کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلاقاژەی ئاخووندەکانی ئێران، جمهوری ئیسلامیی ئێران بەرەو هەڵدێران دەبات (عارف عەزیزی)

15:46 - 16 پووشپەڕ 2714

عارف عەزیزی

هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئاخووندە بیر تەسکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تا ئەوەڵی مانگی جوولای ٢٠١٤ی زایینی لە شار، شارۆچکە، گوند، کوچە و بازاڕەکانی ئێران و بەتایبەت بەشە کوردنشینەکەیدا دەنووسرا (بچەای کمتر، زندگی بهتر) واتە منداڵی کەمتر ژیانی خۆشتر، بەڵام ئێستا پێچەوانەی رابردوو بیر دەکەنەوە و هەوڵ دەدەن سیاسەتێکی سەقەتی دیکە دادەڕێژن و لە زۆربەی شوێنەکاندا دەنووسنبە یەک گوڵ بەهار نایەت، منداڵی زۆرتر ژیانی خۆشتر. لەم ساڵانەی دواییدا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لە یووتیووبدا بڵاو کراوەتەوە کە ئاخووند و مەلا شیعەکان لە نوێژە هەینییەکانیاندا باسی ئەوەیان کردووە شیعە مەزهەبەکان یەک دوو منداڵ زیاتر نیانە، بەڵام سوننی مەزهەبەکان و بە تایبەت کوردەکان دوو قولوو دوو قولوو منداڵیان دەبێ، واتە بە جووتە منداڵ دروست دەکەن. هەر لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا جگە لەوەی ئیهانەتێکی زۆر بە سونییەکان دەکەرێ، داوا لە شیعەکان دەکەن بە هیچ شێوەیەک بەرگیری لە دروست بوونی منداڵ نەکەن و هەوڵ بدەن منداڵی زیاترتان هەبێ بۆ ئەوەی رێژەی شیعە بەرەو زیاد بوون بڕوا.

لەو پێوەندییەدا خامنەیی، رێبەری رۆحانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم رۆژانەی رابردوودا رەخنەیەکی توندی لە سیاسەتی بەرگیریکردن لە رێژەی زیادبوونی دانیشتوانی ئێران گرت و ئەو سیاسەتەی بە سیاسەتێکی هەڵە لە قەڵەم دا، ئەوە لەحاڵەتێک دایە کە دەیان ساڵە شەخسی خامنەیی بۆ خۆی پەیڕەوی لەو بڕیارە دەکا و پێشتریش ئەم کارەیان بە هەنگاوێکی سەرکەوتووی وەزارەتی تەندروستیی ئێران باس لێ دەکرد.

پاشقسەکانی خامنەیی رێبەری رۆحانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پارلمانی ئەو وڵاتە بە پەشۆکاوییەکی زۆرەوە، دوای هاتوچۆ و دانیشتنەکانیان، چەند یاسایەکی نوێیان دەرکرد. ئەو یاسا نوێیانە لەلایەن خەڵکەوە نەک هەر پێشوازییان لێ نەکرا، بگرە لەلایەن کۆمەڵناسان، چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، تێکۆشەرانی لاوان و چالاکوانانی ژنانیشەوە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.

ئەو یاسا نوێیانەی، کەلە رێکەوتی ٤/٧/٢٠١٤ی زایینی لەلایەن پارلمانی ئێرانەوە پەسند کران، بەم جۆرەیە. هەر جۆرە پڕوپاگەندەیەک بۆ منداڵی کەمتر و لە باربردنی منداڵ و نەزۆککردن لە رێی تۆبکتۆمی و وازکتۆمییەوە ناگونجایزە، ئەوەی سەرپێچی لێ بکات بەرەو رووی ٣ بۆ ٥ ساڵ زیندان دەبێتەوە\'\'.
سەبارەت بەو یاسایە ئەندامێکی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی پارلمانی ئێران رەخنەی لەو یاسایە گرت و پێی وابووە ناکرێ خەڵک لەسەر ئەو جۆرە شتانە بخەرێنە بەندیخانە و بە زۆرکاریش رێژەی دانیشتوانی ئێران بەرەو زیادبوون نابرێ.

لەلایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێ کە چەندین یاسای نەنووسراوەی دیکەش لە موڵاتەدا پەیڕەو کراون کە بەرگیری لە دامەزراندنی هەر جۆرە رێکخراوێکی ژنان و کەمڕەنگ کردنەوەی خوێندنی ژنان لە هەندێک لە بەشەکانی زانکۆکانی ئێراندا. ئەم یاسایە کە ئێستا باسی لێ دەکرێ پێشتر لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە باسی لەسەر کراوە و گوتوویەتی باشتر وایە ژنان لە ماڵەوە بمێننەوە و خزمەتی منداڵ و مێردەکانیان بکەن\'\'.

لەو پێوەندییەدا ژنانی پارلمانی ئێران پەیڕەوی لەو گەلاڵەیە دەکەن، بەڵام چالاکوانانی ژنان بە توندی دژ بەو یاسایە دەوەستن و پێیان وایە ئەو یاسایە لە دژی ئازادییە تاکەکەسییەکانە و لە روانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەخسی خامنەیی‌یەوە ژن وەک کۆیلە و بەردە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چاوی لێ دەکرێ.

لێرەدا پێم خۆشە ئەوە بڵێم کە نە شەخسی خامنەیی، و نە پارلمانی ئێرانیش بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە وەزعییەتی خەڵکی ئێران لە چ دایە و رادەی بێکاری لە چ ئاستێکدا قراری گرتووە. ئایا دەسەڵاتداران و ئاخووندەکانی ئێران توانیویانە سەرەتایترین کەرەستەکانی ژیان بۆ دانیشتوانی ئێران دابین بکەن، تا هەوڵی بەربڵاو کردن و زیادکردنی حەشیمەت و دانیشتوانی وڵاتەکەیان بدەن؟؟؟ یان ئەمەش پلانێکی دیکەیە دژ بە نەتەوەکانی دیکەی بندەستی ئێران؟ من پێم وایە ئەگەر ئێمەش لە دەرەوەی وڵات هیچێک چۆرە ناڕەزایەتییەک و دژ کردەوەیەک نیشان نەدەین، رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان، چالاکوانانی سیاسی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای ئێران ئەمەیان پێ قەبووڵ ناکرێ و لەسەر ئەو باوەڕەدان کە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی حەشیمەتی ئێران پێویستە ستانداردەکانی ژیان بەرزبکرێنەوە بە شێوەیەک کە دانیشتووان هەست بە ئارامی و ئاسایشی زیاتر بکەن و بتوانن منداڵەکانیان لە ژیانێکی مامناوەندیدا پەروەردە بکەن. هەروەها بە لەبەرچاو نەگرتنی دۆخی نالەبار و داهاتی کەمی بنەماڵەکان و ئامادەنەبوونی کەرەستە ئابووری، کۆمەڵایەتی و پێویستییەکان بە زۆر ئەو کارە بە خەڵک ناکرێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە