کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانیی پێکەنین! (رەحیم رەشیدی)

14:35 - 14 بانەمەڕ 2714

رەحیم رەشیدی
یەکەم یەکشەممەی مانگی مای هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانیی پێکەنینە.

پێکەنین ئەو زمانە نێونەتەوەیی‌یە، ئەگەر بە شێوازێکی دروست‌ و لە جێگای خۆیدا کەڵکی لێوەرگیرێت، وێڕای خولقاندنی شادی، بۆ تەندورستی‌ و لەشساقیی مرۆڤەکانیش بە كەڵکە.

لە راستیدا ئەمڕۆ زۆر یەک لە پزیشکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ چارەسەریی نەخۆشەییە دەروونییەکان لە پێکەنین کەڵک وەردەگرن‌، لە کۆمەڵگای خودا پێداودا، ئەو مرۆڤانەی دەتوانن بە هەڵسوکە‌وت‌، کردار و قسەی خۆش خەڵک بخەنە پێکەنین، رێز و حورمەتیان پارێزراوە و زۆرینەی خەڵک وەکوو ئەکتەر و هونەرمەندی مەزن حیسابیان بۆ دەکەن‌‌ و هونەری بزە خولقێنی ئەو جۆرە کەسانە؛ دەرەتانی ژیان‌ و گوزەرانی خۆشیان بۆ پێکدێنێ‌ و ئەوان لە بەروبوومی هونەرەکەیان دەحەسێنەوە.

لە کۆمەڵگا پاشکەوتوو نابەرانبەرەکاندا، ئەو جۆرە هونەرمەندانە دەکەونە بەر لۆمە و قسەی سووک‌ و کەسایەتییان دەشکێندرێ. هەر بۆیه لای مە‌ کەمتر خەڵک بیر لەو جۆرە هونەرانە دەکاتە کە پێکەنین خولقێنە. ئەمەش دیاردەیەکی خراپ‌ و جێگای داخە.

بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت‌ و سەرپێ‌یی له بەشێک لە‌ پەند و قسە نەستەقەکان، بەو ئاکامە دەگەین، شادی تەنیا بۆ توێژێک کەڵکی هەیە و باشە، بۆ توێژەکەی دیکە خراپ‌ و زیانهێنەرە. لەم بارەوە ئاماژە بە پەندێکی پێشینیان دەتوانێ زۆرتر ئەو ‌راستییەمان بۆ بسەلمێنێت.

\'\'ژنی شەرمن شارێک دێنێ، پیاوی شەرمن بزنێک دێنێ\'\'. ئەم پەندە لە جەوهەری خۆیدا، لە روانگەیەکی پیاوسالارانەوە بۆ پرسی شادی نێوان ژن‌ و پیاو دەڕوانێ‌ و ئەیهەوێت بە دەمکوت کردنی ژنان شارێکی خەیاڵییان پێ ببەخشێ. بە گوێرەی ئەم پەندە، ژنان ئەبێ شەرمێوون بن‌ و کەس نابێ گوێی لە پێکەنین‌ و قاقای ئەوان بێ، نەکوو پێیان بوترێ، روو هەڵماڵدراو و بێ حەیا و نانەجیب. بە گوێرەی لێکدانەوەی ئەم پەندە، ئەگەر ژنان لە حاند هەموو ناخۆشی‌ و نابەرابەریەکدا بێدەنگ بوون‌ و سەریان داخست، ئیدی قورس‌ و سەنگینن، رەنگە بەم جۆرە باشتر لای پیاوان پەسند بکرێن.

ژنان لەم جۆرە کۆمەڵگا و بنەماڵانەدا، لە کاتی شادی‌ و خۆشی‌ و بیستنی قسەی پێکەنین خولقێن، دەبێ سووچی لەچکەکانیان لە زار بنێن، نەوەکوو دەنگیان هەست‌ و هەوەسی پیاوان بجووڵینێ‌ و کۆمەڵگا بەم شێوەیە تووشی گوناح‌ و دیاردەی گەندەڵی کۆمەلایەتی‌ و فەساد بێت.

ئەمڕۆ جیا لەم جۆرە روانگانە، لەو کۆمەڵگایانەی سیستمی کۆنەپەرەستانە بەسەریدا زاڵە‌، هەموو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان‌ بە روانگەیەکی داخرراو و تەسک بونیات نراوە، ئیدی پرسی شادی‌ و پێکەنین پرسێکی قەدەغەیە و هەڵاواردن لە پێناوی پاداشە دوورە دەستەکاندا، لە جەوهەری خۆیدا بۆتە دیاردەیەکی باو و لە پانتایی کۆمەڵگادا رەچاو دەکرێ. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا دەسەڵاتداران بە کەیفی خۆیان کولتووری شادی‌ و بزە قەدەغە دەکەن‌ و وەکوو دیاردەیەکی ناحەزی کۆمەڵایەتی دەیقبڵێنن. لە حالێکدا ئەو کۆمەڵگای پیکەنینی کەمترە، بەختەوەریشی کەمترە.

لێرە دایە، پێکەنین دەتوانێ وەکوو پرسی شادی‌ و خۆشی کە مافی بێ ئەملاو و لای مرۆڤەکانە، رێگایەک بێت بۆ مافویستی‌ و بەربەرەکانێ لە بەرانبەر دژبەرانی پێکەنین‌ و شادیدا. ئەوانەی دەیان هەوێت لە جیهانی دیکە شادی‌، بزە و حۆریمان بۆ دەسبەر بێت.

کورتەیەک لە مێژووی رۆژی جیهانیی پێکەنین:

ساڵی ١٩٩٥ دوکتورێکی هێندی بە ناوی مادان کاتاریا، پێوەندیی نێوان پێکەنین‌ و لەشساقیی مرۆڤی بەبیردا هاتووه، دوای لێکۆڵینەوە بەو ئاکامە گەیشت، پێکەنین لەسەر لەشساغیی مرۆڤ بەگشتی و لە بواری دروونناسیدا بە تایبەتی، دەورێکی کاریگەر دەگێڕێ.

لە هەمان کاتدا، دوکتور مادان کاتاریا، سەری لەوە سوڕ مابوو، زۆرینەی خەڵکی ئەو شارەی ناوبراو لێی دەژی، بزەیان لەسەر لێوان نییە.

ئیدی، دوکتور مادان، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی رۆژی ١٣ی مانگی مارسی ١٩٩٥، بۆ یەکەمین جار بیری لە پێکهێنانی رێکخراوێکی تایبەت بە پێکەنین کردەوە. سێ کاتژمێر دواتر لە مەیدانی شاردا سەبارەت بە ئاکامەکانی پێکەنین قسەی بۆ خەڵک کرد.

رۆژی یەکەم، دوکتور مادان دوای ئەوە لەگەڵ خەڵكێکی زۆر قسەی کرد، توانیی تەنیا سەرەنجی چوار کەس بۆ لای خۆی رابکێشێ. ئەم چەند کەسە لە شوێنێکی پارکی شار دانیشتن‌ و بە گێڕانەوەی قسەی خۆش‌ و نوکتە، پێدەکەنین.

پاش ئەمە، ئەم گرووپە هەموو رۆژێک ١٠ تا ١٥ خولەک‌، لەو پارکەدا کۆ دەبوونەوە و پێدەکەنین، بەم چەشنە رادەی خەڵکەکە رۆژ بە رۆژ پتر دەبوو. بە تێپەڕ بوونی دوو حەوتوو‌، بۆیان دەرکەوت ‌نوکتە و قسە خۆشەکان بەرە و تەواو بوون دەچن، ئیدی وتەگەلی ناحەز، رەگەزپەرەستانە، نازیزستانە و شتی لەو چەشنه،‌ جێگای قسە خۆشەکانی دەگرتەوە. ئەمەش هۆکارێک بوو پێکهێنانی ئاڵۆزی‌ و تووڕەبوونی بەشێک لە بەشدارانی ئەو کۆبوونەوانە.

هەموان لەسەر ئەوەی درێژە بەکارەکەیان بدەن هاوڕا و هاودەنگ بوون، بۆیە دەبا بیریان لە رێگا چارەیەک کردبایەوە بۆ ئەوەی کارەکەیان درێژە بدەن، بەبێ ئەوەی ناخۆشی بێتە ئاراوە.

باشترین رێگا بۆ دەرچوون لەو بارودۆخە ئەوە بوو لە گرووپی گەورەتردا کۆ ببنەوە، دەیانزانی کاتێک خەڵكەکە زۆرتر بێ، سەیری ناوچاوی یەکتری دەکەن، پێکەنین دەیانگرێ و بەم شێوەیە هەموو دەکەونە‌ پێکەنین.

ئەو جار خەڵكەکە‌ کۆ دەبوونەوە، دەستەکانیان بەرە و‌ ئاسمان بەرز دەکردەوە، نەفەسێکی قوڵیان هەڵدەکێشا، هەناسەکانیان لە سییەکانیاندا رادەگرت، دوای تاوێک بە لەسەرەخۆیی هەناسەکانیان دەدا دەرەوە. ئینجا هەموو پێکەوە دەستیان دەکرد بە: هاهاها هی هی هی هووهوو، ئەوان بۆ ئەوەی پێبکەنن، بەرە بەرە درێژەیان بەم شیوازەدا. دوکتور مادان ئەم رێبازەی‌، لە یارییەکی “یۆگا وەرگرتبوو.

دوکتور مادان لەگەڵ چەند کەس‌ دەستیان بە پێکەنین کرد، ئێستا زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس هەموو بەیانییەک بۆ لەش ساغی خۆیان پێدەکەنن.

تاکوو ئێستا، تەنیا لە وڵاتی هێند، زیاتر لە ٨٠٠ رێکخراوی پێکەنین پێک هاتووە. لە ئەمریکا پتر لە ٥٠ رێکخراوی هاوچەشن هەیە.

لە وڵاتانی ئەمریکا و بریتانیا، بەش‌ و کلینیکی تایبەتی پێکەنین هەیە، بەڵام لەو جۆرە شوێنانەدا تەنیا بە فیلمی کۆمێدی‌ و جۆکی خۆش‌ و کلاون (دەلوو) نەخۆشەکانیان چارەسەر دەکەن.

راستیتان دەوێ، زۆر باس لەوە دەکەن، پێکەنین بۆ لەشساغی‌ و تەندروستی باشە‌ و خەم رەوێنە. تەنانەت ئەمە لە باری زانستییەوە مسۆگەر کراوە. بەڵام من بیر لەم پەندە کوردییەش دەکەمەوە: ئەوەی دەگری دەردێکی هەیە، ئەوەی پێدەکەنێ هەزار دەردی هەیە.

ئەگەر هەزار دەردیشمان هەبێت، ساتەکانی پێکەنین ئەوندە شیرین‌ و شادی‌هێنەرن کە سەرجەم دەردەکان لە بیر دەبەنەوە. کەواتە پێبکەنە بۆ ئەوەی هەر ئاوا گەنج‌ و بە کەیف بیت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە