کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور قاسملوو، رێبەرێکی کاریزما و سیاسەتمەدارێکی ئاشتیخواز (هیوا ئەحمەدی)

18:18 - 15 پووشپەڕ 2714

هیوا ئەحمەدی

سەرەتا کورتەیەک له ژیانی دوکتور قاسملوو
دوکتور قاسملوو، شەوی یەلدای ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی واته دیسامبری ١٩٣٠ی زایینی له بنەماڵەیەکی خاوەن مڵک و دەستڕۆیشتووی شاری \'\'ورمێ\'\'ی رۆژهەڵاتی کوردستان له دایک بوو. باوکی مەمەد ئاغای قاسملوو، مالیکی (بەگ و خاوەن مڵک) گوندی قاسملوو و پیاوێکی بەناو بانگ بوو. هۆز و عەشیرەتەکانی دەوروبەری رێزێکی تایبەتیان لێدەگرت و زۆربەی کێشه کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لای ئەو چارەسەر دەکرد.

دوکتور قاسملوو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی له شاری ورمێ تەواو کرد و بۆ درێژەدان به خوێندن واته قۆناغی دواناوەندی رووی له تاران کرد. ناوبراو له منداڵییەوه دەگەڵ پرسه سیاسییەکان تێکەڵ بوو. خۆی لەو بوارەوه له کتێبی چل ساڵ خەبات له پێناوی ئازادیدا له باسی سەفەری سی کەس له کوردەکان بۆ باکوو لەسەر داوای رەسمیی شوورەوی دەنووسێ: ھەر چەند ئەو کاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەک زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی راکێشا بووم. بابم یەکێک لە ئەندامانی ئەو ھەیئەتە بوو. زۆر باشم لە بیرە کەلە باکوو ھاتەوە چەندین تاقەندی لەگەڵ خۆی ھێنابوو، تاپڕێکی باشیشی پێ بوو. وا دیارە سۆڤیەتییەکان قەند‌و تفەنگ‌و شتی دیکەیان بە دیاری دابوو بە ھەموو ئەندامانی ھەیئەتەکه. بە تایبەتی قەند زۆر بە نرخ بوو. چونکە زۆر کەم و گران بوو. من ئەو کارەم زۆر پێ سەیر بوو، چونکە لە ماڵی ئێمە براکانم و ئامۆزاکانم لە من گەورەتر بوون، باسی ئەوەیان دەکرد کە بابم لەگەڵ چەند کەسی دیکە چوون بۆ باکوو ماف و ئازادیی کوردان داوا بکەن. بۆیە راست‌و رەوان لە بابم پرسی: ئەدی مافی کوردان چی لـێھات؟\'\'
\'\'چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی، چاپی دووھەم، ١٣٦٧ لاپەری ٦٢ـ ٦١\'\'

دوکتور قاسملوو به دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات له شاری ورمێ له ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، تێکۆشانی سیاسیی خۆی دەست پێکرد. ساڵی دواتر واته ١٣٢٥ی هەتاوی ( ١٩٤٦) پاش رووخانی کۆماری کوردستان له مەهاباد، بۆ خوێندن چووه تاران و لەوێشەوه ساڵی ١٣٢٧ بۆ درێژەی خوێندن رووی کرده وڵاتی فەڕانسه و له شاری پاریس نیشتەجێ بوو. هەر ئەو ساڵه له زانستگای تاران لەلایەن خوێندکارانی ئەو زانستگایه تەقه له شای ئێران کرا. بەو بۆنەوه کۆبوونەوەیەکی خێرا له نێوان خوێندکاره ئێرانییەکان له پاریس پێکهات که دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەو کۆبوونەوەیەدا به درێژی له دژی شای ئێران و رێژیمەکەی قسەی کرد. ئەو کاره بوو به هۆی گوشاری باڵوێزی ئێران و تەنانەت حکوومەتی فەڕانسه بۆسەر دوکتور قاسملوو و له ئاکامدا له پاریس دەر کرا. لەو کاتەدا له رێگەی بوورسیەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی خوێندکارانەوه رووی کرده پراگ پایتەختی وڵاتی چێکوسلۆڤاکی و لەوێ له رشتەی ئیقتسادی سیاسی درێژەی به خوێندن دا.

ساڵی ١٣٣٠ هەتاوی، بوو به نوێنەری خوێندکارانی ئێران و هەر ئەو ساڵه له کۆنفڕانسی دووهەمی فیدراسیۆنی جیهانی لاوان له شاری بوداپێست پایتەختی مەجارستان واته هەنگاری بەشدار بوو.

ساڵی ١٣٣١ لە سەردەمی حکوومەتی میللیی دوکتور موسەدیقدا پاش ئەوەی له پراگ لیسانس واته باچلۆری یا باکالۆریی زانسته کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وەرگرت، گەڕایەوه ئێران که ئەو کات حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڵ حیزبی توودەی ئێران هاوپێوەندیی تەشکیلاتی هەبوو. به جۆرێک که حیزبی دێموکرات به تەواوەتی له ژێر کاریگەری حیزبی توودەی ئێراندا بوو. لەو هەلومەرجەدا دوکتور قاسملوو پاش نیوه ‌ساڵێک تێکۆشان له تاران گەڕایەوه مەهاباد و بەرپرسایەتیی کاروباری حیزبی وەئەستۆ گرت.

پاش کوودەتای شوومی ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٣٢ ناچار بوو بە تەواوی خۆی بشارێتەوە‌و بە نھێنی لە تاران و لە کوردستان خەریکی کاری حیزبی بێت. لەو ماوەیەدا دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سەرپەرستیی رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی وەئەستۆ گرتبوو که ئەوکات تەنیا پێنج ژمارەی به نهێنی لێ‌چاپ کرابوو.

ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی (١٩٥٧) پاش پێنج ساڵ تێکۆشانی سیاسی له ئێران و کوردستان، جارێکی دیکه گەڕایەوه چێکوسلۆڤاکی و ساڵێک دواتر واته ساڵی ١٣٣٧ ( ١٩٥٨) پاش سەرکەوتنی شۆڕشی عێراق و بووژانەوەی بزووتنەوەی کورد له کوردستانی عێراق گەڕایەوه عێراق و به هاوکاری چەند ئەندامی لێهاتووی دیکەی حیزب، هەوڵی وەجووڵە خستنەوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتیاندا، دوو ساڵ دواتر واته ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی به فەرمانی حکوومەتی عێراق، دوکتور قاسملوو له عێراق دەر کرا و دیسان گەڕایەوه وڵاتی چێکوسلۆڤاکی. لەوێ درێژەی به خوێندن دا و ساڵێ ١٣٤١ی هەتاوی واته ١٩٦٢ی زایینی له زانستگەی پراگ دوکتۆرای زانستی ئابووریی سیاسیی وەرگرت و هەتا ساڵی ١٣٤٩ لەو زانستگەیه دەرسی ئابووریی سەرمایەداری و سوسیالیستی و تیۆری گەشەی ئابووریی گوتەوه.

ساڵی ١٣٤٩ پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی مارس و رێککەوتنی نێوان رێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد له کوردستانی عێراق و دەوڵەتی ئەو وڵاتە، ھەل و دەرفەتی تێکۆشانی سیاسی له کوردستان زیاتر بوو. لەو کاتەدا دوکتور قاسملوو له ئورووپاوه گەڕایەوه کوردستان و له کۆنفڕانسی سێهەمی حیزبی دێموکڕاتدا که ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی گیرا بەشداریی کرد. لەو کۆنفڕانسەدا به ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشانیش به سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەڵبژێردرا. لەو کاتەوه تا کاتی شەهید بوونی وەک سکرتێر و کەسی یەکەمی حیزب مایەوه.

تیرۆری دوکتور قاسملوو

له ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی واته ١٣ی جوولای یا ژووئیەی ١٩٨٩ی زایینی له سامناکترین و فێڵاویترین رووداوەکانی مێژووی کورددا له ڤییەن ــ پێتەختی وڵاتی ئوتریش ـ دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڵ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر نوێنەری حیزب له ئورووپا و دوکتور فازڵ رەسووڵ مامۆستای زانکۆ و کوردی باشوور لەسەر مێزی وتووێژ دەگەڵ دیپڵۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران لەسەر پرسی کورد له رۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتنه داو و پیلانی ئەو تیرۆریستانه و ناجوانمێرانه لەشیان به گولـلەی نەیارانی ئاشتی و دێموکراسی خەڵتانی خوێن کرا. بەو جۆره هەر سێکیان گیانی پاکیان پێشکەشی بارەگای ئازادی و بەختەوەریی خەڵکی کورد کرد.
بۆ ئوتریش

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆخۆیان وڵاتی ئۆتریشیان بۆ ئەو عەمەلیاته هەڵبژارد بوو. دەیانزانی کاک دوکتور به ئەنجامدانی وتووێژ له هیچکام له وڵاتانی ناوچه رازی نابێ، متمانەشی به وڵاتانی بلۆکی شەرق که تازه تووشی شێوان ببوون، نییه، بۆیه له ناو وڵاتانی ئورووپای رۆژئاوادا، شوێنێکیان بۆ وتووێژ یان باشتره بلێین بۆ تیرۆر دۆزییەوه. وڵاتانی رۆژئاوا زۆربەیان یا خاوەنی دەسەڵاتێکی سیاسی بەهێز بوون که کۆماری ئیسلامی نەیدەتوانی کاربەدەستەکانیان بکڕێ یا ئەوەی که خاوەنی دەزگایەکی قەزایی بەهێز بوون که سەر بەخۆیی‌یان هەبوو و بۆ کردەوەی تیرۆریستی پڕ مەترسی بوون. بەڵام وڵاتی ئۆتریش له چەندین بوارەوه بۆ کۆماری ئیسلامی شوێنێکی لەبار بوو.

جوغرافیای ئۆتریش و سیستمه ئابووری و سیاسییەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی ناسراو بوو. ئەو وڵاته به رواڵەت له جوغرافیای سیاسی ئورووپای رۆژئاوادا هەڵکەوتبوو. بەڵام تایبەتمەندیی ئەو وڵاته ئەوە بوو که ئابوورییەکی بەهێز و سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی قەزایی نەبوو.

ئۆتریش وڵاتێکی بچووک به ئابوورییەکی لاوازەوە، له باری سیاسی و ئابوورییەوه به ئاڵمانی رۆژئاواوه بەسترا بووەوه. ئاڵمانیش که دابەش کرابوو، له سەنگەری یەکە‌می شەری سارد هەڵکەوتبوو. بە گەرمبوونی کێشەی وڵاتانی ئورووپای شەرقی ئەو قورسایی‌یه زۆرتر ببوو. ئۆتریش وابەسته به وڵاتێک بوو که لەو قۆناغەدا بۆخۆی دەیان کێشەی هەبوو ،بەگشتی مەجالی لۆبی تیرۆر و موعامەله له سیستمی ئابووری و سیاسی ئەو وڵاته لەبار بوو.

له هەمووی ئەوانه گرینگتر شەخسی سەرکۆماری ئەو وڵاته پێوە‌ندی و رابردوویەکی سەیر و کەم وێنەی دەگەل کۆماری ئیسلامی هەبوو. رابردووی ئاشنایەتی کۆرت واڵدهایم دەگەل کۆماری ئیسلامی کەله کاتی تیرۆری دوکتور قاسملوودا سەرکۆماری ئۆتریش بوو، دەگەڕایەوه بۆ چەند ساڵ پێشتر. واته ئەو کات کەله نیۆیۆرک سکرتێری گشتیی نەتەوه یەکگرتووەکان بوو. کاتێک دوای رووداوی به بارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزی ئەمریکا له تاران، ئەنجومەنی ئاسایش به تێکرای دەنگ بڕیارنامەیەکی سەبارەت به مەحکووم کردنی ئێران و پێویستیی ئازادکردنی بارمتەکان پەسند کرد، مەئمورییەت به کۆرت واڵدهایم درا که وەک سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی ئێران بکات و بۆ چارە‌سەریی کێشەکه حەول بدات. سەرەتا خومەینی بۆ سەفەری واڵدهایم و سەردانی له جەماران موافقەتی کرد، بەڵام دوای گەیشتنی به تاران خومەینی حازر نەبوو ئیزنی چاوپێکەوتنی بداتێ و به بڕیارێکی سەیر و سەمەره ئەمری کرد کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ببەن بۆ بەهەشتی زەهرا تا گۆڕی شەهیدانی شۆڕشی ئیسلامی ببینێ!!

کۆرت واڵدهایم که به ‌تەواوی سەری سوڕمابوو بەو هیوایه که لانیکەم دوای سەردانی له بەهەشت زەهرا ئیزنی چاوپێکەوتن به خومەینی بدرێتێ، سەردانی گۆڕستانەکەی کرد، بەڵام دوای گەڕانەوەی، دیسان به ئەمری خومەینی سواری فڕۆکه کراوه و ناردرایەوه بۆ نیۆیۆرک!! ئە‌و کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی و رێبەرەکەی، شوێنی لەسەر واڵد هایم دانابوو. دەکرێ بلێین له باری سایکۆلۆژی و رەوانناسی سیاسییەوه هەیبەتی رواڵەتیی کۆماری ئیسلامی سکرتێری نەتەوه یەکگرتووەکانی گرتبوو. دوای کێشەی بارمتە‌کان جارێکی دیکه سەردانی ئێرانی کرد بوو، بەڵام دیسان نەیتوانی خومەینی ببینێ و تەنیا دەگەل رەجایی سەرکۆماری ئەو کاتی ئێران، چاویان پێککەوتبوو. دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی له نەتەوه یەکگرتووەکانیش و گەڕانەوەی بۆ وڵاتی خۆشی، دیسان هەر هەوڵی دامەزراندنی پێوەندی سیاسی و ئابووری له نێوان ڤییەن و تاراندا دەدا.

کات و ساتی تیرۆری دوکتور قاسملوو به هەڵکەوت نەبوو!

بەداخەوه کۆماری ئیسلامی توانی رۆژ، مانگ، ساڵ و ساتی تیرۆرەکه، خۆی دیاری بکات. دوکتور قاسملوو بۆ رۆژی ١٤ی جوولای، یانێ تەنیا رۆژێک دوای تیرۆرەکە له پاریس بۆ بەشداریی له جێژنی دووسەد ساڵەی شۆڕشی فەڕانسه بانگهێشت کرا بوو که بەداخەوه تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی مەجالی بەشدارییان پێ نەدا.

ئە‌گەر هاوکات بوونی رۆژی تێرۆرەکه دەگەل جێژنی قوربان بەهەڵکەوت بووبێ، به دڵنیاییەوه هاوکات بوونی دەگەڵ چلەی مەرگی خومەینی به هەڵکەوت نەبوو. دەزانین که خومەینی فتوای قەتڵی کاک دوکتوری دابوو. بۆ کاربەدەستانی تیرۆر، تیرۆری دوکتور قاسملوو له چلەی خومەینیدا مانایەکی سەمبولیکی هەبوو. بەڵام ئەگەر له رۆژ و مانگەکەی گەڕێین و هەموو ئەو رووداوانه به هەڵکەوت دابنێین، هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوه هەڵبژاردنێکی بە ئەنقەست و به بەرنامه بوو.

هەر له سەرەتاوه دیار بوو که ئەو ساڵه ساڵێکی پڕ رووداو دەبێ، ساڵێک که رووداوه گرینگەکان له نێوان رووداوه گرینگترەکاندا دەشاردرێنەوه. ساڵێک که بەشێک له ئورووپا به تەواوی شڵەژا بوو و بەشەکەی دیکەش نەیدەزانی چۆن خۆی دەگەڵ رەوتی خێرای ئاڵوگۆڕەکاندا بگونجێنێ. لەو بوارەشدا دیسان هەڵبژاردنی ئۆتریش هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بوو، ئۆتریش له ساڵی ١٩٨٩دا، له ئاوری ئاڵمانی شەرقیدا دەسووتا. ئاڵمانی رۆژئاوا هەستی دەکرد برایەکی خۆی به نەخۆشی دۆزیوەتەوه، ئاڵمان سەرخۆشی ئەگەری یەکگرتنەوه و پەرۆشی رووخانی ئابووری بوو. مەجالی بۆ چاودێری و یارمەتی هیچ وڵاتێک نەمابوو. بەداخەوه ئەو رەو‌‌شه نالەبارەی ئۆتریش و بەگشتی زۆربوون و خێرابوونی رووداوەکانی ساڵی ١٩٨٩ی ئورووپا، باشترین هەلی بۆ کۆماری ئیسلامی رەخساند و دڵنیای کردن که به موعامەلەیەکی ئابووریی، بە‌رپرسانی ئۆتریش رازی دەکەن و بیروڕای گشتیی جیهانیش زۆر ناپڕژێته سەر ئەو جنایەته. بە کردەوەش هەر وای لێهات. کۆماری ئیسلامی توانیی هەم تیرۆرەکه ئەنجام بدات و هەم هەتاکوو ئێستاش خۆی له ئاکامەکانی ئەو جنایەته بدزێتەوه.

رەهەندەکانی ژیانی دوکتور قاسملوو

هەرچەند شرۆڤه و شەرحی کەسایەتی و رەهەندەکانی ژیانی مامۆستای مەزن دوکتور قاسملوو له توانای وتارێکی کورتی لەو چەشنەدا نییه، بەڵام ئەگەر به کورتیش بێ ئاماژه کردن به هەندێک خاڵ وەک بەرچاوترین رەهەندەکانی ژیانی ناوبراو به پێویست دەزاندرێت.

ئەگەر لایەنی زانستی و پڕاگماتیکی بیر و هزری دوکتور قاسملوو لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە شەرح و شرۆڤه بکرێ، به کردەوه دەتوانیین لە پێگەیاندنی نەسڵێکی تەندروست و بەهێز لە هەموو بواره سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە وەک سەرچاوەیەکی بە هێزی راهێنان، کەڵکی پێویستی لێوەرگرین.

دوکتور قاسملوو باوەڕێکی قووڵی بە بنەما و پڕەنسیپە گشتییەکانی دێموکراسی هەبوو. ئەو پێی وابوو دێموکراسی دەبێ وەک ساختارێکی واقعی و زەهنی لە بنەماڵە، گەڕەک، وانه، یانە، یەکیەتییە پیشەیی‌یەکانەوە تا دەگاتە نەتەوە و گەل و وڵات، رەنگ بداتەوه. لەو باوەڕەدابوو که هەموو تاکێک لە ماوەی ژیانی خۆیدا، هەم باوەڕی پێی بێ، هەم کاری بۆ بکا و هەم بە کردەوە لە هەڵسوکەوته ئەرێنییەکانی خۆیدا پراکتیزەی بکات.

دوکتور پێی وابوو کە ئامانجەکانی دێموکراسی نابێ لەگەڵ ئەو یاسا و رێسایانه له قەناعەت و تەبایی دابێ کە زەربە لە پێناسە‌و بیچمی دێموکراسی دەدەن و تا رادەیەک دێموکراسی تەنگەبەر دەکەن. ئەو پێی وابوو  یاسای ژیانی ئینسان لە سیستمە دێموکراتیکەکاندا، پێوەندی بە چەشنی بڕیاردانی بە کۆمەڵ هەیە کە لەوێدا دێموکراسی لە چەمکی خۆیدا نیشانەی ئەو ئەنجامانەیە کەله کۆمەڵگادا کاریگەرییان دەبێت. ئەو لەو بڕوایەدا بوو که گرینگی به تاکەکانی ناو کۆمەڵگا بدرێ و را و بۆچوونی تاکەکان لە پرسه گشتی و نەتەوەیی‌یەکاندا به مافێکی یەکسان لەبەرچاو بگیرێت.

له بواری میدیاییەوه بەڕێزیان پێی وابوو راگەیاندنە گشتییەکان کاتێک دەتوانن ئەرکی دێموکراتیک و بێ‌لایەنانەی خۆیان بەجێ بێنن کە تەواو  سەربەخۆ بن و به هیچ شێوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت یا  بەرژەوەندی شەخسیدا نەبن.

رەهەندێکی دیکەی زانستی دکتور قاسملوو، کە بەتەوای خۆی تێدا دەبینییەوە، شارەزایی له بواری ئابووری بوو. ئەو ئابووری ناسێکی دەوران و سەردەمی خۆی بوو. وەک کەسێکی شارەزا و  ئیلیتێکی  کاریگەر پێداگری لە سەر خودکەفایی و بەرهەم هێنانی خۆماڵی دەکرد. پێی وا بوو  کەڵک وەرگرتن لە ئابووری بازاری ئازاد، لە خزمەتی سەربەخۆیی  بڕیاردانی سیاسی دایه. چوونکه مۆنۆپول نەکردنی بازاری ئازاد و ئابووری ئازاد وەک چەمکێکی زانستی، دەتوانێ، رێگە خۆشکەر بێ بۆ کردنەوەی سروشتی بازاری هەمە چەشنە کە لە وێدا مرۆڤەکان جگە لە ئابووری بازار، دەتوانن دەرەتانێک پێکبێنن که هەر کات بیانهەوێ، بتوانن مەیدانی دەسەڵاتی دەوڵەت تەنگەبەر بکەن.

دوکتور شارەزاییەکی ریشەیی لە ناسینی کۆمەڵگاکەی خۆیدا هەبوو . ئەو هەناوی پێکهاتە و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای خۆی دەناسی و بەوپێیه پلان و سیاسەتی کاریی خۆی دادەڕشت. پێی وابوو که سنوور دانان لە نێوان خەڵک و حیزب ، هەروەها خەڵک و دەسەڵات، بۆشاییەکی گەورە دەخولقێنێ کە سەر ئەنجام وەک ئانتی تێزێکی کاریگەر لە سەر هەموو جومگەکانی پانتایی ژیانی کۆمەڵگا دەردەکەوێت.

ئەو پێی وابوو  هەر ئەندازە ئێمە زانیاریمان سەبارەت بە خۆمان و ژینگەی کۆمەڵایەتی خۆمان هەبێ، فاکتۆرێکی چارەنووس‌ساز و ئەرێنی بۆ ئاشنایەتی  لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵاییەتی خۆمان درووست دەکەین. چوونکه هەم دەتوانین دەردەکان بناسین و هەمیش دەرمانی تایبەت بە خۆیان بۆ بدۆزینەوه.

(ئەو چەند بۆچوونەی خوارەوەم له دیواری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی هاوڕێیەک وەرگرتووه)

بۆچوونی د. قاسملوو لە سەر چارەسەربی پرسی کورد بە پێی هەلومەرجی تایبەتی ژیانی خۆی : مەسەلەی کورد دەبێ لە سەر بناغەی هەلومەرجی تایبەتی ژیانی نەتەوەی کورد و وەزعی وڵاتەکە چارەسەر بکرێ و پێویستە رادەی گەشە کردنی ئابووریی وڵاتەکە و گیروگرفتەکانی داب و شوێنی فەرهەنگی و ئایینیی گەلی کورد لە بەر چاو بگیرێن. وەشوێن کەوتنی کوێرانە لە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورددا زیانی زۆر گەورەی بۆ ئامانجی دوارۆژ تێدا دەبێ. (ک. ک. ل.٣٢٦) {٩٨}
بۆچوونی د. قاسملوو لەسەر شۆڤیەنیزمی نەتەوەی سەردەست و ناسیۆنالیزمی نەتەوەی ژێر دەست: ئەوەی پێویستی بە ماوەیەکی درێژتر هەیە، گۆڕینی چەشنی بیرکردنەوەی خەڵک لە بارەی مەسەلەی نەتەوایەتییەوە‌یه، واتە خۆبەزل گرتن و شۆوێنیزم لە مێشکی رۆڵەکانی نەتەوەی گەورەدا و ناسیۆنالیزم و دوڕدونگی لە دڵی رۆڵەکانی نەتەوەی چکۆلەدا. کەوابوو، لابردنی نابەرانبەری لە نێوان نەتەوەکاندا وەختێکی زۆر و هەوڵ و تەقەلایەکی بەردەوامی پێویستە بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵک بە گیانێکی ئەنترناسیۆنالیستی پەروەردە بکرێن. (ک. ک. ل.٣٢٠) {٩٧}

بۆچوونی د. قاسملوو لەسەر سەربەخۆیی بەشێک لە کوردستان: ئایا دەگونجێ تەنیا بەشێکی کوردستان رزگاری بێ و دەوڵەتێکی سەر بەخۆ دابمەزرێ؟ شتی وا کەم چاوەڕوان دەکرێ، لەگەڵ ئەوەی کە زۆریش بە دوور نازانرێ\'\'.

بۆچوونی د. قاسملوو لەسەر پێکەوە ژیانی گەلان: لەپێشەوە گوتمان گەلی کورد یەک دەگرێتەوە، بەڵام مەبەستمان ئەوە نیە کە گەلی کورد لە نەتەوەکانی دراوسێی جیا بێتەوە. چونکە زۆر وێ دەچێ یەکیەتییەکی دڵخوازانەی زۆر گەورەتر پێک بێ کە بەقازانجی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەش تەواو بێ. بۆیە ئەو سنوورانەی ئێستا لە داهاتوو دا ئیتر ئەوەندە گرنگ نابن. (ک. ک. ل.٣١٨ - ٣١٩) {٩٦}

ژێدەر:
بەڵگەنامەکان، له پەراوێزی هەندێک وتار و بابەتد
ا

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە