کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی قسەکانی مستەفا هیجری لە پارلمانی سویس

17:03 - 15 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە پارلمانی سویس وتارێکی پێشکەش کرد.

دەقی وتارەکە بەم چەشنەیە:

چ داهاتوویەک بۆ نەتەوەکان پاش هاتنی رۆحانی؟
بەڕێزان!
کۆماری ئیسلامی رێژیمێکی ئیدئۆلۆژیک بە بیر و باوەڕی دواکەوتوانەیە ‌و هەموو دیاردەکانی جیهان لە چوارچێوەی ئەم ئیدئۆلۆژییەدا دەبینێ‌ ‌و هەڵدەسنگێنێ‌. لەبەر ئەوەی ئەم ئیدئۆلۆژییەش پێوەندی دراوەتەوە بە خودا، نەگۆڕە.

ئایینی ئیسلام جەوهەر ‌و رۆحی ئەو ئیدئۆلۆژییە پێک دێنێ‌، ئیسلامێک بەو پێناسە ‌و تەفسیرەی کە رێبەرانی ئایینیی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران هەیانە، یانی ئایینی شیعەی ولایەت فەقیهی.

لەو ئیدئۆلۆژییەدا نەتەوە بەو پێناسانەی کە ئەمڕۆ لە دنیادا ناسراوە، یان لە ئێراندا نەتەوەکان خۆیان پێ‌ دەناسێنن جێگایەکی بۆ دیاری نەکراوە، بەڵکوو هەموویان ئومەتی ئیسلام پێک دێنن ‌و ئەرکی ئایینییانە کەلە راستای بردنە پێشی رێنوێنی ‌و تەعلیماتەکانی ئیسلامدا بە شێوەی یەکگرتوو تێبکۆشن.

بەپێی ئەو رێنوێنییانە ئەو تاک ‌و گرووپانەی لە ئێراندا بە هێنانە بەرباسی نەتەوە داوای ماف دەکەن لە رێنوێنییەکانی ئیسلام لایان داوە، چوونکە داواکانیان دەبنە هۆی کێشە ‌و دووبەرەکێ لە نێو ئومەتی ئیسلامیدا ‌و شایانی سزادانن. تۆمەتبارکردنی حیزب ‌و چالاکانی بواری مافخوازانی نەتەوەکانی ئێرانی بە دژی شۆڕش، بەکرێگیراویی دوژمنانی ئیسلام وەک ئیسراییل ‌و ئەمریکا، جیاییخواز ‌و لە ئاکامدا حوکمی سزادانی قورسیان وەکوو ئیعدام ‌و زیندانیی درێژخایەن لەو چوارچێوەدا بەڕێوە دەچێ.

لەو حکوومەتەدا جێگوڕکێی مۆرەکانی رێژیم وەک سەرکۆمار ناتوانێ‌ ئاڵوگۆڕێک لەو بیر ‌و بۆچوونەدا پێک بێنێ‌، بە شێوەیەک کە بە کردەوە ببێتە هۆی بە ڕەسمی ناسینی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران ‌و دابینکردنی مافەکانیان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆی سەرەکی:

١ ــ ئەو کەسەی وەک سەرکۆمار دیاری دەکرێ‌ هەمیشە یەکێک لە مۆرە ناسراوەکانی وەفادار بە رێژیم ‌و بیر و باوەڕەکەیەتی ‌و جیا لە رێژیم نییە، بۆیە وەک ئەرکێکی ئایینی ‌و ئیداری ئەو رێنوێنی ‌و سیاسەتانە پێڕەو دەکا کە رێبەری ئایینیی رێژیم پێی دەسپێرێ.

٢ ــ ئەگەر وا دابنێین کە ئەو کەسە هێندێک بیر ‌و بۆچوونی جیاوازیشی هەبێ‌ ئەو دەسەڵاتەی پێ نەدراوە کە بۆ خۆی لە راستای ئەو سیاسەت و رێنوێنییانەدا هەنگاو بنێ کە جیاواز بێ‌ لەگەڵ ئەو تەعلیماتەی کە پێی دراوە.

بۆیە هیوابەستن بەوەی کە بە هاتنی رۆحانی، یان کەسانێکی دیکە لەو حکوومەتەدا ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی سەبارەت بەو پرسە لە ماوەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا بە بێ زەختێکی بەهێز تەنیا تەوەهومێکە ‌و لەسەر هیچ بنچینەیەکی لۆژیکی بنیات نەنراوە.

بەڵام رێژیم لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا بۆ پێکهێنانی گومان ‌و فریودانی رای گشتی هەر کاتێک بە پێویستی بزانێ‌، بە رواڵەت هێندێک باس لە چوارچێوەی ماف ‌و داخوازی نەتەوەکان دەوروژێنی وەک ئەوەی لە ماددەی ١٥ی یاسای بنچینەییدا مافی فێرکردنی زمانە نەتەوەیییەکان بە رەسمی هاتووە، بەڵام لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵ دەسەڵاتداریی خۆیدا هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێ‌ کردنی ئەو ماددەیە هەڵنەهێناوەتەوە، یان رۆحانی لە سەردەمی کاندیداتۆرییەکەیدا بۆ سەرکۆماری، چەند بەڵێنێکی لەم پێوەندییەدا بە مەبەستی راکێشانی سرنجی نەتەوەکان بڵاو کردەوە و عەلی یوونسی وەزیرێکی پێشووی ئیتلاعاتی وەک یاریدەدەری خۆی بۆ کار‌وباری نەتەوەکان ‌و کەمایەتییە ئایینییەکان دیاری کرد، بەڵام بە کردەوە نەک هەر هەنگاوێکی لە راستای مافی نەتەوەکان ‌و لابردنی جیاوازییە ئایینییەکان لە ئێراندا هەڵنەگرتووە، بەڵکوو لە کاتی هاتنە سەر کاری ناوبراوەوە مافخوازانی نەتەوە ‌و ئایینە جیاوازەکان لە ئێراندا کەوتوونەتە ژێر زەخت ‌و گوشاری زیاترەوە.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە بەم لێکدانەوەیە رێگاچارەی گەیشتن بە مافی یەکسانی ‌و ئازادیی نەتەوەکانی ئێران چییە؟

وەڵامی ئێمە گوشارهێنانی نەتەوە زوڵملێکراوەکان ‌و هەموو ئازادیخوازانی ئێران بە یەکگرتوویی بۆسەر رێژیم لە نێوخۆ ‌و پشتیوانی نێونەتەوەیی لە دەرەوەیە، گوشارێک کە رێژیم بخاتە نیگەرانیی رووخان، چونکە بە چۆکداهاتنی رێژیم لە بەرامبەر سەپاندنی گەمارۆی ئابووری لەلایەن رۆژئاواو و ملکەچ کردنی بۆ داخوازییەکانیان سەبارەت بە پیتاندنی ئۆرانیۆم ئەو کاتەی بە ئاکام گەیشت کە درێژەدانی گەمارۆکان، ئابووریی وڵاتی گەیاندە هەڵومەرجێکی وەها خراپ کە رێژیم بۆی دەرکەوت کە لەوە زیاتر بەرگە ناگرێ‌ ‌و ئابوورییەکەی بەرە‌و داڕمانی خێرا دەچێ‌ ‌و لە‌و حاڵەتەدا مەترسیی رووخانی رێژیم بەدی دەکرێ.

بێگومان بۆ پێشگرتن بە پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان ‌و ئازادیی خەڵک، هەروەها هەموو کردەوە تیرۆریستی ‌و ترسهێنەرەکانی رێژیم لە ناوچەش پێکهێنانی زەختێکی نێوخۆ ‌و دەرەوەی لەم چەشنە پێویستە، لەو پێوەندییەدا وڵاتی سویس وەک وڵاتێکی بێلایەن کە رۆڵێکی نێونەتەوەیی گرینگ دەبینێ‌ لە چارەسەری کێشە نێونەتەوەیییەکاندا، دەتوانێ‌ لە راستای چارەسەریی پرسی نەتەوەکانی ئێران دەورێکی ئەرێنی بگێڕێ‌، وەک نموونەیەک پێکهێنانی کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی بۆ باس کردن لەسەر ئەم پرسە لە لایەن وەزارەتی کار‌وباری دەرەوەی وڵاتی سویس، بە تایبەت کە ئەم وڵاتە ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە لە چارەسەریی پرسی نەتەوە جیاوازەکان کە پێکهاتەی حەشیمەتی سویس پێک دێنن، لە رێگای بەڕێوەبردنی شێوەیەک لە فیدراڵیزم کە توانیویەتی مافی یەکسان بۆ هەموو لایەنەکان دابین بکات.

لە کۆتایی قسەکانمدا بە پێویستی دەزانم سپاسی گەرمی خۆم پێشکەش بە بەڕێز کارلۆ سوومارۆگا، سەرۆکی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی سویس ‌و هاوسەرۆکی گرووپی پارلمانتارانی سویسی دۆستی کورد ‌و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ\'\' بکەم کە زەحمەتی پێکهێنانی ئەم پانێلەیان کێشاوە.

سوپاس بۆ ئێوە هاوڕێیانی بەشدار لەم سمینارەدا