبەتیش پریشکێک بەرقاچی کەوتبوو. لەو کاتەدا کە رەزامان لە دەست دابوو، بە پەرۆشەوە دەمانەویست پێش بە خوێن لە بەر چوونی قاچی سوحبەت بگرین. بەڵام سوحبەتی دڵ بریندار، لە بەر خەمی لە دەست دانی رەزا، بۆ ماوەیەک نەیهێشت، برینەکەی بۆ بپێچینەوە.
بەم جۆرە، رەزا شەهید بوو و چووە ریزی کاروانی نەمرانەوە. سوحبەتوڵڵا میهرابی، یار و هاوڕێی شەهید محەممەدڕەزا پەنبەییئاوارە، ٢٤/٩/١٩٨٥ بەرامبەر بە٢/٧/١٣٦٤ی هەتاوی، لەو کاتەدا پێشمەرگەکانی هێزی داڵەهۆ هێرش دەکەنە سەر موڵگەیەکی رێژیم لە نزیک گوندی سوورمەڕی بناری کێوی بەمۆ، دەکەوێتە بەر دەستڕێژی دوژمن و شەهید دەکرێ.
لە رۆژی ١٠ ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان، ویستم بەم کورتە نووسراوەیە، سڵاو بنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان بە گشتی و یادی شەهیدان محەممەدڕەزا پەنبەییئاوارە و سوحبەتوڵڵا میهرابی بە تایبەتی بەرز و پیرۆز رابگرم.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە