کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ ساڵ پێش گەلی کورد قاسملوویەکی مەزنی لە دەست دا (عارف باوەجانی)

14:43 - 23 پووشپەڕ 2714

عارف باوەجانی

مێژووی پڕ لە خەبات و بەربەرەکانێی گەلەکەمان بە خۆێنی سەدان هەزار رۆڵەی شەهیدکراوی ئەم نیشتمانە تۆمار کراوە. لە ریزی شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستاندا بە دەیان شەهیدی سەرکردەمان هەیە کە بە نیەتی ئاشتیخوازیی گەلەکەیان و لە ژێر ناوی دیالۆگ بۆ ئاشتی و چارەسەریی کێشەکانی گەلی کورد و وڵاتانی داگیرکەر کەوتوونەتە داوی بکوژانی ئازادی و دێموکراوسی و مرۆڤایەتییەوە.

شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری حیزبی دێموکرات، یەکێک لەو سەرکردە لێزان و ئاکادیمییانە بووە کە لە پاش تێکچوونی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان سەری هەڵداوە. ئەم کەسایەتییە لە رێگەی خۆێندن لە دەرەوەی وڵات و لەو کات و ساتە گرنگانەدا کە دۆستانی کورد لە جیهاندا ژمارەیان لە قامکی دەست تێنەدەپەری، توانیی سەرنجی کۆمەڵێک کەسایەتیی جیهانی بۆ لای دۆزی کورد راکێشێت. ئەم سەرکردە لێزانە لە سەردەمی لاویەتی و خۆێندکاری خۆیدا توانیی زۆربەی هاوڕێکانی سەردەمی زانکۆی بکاتە دۆست و پشتیوان و هاورێی گەلی کورد، کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو هاوڕێیانەی دوکتور قاسملوو پشتیوانی دۆزی گەلی کوردن. هەروەها لە ساڵی هەشتاکانیشدا دیتمان پزیشکە هاوڕێکانی لەو سەردەمانەدا خۆبەخش دەهاتنە شاخ و گوندەکانی کوردستان و خزمەتی خەڵک و پێشمەرگەیان دەکرد.

بەشێکی زۆری هاوڕێکانی ئەم شەهیدە لێهاتووەمان لە پاش مەرگی قاسملوو، بوونەتە بەرپرسە باڵاکانی وڵاتانی گرنگی جیهانی و پشت و پەنا یەکن بۆ سەربەخۆیی گەلی کورد، کە نموونەشیان فرێدریک تێسو و بێرنارد کۆشنێری فەڕانسەن، کە لەم چەند رۆژەدا پشتیوانیی خۆیان و وڵاتەکەیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێشان داوە. بوونی ئەم سەرکردە بە توانایەش، کە جینایەت و کردەوەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە جیهان دەگەیاند، بۆ ئەو رێژیمە تیرۆریست و تیرۆریست پەروەرە جێگەی تەحەمول و قبووڵکردن نەبووە. هەر لە سەرەتای دەسبەکاربوونی ئەم رێژیمەوە پلانی تیرۆری دوکتور قاسملوو داڕێژرابوو. تا سەرئەنجام و مخابن لە رێکەوتی ٢٢ی پوشپەڕی ٢٥ساڵ پێش، پڵانە گڵاوەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەری گرت و دوکتور قاسملوویان لێ شەهید کردین.

هەربۆیە دەکرێ بۆ هەمیشە ناوی دوکتور قاسملوو لە مێژووی سەروەریی خەباتەکانی گەلی کوردا ناوی وەبیر نەوەی داهاتوو بهێنینەوە و هەرگیز ئەو مرۆڤە بە توانایە کە گیانی خۆی فیدای نیشتمانەکەی کرد لە بیر نەکەین. جێی وەبیر هێنانەوەشە کە مەرگی شێخ سەعیدی پیران و سمکۆی سمایل ئاغا و قاسملوو چەندین سەرکردەی شەهیدکراوی دیکەمان لەسەر مێزی دیالۆگ لەگەڵ دوژمنی رێوی سیفەتدا، بکەینە وانەیەک کە هەرگیز جارێکی دیکە بڕوا بەو جۆرە دیالۆگە داخراو و شاراوانە نەکەین و با چیدیکە رۆڵەکانمان نەکەین قوربانیی سیاسەتی دژەمرۆڤانەی داگیرکەران و نەیارانی کوردستان.

لە کۆتاییدا دەڵێم مخابن ٢٥ ساڵ پێش قاسملوویەکمان لە دەست داوە، کە بۆ سەدان ساڵی داهاتووش توانایی ئەو مرۆڤە شایانی باس و لێکدانەوەی کەسانی شارەزایە. هەر نموونەی ناوهێنانی دوکتور قاسملوو بەو شێوە گرنگە لەلایەن تۆری ویکیلیکسەوە، پێمان دەسەلمێنێت کە ئێمەی کورد کێمان لە دەست داوە. لەم بیرەوەرییە تاڵەدا سەرەخۆشی لە خۆم و گشت گەلی کورد و هاوسەنگەرانی دوکتور قاسملوو لە حیزبی دێموکرات دەکەم. قاسملووی نەمر رۆحت شاد و رێگەت پر رێبواربێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە