کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری شاندی حیزبی دێموکرات لە ساڵیادی دامەزراندنی \" پارتی دێموکراتی پێشکەوتن‌خوازی کورد لە سووریه\"

16:52 - 24 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ٥٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی پێشکەوتن‌خوازی کورد لە سووریه بەشداریی کرد.

به پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە لە ٥٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی پێشکەوتن‌خوازی کورد لە سووریه بەشداریی کرد.

رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی پێشکەوتة‌خوازی کورد لە سووریه، لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو و لە رێوڕەسمەدا شاندی حیزبی دێموکراتی پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە کرد.

دەقی پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لەو رێوڕەسمەدا پێشکەش کرا، بەم چەشنەیە:

بەڕێز/ مەكتەبی سیاسی حیزبی دێموكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی لە سووریا

خۆشك‌و برایانی هێژا !
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ٥٧ـەمین ساڵڤەگەری دامەزراندنی حیزبە تێكۆشەرەكەتان گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشكەش بە تێكۆشەری دێرینی گەلەكەمان كاك حەمید دەرویش سكرتێری گشتی حیزبەكەتان‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و ئەندامان‌و جەماوەری حیزبی دێموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سووریا دەكا‌و هیوادارین گەلی كورد لە سووریە لە سێبەری یەكیەتی‌و یەكڕیزی پارتە سیاسیەكانی رۆژئاوای كوردستان بە مافە سیاسی‌و نەتەویییەكانی بگات.

هەڤاڵانی هێژا !
حیزبە تێكۆشەرەكەتان زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆڕەپانی سیاسی بزووتنەوەی مافخوازی ‌و نەتەوەیی كورد لە سووریە رۆڵی مێژوویی خۆی دەگێڕی‌و بووەتە یەكێك لە حیزبە ناسراوەكانی رۆژئاوای كوردستان، لەم بار‌ودۆخە هەستیارە كە لە رۆژئاوای كوردستان لە ئارادایە توانیوتانە بە گرتنە بەری سیاسەت‌و رێبازێكی ئەو رۆیانە بۆ گەیشتن بە یەك گوتاری‌و خەباتی هاوبەش لەگەڵ تێكۆشەرانی كورد لە سووریە هەنگاوی كاریگەر هەڵگرن. ‌و پاراستنی دەسكەوتەكانی كورد لەو بەشەی كوردستان بكەنە بنەمای سیاسیتان، ئەم سیاسەتەی حیزبەكەتان بێگومان شوێندانەری ئەرێنی لە بەرەوپیش‌چوونی رەوتی رووداوەكان لە سووریە‌و رۆژئاوای كوردستاندا دادەنێت.

بەڕێزان!
دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران جارێكیتر ٥٧ـەمین ساڵڤەگەری دامەزرانی حیزبەكەتان پێرۆزبایی لێ دەكا‌و ئاواتی پێشكەوتنی زیاترتان بۆ بە ئاوات دەخوازێ‌و لەم بۆنە سیاسییەشدا لەسەر پێوەندی دۆستانە ‌و دێرینی هەر دوو لامان جەخت دەكاتەوە.
بەرز‌وپیرۆز بێ ٥٧ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سووریە.

بەسپاسەوە
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی