کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی ئایار، رۆژی هاوپێوەندیی کرێکاران‌، پێویستیی خەباتێکی یەکگرتوو! (رەحیم رەشیدی)

22:28 - 13 بانەمەڕ 2714

رەحیم رەشیدی

وەکوو دەزانین، مێژووی یەکی مانگی ئەیار، بەرانبەر بە ١١ی بانەمەڕ، دەستپێکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رێپێوانێکی بەرینی کرێکارانی شاری شیکاگۆ، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ساڵی ١٨٨٦ی زایینی‌، کرێکارانی بێبەش و بێ‌دەرەتانی کارگەکە جۆراوجۆرەکانی شاری شیکاگۆ، وەکوو هێزی بەرهەمهێنەری سەرەکیی کۆمەڵگا، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ئاوڕدانەوەی دەستمایەدارەکان لە ژیان و گوزەرانی پڕ لە کوڵەمەرگیی ئەو کرێکارانە، رێپێوانێکی هێمنانە و ئاشتیخوازانەیان وەڕێ خست، ئەو رێپێوانە‌بە فیتی دەستمایەدارەکان، لەلایەن پۆلیسی شاری شیکاگۆوە بە شێوەیەکی بێ‌بەزەیی‌یانە، کەوتە بەر شاڵاوی سەرکوتی هەمە لایەنەو خەڵتانی خوێن کرا.

ئاشکرایە، یەکێک لە ئامانجی ئەو کرێکارانەی‌رێپێوانی رۆژی ئەوەڵی مانگی مای ساڵی ١٨٨٦یان لە شاری شیکاگۆ وەڕێ خستبوو، دابینکردنی مافی ٨ کاتژمێر کارکردن لە رۆژدا بوو.

ئەم داوا رەوایه، لەلایەن لایەنە بەرپرسە پێوەندیدارەکانەوە نەک وڵامی ئەرێنیی پێ نەدرایەوە، بەڵکوو لەلایەن دەستمایەدارە چاوچنۆکەکانی تینووی کەڵەکەکردنی سەرمایە‌وە وەکوو هەڕەشەیەک بۆ کەمبوونەوەی دەسەڵات و باندۆری ئەوان لەسەر هەموو پێکهاتەی کۆمەڵگا، لێکدرایەوە، هەر بۆیه بە دنەدان و تەماح وەبەرنانی دەستمایەدارەکان،‌پۆلیس رێپێوانی هێمنانەی کرێکارانی خستە ژێر نیری زۆرداری‌، دڵڕقانە سەرکوتی کرد.

پاش ئەم رووداوە، ئینگلس، ساڵی ١٨٨٩، واتە سێ ساڵ پاش رێپێوانی مەزن و بەربڵاوی کرێکاران لە شاری شیکاگۆ، لە کاتی کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی ئەنتەرناسیۆناڵی دووهەم‌، پێشنیاری کرد رۆژی ١ی ئەیار، بەرانبەر بە ١١ی بانەمەڕ، بکرێتە رۆژی هاوپێوەندیی کرێکاران.

لەو کاتەوە تاکوو ئێستا، لە زۆریەک لە وڵاتانی دونیا، رێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی، بە بەشداریی سەدان هەزار کرێکار بەڕێوە دەچێت. ئەو کرێکارانەی کە بە کار و تێکۆشانی خۆیان پێشکەوتن دێننە ئاراوە و بەردەوامی بە ژیان دەبەخشن.

دیاردەی سەرکوت و چەوسانەوەی هەمە لایەنە، بەداخەوە سەرەڕای پێشکەوتوویی ئامرازەکانی زانست و گواستنەوە ‌و پەرە گرتنی هەرچی خێراتری زانیاری و دەنگ و باسەکان، تاکوو ئەمڕۆش لێرە و لەوێ، لە بوار و شێوازی جۆراوجۆردا دەبیندرێ و بە ئاشکرا بە بەرچاوی مرۆڤایەتییەوە، زۆر جاران روخسارێکی قیزەون و بێزئەستێن بەخۆوە دەگرێ، لە لایەن سیستمە سەرەڕۆ و نادێموکراتیکەکانەوە، بەڕێوە دەچێت.

سیاسەتی چەوسانەوە و ماف پێشلکردنی کرێکاران بە تایبەت لەو کۆمەڵگا و وڵاتانەی ناوەندە پیشەیەکانی کرێکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەستیان ناڕوات و دەور و رۆڵێکی ئەوتۆیان نییە، ئاشکراتر و بەرچاوترە دێتە ئاراوە، دەستمایەدارەکان لەم کۆمەڵگایانەدا، هەوسار پچڕاوانەتەر سیاسەتی کەڵەکەکردنی دەستمایە بەڕێوە دەبن، ئەوان بۆ خۆیان دەسەڵاتدارن و لە پێناوی هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەیاندا، یاسا و رێسا، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و میکانیزمەکانی ئیدارەی وڵات بەچەشنێک دادەمەزرێنن و بەڕێوەی دەبن لە خزمەت بەرهەمهێنانەوەی هێژمۆنی و باڵادەستیی توێژی دەسەڵاتداردا بێت و لەم بارەیەوە تەنانەت ئەو یاسا و پەیماننامە نێونەتەوەیی‌یەکانی بۆ خۆیان دەبێ پاپەند بە بەڕێوەبردنی بن، رەچاو ناکەن.

لە کوردستان، کرێکاران بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و نادێموکڕاتەکان، کە هەرچەشنە تێکۆشانێکی پیشەیان لەگەڵ دژواریی تاقەت پڕووکێن بەرەوڕوو کردووە، لە ستەمی نەتەوایەتیش ئازار دەبینن و لە راستیدا وێڕای نەتەوە ژێردەسەتەکانی دیکە، دووقات ستەمیان لەسەرە، ئەوان هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی دەبێ بۆ دابینبوونی ژیانێکی مرۆڤ‌تەوەرانە تێ بکۆشن، ئەرکی سەرشانیانە بۆ رەوینەوەی ستەمی نەتەوایەتی کە هۆکاری سەرەکیی بەشێکی زۆر لە چارەڕشییەکانی‌زەحمەتکێشانە، خەباتی خۆیان لەگەڵ باقی نەتەوه ژێر ستەمە‌کانی دیکە لە ریزی یەکگرتوودا بۆ پێشەوە بەرن.

لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ وێنە دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران، پەیماننامە نێونەتەوەیی‌یەکانیان واژۆ کردووە، بەوحاڵەش بەپێچەوانەی وەعد و بەڵێنیی خۆیان لەم بەستێنەدا، مافی هاووڵاتییان پێشێل دەکەن و هەرچەشنە بزاوت و جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی و پیشەیی گرێ دەدەنەوە بە دورشمی مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی‌‌، پاشان لەم بازنەیەدا، سووک و ساکار، یان وەکوو گێرە شێوێن و سەرەڕۆ سەرکوتیان دەکەن، یان بە تاوانی گرێدراوبوون بە بێگانە، لە بەندیخانەیان دەپەستـێوون و لە نێویان دەبەن.

بۆ ئەوەی باشتر لە رادەی نایاسایی و سەرەڕۆیی سیاسەتی دەوڵەتەکانی ناوچە لەهەمبەر زەحمەتکێشانی وڵاتەکەیاندا تێبگەین، ئاماژە بە چەند خاڵ و بڕگە لە یاسا نێونەتەوەیی‌یەکاندا دەکەین،‌بۆ ئەوەی دەرفەتێک بێت زۆرتر بە مافەکانمان ئاشنا بین، هاوکات کردار و کردەوەی سەرەڕۆیانەی دەسەڵاتە ناخەڵکییەکان روون‌تر لەقاو بدەین و بە بەرنامەی تۆکمەوە لە دژیان راوەستین.

مافی پێکهێنانی رێکخراوگەلی پیشەیی:

مادەی ٢٣ی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، ئەو ئیزنە بەهەموو کەس دەدات، بۆ بەرگری‌کردن لە مافەکانی خۆی، رێکخراو و کۆمەڵی دڵخواز پێکبێنێ، یان ئەندامی یەکیەتییەکان بێ.

مادەی ٨، پەیمانی نێونەتەوەیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، ئازادی‌ی رێکخراو بوون و مافی رێکخراو دەستنیشان دەکات، هەوەها مادەی ٢٢، سەبارەت بە مافە سیاسی و مەدەنییەکان‌، مافی ئەوەی کە هەمووان کۆمەڵی سەربەخۆیان هەبێ دەستەبەر دەکا‌ و داوا دەکات ئەو مافە بۆ هەموان بە فەرمی بناسرێ.

مافی مانگرتن:

بەندی ١_د، مادەی ٨، لە پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، ئاماژە دەکرێ، دەوڵەتە ئەندامەکان، دەبێ پابەند بن بەوەی، کۆمەڵەکان و ناوەندە جۆراوجۆرەکان مافی مانگرتنیان بۆ مسۆگەر بکرێ.

مافی کەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجێکی باش بۆ کار:

مادەی ٢٣ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەڵێ، هەر کەس کار دەکات، دەبێ مووچەیەکی ئەوتۆی بدرێتێ، سەربەرزانە ژیان و گوزەرانی خۆی و بنەماڵەکەی دابین بکات.

بەندی ئەلف، مادی ٧، مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، لەسەر ئەوە پێداگری دەکات، دەبێ حەقدەستێکی باشیان بدرێتێ، ئەمەش لە خاڵەکانی گرێبەستی ٢٦، ٩٥ و ١٣١دا بە روونی بەرچاو دەکەوێت.

مادەی ٢٣ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، دەڵێ، هەموان بە ژن و پیاوەوە، ئەو مافەیان‌هەیە‌بە بێ هەڵاواردن‌، بۆ کاری وەکوو یەک مافی وەکوو یەکیان هەبێ و مووچەی وەکوو یەکیش وەربگرن.

بەندی ئا ــ ئەلف، مادەی ٧، سەبارەت بە مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لەسەر جێ‌بەجێ‌بوونی ئەو خاڵە پێداگری دەکات.

کاری منداڵان:

مادەی ٢٥ی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، وێڕای پشتیوانی لە مافی کۆمەڵایەتی هەموو منداڵان، لە خاڵەکانی بەندی ٣ مادەی ٩دا، هەموو دەوڵەتانی ئەندام رادەسپێرێ سەرجەم مافەکانی منداڵان دەستەبەر بەکەن.

ئەم خاڵ و بەندانە بە باشی ئەو راستییە نیشان دەدەن، دەسەڵاتە سەرەڕۆکان، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دۆزەخ ئاسایان، تا چ رادەیەک مافی هەمە لایەنەی کۆمەڵانی خەڵک پێشێل دەکەن‌. مافێک کە بۆ وەدەستهێنانی، دەبێ هەموان لە ریزێکی یەکگرتوودا بەگژ هەموو ئەو تانوپۆیانەدا بچینەوە کە ستەم و نابەرابەری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، دینی ... هتد، دێنە گۆرێ و بەرهەمی دێنەوە و دەیپارێزن.

کۆنەپەرستان، بە چڕکردنەوەی ناکۆکی‌لە نێو ئێمەی بێبەش لە شادی و ژیانێکی ئینسانی، بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی هەڵاواردن و دابەشکردنمان بەسەر چین و توێژی جیاجیادا، هەوڵ دەدەن لە خەباتێکی رەوا بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دادپەروەریی هەمە لایەنە، لێکمان هەڵاوێرن‌، ئەرکی ئێمەیە بە هاوپشتی کردنی یەکتر و خەبات لە ریزێکی یەکگرتوودا، ئەم سیاسەتەی نەیارانی دێموکراسی و دادپەروەری ناکام بێلینەوە ‌و بەم هەنگاوەمان خەبات لە دژی سەرەڕۆیی بەگوڕتر و شێلگیرتر بکەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە