کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. قاسملوو، رێبه‌رێکی دێموکرات و سیمای به‌رزی مرۆڤایه‌تی (حوسێن نازدار)

16:24 - 19 پووشپەڕ 2714

حوسێن نازدار

٢٢ی پووشپەری ١٣٩٣هەتاوی ٢٥ساڵ بەسەر شەهیدبوونی دوکتور قاسملووی زانا و مەزندا تێدەپەرێ، بەم بۆنەوە و لەم رۆژەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەلی کورد و دۆستان و لایەنگرانی کورد و دوکتورقاسملوو، لە زۆر شوێنی جیهاندا، بە شێوەی جۆراوجۆر رێز لە یاد و بیرەوەریی ناودارترین کەسایەتیی سیاسی و گەورە پیاوی مێژووی کورد، دوکتور قاسملووی نەمر دەگرن.

لە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی (بەرانبەر بە ١٣ی ژووئیەی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی)دا، تیرۆریستە دڵڕەشەکانی رێژیمی ولایەتی فەقیهـ، کەبە رواڵەت بۆ باس و دیالۆگ لەسەر مەسەلەی کورد لە ئێرانەوە ناردرابوونە ڤییەن (پایتەختی ئوتریش ). دوکتورقاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دەگەڵ کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و\'\'دوکتور فازڵ رەسووڵ\'\' ماموستای کوردی زانستگەی ڤییەن، تیرور کرد.
رێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەیانزانی کە د. قاسملوو هەروەک لە خەبات بۆ دادپەروەریی سیاسی و نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیدا شێلگیرە، زۆر زیاتر لەوەش باوەڕی بە وتووێژ و چارەسەری ئاشتیخوازانەی مەسەلەی کورد هەیە و هەر بۆیە کاتێک لە رێگای نیزامییەوە زەفەریان پێ نەبرد ، فێڵبازانە و دەغەڵکارانە لە دەروازەی ئاشتیخوازانەوە بۆی هاتنە مەیدان و بە ناوی وتووێژی ئاشتیخوازانە لەسەر مافی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، لە ڤییەن دەگەڵی دانیشتن و تێروریان کرد.

راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە شەهیدبوونی د. قاسملوو زەبرێکی کاریگەر و خەسار و کۆستێکی مەزن و شوێندانەر بوو کە بە تایبەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوت. تەنانەت دەتوانین بڵێین ئەو کۆستە گەورەیە، کۆستی هەموو نەتەوەی کورد بە گشتی و بزوتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران و بزوتنەوەی خەبات بۆ ئاشتی و ئازادی و دێموکراسی لە ئاستی جیهانیدا بوو.

ئەو کۆستە گەورەیە لەلایەک بوو بە مایەی خەم و پەژارەی خەڵکی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد و لەلایەکی دیکەوە رق و قینی شۆڕشگێڕانەی رۆڵەکانی گەلی کوردی بەرانبەر بە رێژێمی ئاخووندی زیاتر لە پێشوو بزواند و لەسەر درێژەدانی خەبات و رێبازی رێبەرە مەزنەکەیان شێلگیرتری کردن و لە ئاستی جیهانیشدا، سیما و نێوەڕۆکی تێرویستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی باشتر دەرخست.

دوکتور قاسملوو، بە شاهیدی و ئیعترافی زۆر کەسایەتیی ناوداری کورد و ئێرانی و جیهانی کەلە نزیکەوە ناسیویانە، گەورەترین و بە ئیعتبارترین کەسایەتیی سیاسی و مێژووی کورد بوو، تەنانەت لە رۆژهەڵانی ناوەڕاستیشدا کەسایەتیەکی کەم وێنە بوو، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بۆ بەشێکی بەر چاو لە دەسکەوتە سیاسییەکانی خۆی قەرزداری زانایی و زیرەکیی سیاسیی ئەو رێبەرە مەزنەیە، بە داخەوە ئیستاشی لەگەڵ بێ‌ گەلی کورد رێبەرێکی دیکەی هاوتای قاسملووی نەبووەتەوە.

دوکتور قاسملوو، خوێندکارێکی زیرەک و بە بەرنامە، مامۆستایەکی کەم وێنە، بیرمەند و رووناکبیرێکی بیرکراوە و تێژبیر و وریا و ژیر بوو.

دوکتور قاسملوو، رێبەرێکی مودێرن و سیمایەکی دێموکرات، مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ، سیاسەتوانێکی واقیعبین و نموونە، دیپلۆماتێکی هەڵکەوتو وسەفیرێکی گەورەی نەتەوەی چەوساوەی کورد بوو.

دوکتور قاسملوو، مودیرێکی داهێنەر و چالاک و پڕکار و ماندوویی نەناس، رێکخەرێکی بە توانا و ئەمانەتدار، پێشمەرگەیەکی بە نەزم و دیسیپلین، تێکوشەرێکی خاکی و خەڵکی و بەهەست و قسە خوش و راستگۆ، کوردێکی مافخواز و نیشتمانپەروەر بوو.

دوکتور قاسملوو، لە ئاستی کوردستان و ئێران و جیهاندا، بە راستی خەباتگێڕی شێلگیر و لەخۆبوردوو و ماندوویی نەناسی رێگای ئاشتی و ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوایەتی بوو.

د. قاسملوو، بە زیرەکی و توانایی و ئەزموونی کەم وێنەی خۆی رۆنێسانسێکی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا وەڕێ‌ خست، پێڕەو و پرۆگرامی حیزبی لەسەر بناغە و بنچینەی دێموکراسی و بەرژەوەندیی گەلی کورد و سەربەخۆی سیاسیی بڕیاردان داڕشتەوە و کردی بە رێبازی سیاسیی حیزب، سوسیالیستی دێموکراتیی لە ناو حیزبدا چەسپاند و کردی بە ئامانجی دوا رۆژی حیزبی دێموکرات.

شەهید دوکتور قاسملوو، باوەڕێکی قووڵی بە دێموکراسی هەبوو، پێی وابوو دێموکراسی شتێک نییە تەنیا تایبەت بە هێندێک کەس و چەند وڵات بێ، بەڵکوو دەسکەوتێکی مروڤایەتییە و هەرکەسێک و هەر وڵاتێک مافی هەیە کە هەیبێ‌ و کەڵکی لێ‌ وەرگرێ‌، ئەو نەک هەر بۆ دۆستان تەنانەت بۆ دوژمنەکانیشی دێموکراسی دەپاراست و دەیفەرموو: خەبات بۆ دێموکراسی نابێ‌ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی و چینایەتی\'\'.

د. قاسملوو، باوڕەی قووڵی بە \'\'ئازادی و دادپەروەری هەبوو، پێی وابوو مرۆڤ هەروەک بۆ درێژەدان بە ژیان پێویستیی بە ئاو و هەوا\'\' هەیە، هەر بەو چەشنەش بۆ پەرەگرتن و گەشەکردن و درەوشانەوی کومەڵگای مرۆڤایەتی، پێویستیی بە ئازادی و دادپەروەری هەیە.

شەهید دوکتور قاسملوو، باوەڕی قووڵی بە دۆستایەتی و پێوەندی و هاوکاری\'\'ی نێوان مرۆڤەکان هەبوو، پێی وابوو بۆ بەردەوام بوونی ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بە پاراستنی بەرژەووندی و سەربەخۆیی و حورمەتی بەرانبەر، پێویستە ئەو پێوەندی و هاوکارییە هەمیشە گەشە بکا و پەرە بستێنێ.

لە بەر هەمووی ئەو تایبەتمەندییە بەرزانەی کە د. قاسملووی نەمر هەیبوون، شەمشەمە کوێرەکانی حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێران، دوژمنانی ئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤ، بە پیلانی ئاشتی و بەغەدر و خەیانەت دەست بەکار بوون و مامۆستای دێموکراسی و پێغەمبەری ئاشتییان شەهید کرد.

ئەوان بە هەڵە چوون، پێیان وابوو بە تیرۆری د. قاسملوو، رێباز و ئامانج و حیزب و گەلی قاسملووشیان تیرۆر کردووە، بەڵام ئێستا پاش تێپەربوونی ٢٥ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی د. قاسملوودا، زۆر ئاڵوگۆری هەمە لایەنە و گرینگ و چارەنووسساز لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ناوخوییدا پێک هاتوون کە تەنانەت لەسەر حیزبی دێموکرات و گەلی کوردیش شوێن و کاریگەریی بەرچاویان هەیه، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش زیاتر لە هەموو کاتێک کەوتووەتە بەر گەمارۆی جۆرواجۆری نێودەوڵەتی و جیهانی و حیزبی دێموکرات و بیر و رێباز و ئامانجی قاسملووش بەردەوام لە بەره‌و پێش چوون و گەشە کردن و درەوشانەودان و رێبواران و قوتابییانی قوتابخانەی قاسملووش، ئاڵای پڕ لە شانازیی ئەویان بە شەکاوەیی راگرتووە و بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجە بەرزەکانی گەلی کورد، دڵسۆزانە و سەربەرزانە و شێلگیرانە و بێ‌وچان خەبات دەکەن و بەرەو ئاسۆی روون هەنگاو دەنێن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە