کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانیی دایک‌و ئەرکەکانمان! (رەحیم رەشیدی)

16:33 - 21 بانەمەڕ 2714

رەحیم رەشیدی

دووهەمین یەکشەممەی مانگی مای هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانیی دایکە. رێزگرتن لە دایک‌و دەربڕینی ئەمەگناسی بەرانبەر بە گەورەیی دایک، لە کۆمەڵگا و وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا، لە کۆنەوە بەڕێوەچووە‌و وەکوو نەریتێک باو بووە.

ئەوەندەی زانیارییەکان پێمان دەڵێن، ئەم یادە لە یۆنانی کۆندا لە نێوەڕاستی مانگی مایدا، جێژنێکی گەورە بۆ رێزلێنان لە خودای باروەری، هەروەها لە رئا دایکی ژئوس، خوای خوداکان پێکهاتووە.

لە وڵاتی بریتانیا، یەکەمین جێژنی رۆژی دایک، یان یەکشەممەی دایک، (Mothering Sunday)، بۆ رێزگرتن لە کەنیسە وەکوو دایکی دین، لەلایەن شا هنری سێهەم لە ساڵەکانی ١٢١٦ ــ ١٢٣٩ی زایینی، بەڕێوەچووە. ناوبراو سێهەمین یەکشەمەی مانگی مارس، واتە کۆتایی وەرزی زستان‌و سەرەتای وەرزی بەهاری، بۆ ئەو جێژنە دیاری کردووە. بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمانە، تاکوو دەورانی رێنسانس لە ئورووپا بەردەوام بووه.

لەم رۆژانەدا تەنانەت کڵفەت‌و خزمەتکارەکان، نەدەچوونە سەرکارەکانیان، ئەوان شیرینیی تایبەتیان ساز دەکرد و سەردانی دایکیانیان دەکرد، تاکوو بەو چەشنە رێز لە کار و کوێرەوەریی دایکەکانیان بگرن.

لەو سەروبەندەدا، لە تورینگینی ئاڵمانیش یەکشەممەی دایک بەڕێوەچووە، منداڵەکان بە سازکردنی شیرینی‌و چێشتی خۆش، میوانداری دایک‌و بابیان دەکرد‌و رێز و ئەمەگناسی خۆیان بۆ دایک نیشان داوە.

لە نێوچەی شامپانی وڵاتی فەڕانسە، هەروەها والونین لە بلژیک، رێوڕەسمی هاوچەشن بەڕێوە دەچوون.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، پاش ساڵی ١٦٤٤ی زایینی، ئەم جۆرە رێوڕەسمانە بە بێ دەستتێوەردانی کەنیسە، بەڕێوە دەچوون‌، خزم‌و کەس و کار لە دەوری یەکتر کۆ دەبونەوە‌و دایکان رێزیان لێ نراوە.

کورتەیەک لە مێژووی رۆژی جیهانیی دایک

بۆ یەکەمین جار، خاتوو جولیا وارد هووە (Julia Ward Howe)، ١٨١٩_ ١٩١٠ شاعیر، نووسەر و یاساناسی ئەمریکایی، کە شەڕە نێوخۆیی‌یەکانی ئەمریکا، هەروەها شەڕی ئاڵمان‌و فەڕانسە شوێنی خراپی لەسەر دانابوو، پێشنیاری کرد، رۆژێک وەکوو رۆژی دایک دیاری بکرێ. خاتوو جولیا وەکوو خەباتگێڕێکی ئاشتیخواز هەوڵی دەدا، ژنان وەکوو قوربانییانی سەرەکیی شەڕ، رۆڵێکی مەزن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی‌و سەقامگیریی ئاشتی بگێڕن. لەم رۆژەدا زۆرتر دایکی ئەو سەربازە کوژراوانە لە دەوری یەکتر کۆ دەبوونەوە کەلە شەڕی نێوخۆیی ئەمریکادا گیانیان لە دەست دابوو.

پاش ناوبراو، خاتوو ئاننا جارویس (Anna Jarvis)، لە ساڵی ١٨٧٢، لەسەر بنەمای هەمان بیرۆکەی خاتوو جولیا، لە دووهەمین یەکشەممەی مانگی مای ساڵی ١٩٠٨ی زایینی، بە ئامانجی رێز لێنان لە رۆلی دایکی، لە ژیانی ناوبراودا، لە رێوڕەسمێکی ئایینیدا، ئەو رۆژەی جێژن گرت. ئەو ژنە پاش رێوڕەسمەکە کارێکی بەربڵاوی تەبلیغیی بەڕێخست.

ئاننا جارویسی دایک، لە نێوان ساڵەکانی (١٨٣٢_١٩٠٥)، وەکوو ژنێکی زەحمەتکێشی کابان‌، هەروەها هەڵسووڕی کاروباری کۆمەڵایەتی حەوڵێکی زۆری لە خۆی نیشان دا تاکوو لایەنی پاک‌و خاوێنی‌و بێهداشت بۆ رزگارکردنی منداڵان لە مردن پەرە پێ بدات.

ئاننا جارویس، بۆ خۆی ١١ منداڵی بە دونیا هێنابوو کە تەنیا ٤ دانەیان لە ژیاندا مان. ناوبراو بە وتاردان‌و رێکخستنی ئافرەتان بە مەبەستی پێشکەوتن لە بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا، چالاکی خۆی لەم بوارەدا بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دەست پێ کرد.

ئەو لە ساڵی ١٨٥٨دا، رۆژی کاری دایکانی دامەزراند و بە رێخستنی ژنان، خەباتی کرد بۆ ئەوەی‌هەموان بیرۆکەی کاری بە کۆمەڵ گەشە پێ بدەن‌و بە بەرەو ژووربردنی زانیارییەکانی خۆیان، ژیانی منداڵان لە نەخۆشی‌و مەرگ لەو سەردەمەدا، رزگار بکەن.
کارێکی دیکەی ئەو ژنە خەباتگێڕە، ئەوە بوو، پاش کۆتایی شەڕە نێوخۆیی‌یەکانی ئەمریکا، هەوڵی دەدا بە کۆکردنەوەی دایکان لە دەوری یەکتر، وێڕای بەهێزکردنی هاودڵی‌و هاوپێوەندی لە نێو وان‌دا، تێ دەکۆشا بەم چەشنە، دۆستایەتی‌و خۆشەویستی لە نێوان سەربازەکانیش پەرە پێ بدات، تاکوو بەم جۆرە ئاشتیی نەتەوەیی هەرچی زۆرتر بەهێز بێت‌و پەرە بستێنێ.

رۆژی ٩ی مانگی مای ساڵی ١٩٠٥، ئاننا جارویس ماڵئاوایی لە ژیان کرد‌و کچی ناوبراو کە ئەویش هەر ناوی ئاننا بوو، خەباتی خۆی دەست پێکرد. (١٨٦٨_١٩٤٨)، ناوبراو بە نووسینی نامە بۆ یاسادانەرانی ئەمریکایی، داوای کرد، رۆژێک وەکوو رۆژی دایک دیاری بکرێ. ئاننا بۆ یەکەمین جار رۆژی ١٠ مانگی مای ١٩٠٨، لەو شارەی کە دایکی رۆژانی یەکشەممە لە کەنیسە وانەی دەوتەوە، رۆژی دایکی لە رێوڕەسمێکدا رێز لێ گرت. ئەمە وای کرد، تاکوو ساڵی ١٩١٢، ٤٥ ویلایەتی ئەمریکا، ئەم رۆژەیان وەکوو رۆژی دایک بە فەرمی ‌ناسی.

کار گەیشتە جێگایەک، ویلسۆن، سەرکۆماری ئەو کاتی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩١٤دا، رۆژی دایکی لە سەرانسەری ئەمریکا، وەکوو رۆژی نەتەوەیی راگەیاند.

ئەم رووداوە بوە هۆکارێکی گەورە بۆ ئەوەی ناردنی کارتی پیرۆزبایی‌بە بۆنەی رۆژی دایک، برەو پەیدا بکات. لەم نێوەدا گوڵـفرۆشەکان، داهاتێکی زۆریان وەسەر یەک دەنا‌؛ ئەوان لەو سەروبەندەدا نرخی گوڵەکانیان زۆرتر دەکرد. ئەمە وای لە خاتوو ئاننا جارویس کرد بە شێوەیەکی یاسایی دژی دیاری کردنی رۆژی دایک بوەستێتەوە. بەڵام سەرکەوتنێکی لەم بوارەدا وەدەست نەهێنا.

ناوبراو بۆ بەربەست کردنی بەڕێوە نەچوونی رێوڕەسمەکانی رۆژی دایک‌، لەم رۆژانەدا کارگەلێکی کردن کە بە هۆیانەوە کەوتە بەندیخانە. ئاننا ماوەیەکی کورت بەر لە مردنی لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی، بە هەواڵنێرانی وت: بریا رۆژی دایکم پێک نەهێنابا\'\'.

لە راستیدا ئێستا لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا، شوێنەکانی تەلەفوون کردن، رێستۆران‌و گوڵـفرۆشییەکان، لە رۆژی جیهانی دایکدا، بە هۆی فرۆشی زۆرەوە، زۆرتریین داهات بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن.

رۆژی دایک لە ساڵی ١٩٢٣دا لە وڵاتی ئاڵمان، جێژن گیرا‌. تەنانەت لە ساڵی ١٩٣٣دا، نازییەکان‌، رۆژی جیهانی دایکیان وەکوو پشووی گشتی راگەیاند.

پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، رێوڕەسمەکانی رۆژی دایک لە سەرانسەری ئورووپا بەڕێوەچوو. لەم رۆژەدا بە پێشکەشـکردنی گوڵ‌و دیاریی تایبەت، رێز لە دایکەکان دەنرا. ئێستا رۆژی جیهانی دایک، لە بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی، لە ئوستوراڵیا و ئەمریکا رێزی لێ دەگیردرێ.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەو راستییە کە کۆمەڵگای کوردستان، بە درێژای مێژوو، لە لایەن هێزە دژبەرەکانی ئازادی‌و مرۆڤ دۆستییەوە، ساڵانێکی دوور و درێژە شەڕی بەسەردا سەپاوە‌، سیاسەتی کوشتن‌و بڕین بە پانەوە لە دژی هەموو زیندەوەرەکانی کۆمەڵی کوردستان بەڕێوە دەچێ، دایکان لەم بەستێنەدا زۆر زیانیان پێگەیوەوە و پێ دەگات.

رۆڵەکانیان ئێعدام‌و زیندانی دەکرێن، مێردەکانیان شەهید دەبن، سەڕەرای هەموو ئەمانە، بەشێکیان راستەوخۆ لە خەبات‌و ژیانی پێشمەرگانەدا بەشدار بوون‌و بەشدار دەبن‌و کۆڵیان نەداوە...

سەرەڕای هەموو ئەم سەختییانە، دایکانی کورد هەرگیز ڕۆڵی دایکایاتی خۆیان، کە بریتییە لە سۆز، مێهرەبانی، خۆشەویستی‌بنەماڵە‌و وڵات، هەست کردن بە بەرپرسایەتی لە ئاست چارەنووسی جگەرگۆشەکانیان‌و تێکۆشان بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی رووناک بۆیان، غافڵ نەبوون‌و نابن. کەوایە دایکان مافی بێ ئەملاولای خۆیانە جیا له هەموو‌رۆژەکانی دیکە، ئەبێ لە رۆژی جیهانی دایکدا رێزی تایبەتییان لێ بگیرێ‌‌و فیداکاری‌و خەباتیان نرخی بۆ دابندرێ.

ئەم رێزلێنانە لەم سۆنگەیەشەوە دەکرێ شیاوی ئاوڕ لێ دانەوە بێ، کۆمەڵی کوردەواری بە هۆی سیاسەتی زاڵی داگیرکەران‌، زاڵکردنی قەیدوبەندی کۆنەپەرستانە و  ناسەردەمییانە، جیا لەوەی بەردەوام هەوڵیان داوە ژنان لە بازنەی تێکۆشانی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی دوور خەنەوە، بەداخەوە ئەم سیاسەتە هەتا رادەیەک لە نێو ئێمە و مامانیشدا رەنگی داوەتەوە، ئەوەتا لە هەندێک نێوچە و دەڤەری جیا جیا بە خەستوخۆڵی هەستی پێ دەکرێ.

ئەم دیاردە‌بۆ خەڵکی کورد بە گشتی، خەباتگێڕانی رێگای ئازادی بە تایبەتی کە ساڵانێکی دوور و درێژ دژی نیزامی نابەرانبەر و چەوسێنەر تێکۆشاون‌‌و تێدەکۆشن، بۆ بەدیهێنانی ئازادی‌و دێموکراسی فیداکاریان کردووە و لەم رێرەوەدا کوێرەوەری زۆریان دیوە، شایان نییە ئیزن بدەن‌دایکان‌و ژنانی کوردستان بە هیچ بیانوویەک زوڵمیان لێ بکرێ‌و مافی رەوایان بە بیانوگەلی پیاومەزنانە‌و کۆنەپەرستانە پێشێل بکرێ.

ژنان‌و دایکانی هێژای کوردستان، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانیان، ئەبێ بە یەکگرتوویی‌و هێزێکی زۆرەوە لە مەیداندا بن‌؛ لەوەش دڵنیا بن‌تاکوو هێز نەبن‌و وزەکانیان وەسەر یەک نەخەن، ناتوانن وەکوو پێویست بەرەوڕووی دابونەریتە پاشکەوتووەکانی کۆمەڵگا ببنەوە. ئەو دابونەریتانەی لە هەموو سەردەمێکدا لە بەرهەمهێنانەوەی کولتووری پیاوسالاری‌و هێژموونیی پیاودا، لە کۆمەڵ‌و خێزان‌دا دەور دبینێ‌‌، بەداخەوە زۆر جار ئافرەتان بۆ خۆیان بواری بۆ دەرخسێنن و لە ئاست نابەرانبەری‌ و ماف پێشێلکاریان دا، وەکوو پێویست دەنگی ناڕەزایەتیی هەڵنابڕن.

لە راستیدا، ژنان بەو بێ دەنگییە لە ئاست پێشێلکارییەکانی مافەکانی خۆیاندا، جیا لە پێشلکردنی مافەکانیان، ستەمێکیش لە تەواویەتی ئەو خەباتە دەکەن‌؛ کەلە پانتایی کۆمەڵگادا لەلایەن هەموو یەکسانی خوازانەوە بۆ ئازادی‌، دێموکراسی‌‌و پێکهێنانی کۆمەڵیکی یەکسان‌و بەرانبەر لە ئارادایە...

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە