کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک بەبۆنەی ٦٣مین ساڵیادی کۆچی دوایی میرجەلادەت بەدرخان لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو

16:04 - 28 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ناوەندی رۆشنبیریی ئاسۆ لە شاری قامیشلوو سمینارێکی بەبۆنەی ٦٣مین ساڵـڕۆژی کۆچی دوایی میر جەلادەت بەدرخان، بۆ کۆنە رەش نووسەر و شاعیری کورد پێکهێنا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ سمینارێک بەبۆنەی ٦٣مین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی میرجەلالدەت بەدر خان دامەزرێنەری یەکەم رۆژنامەی کوردی، لە شاری قاملیشوو لە کوردستانی رۆژئاوا لەسەر کاریگەریی و رۆڵ و هەروەها خەباتی ناوبراو و بنەماڵەکەی بەڕێووەچوو.

کۆنە رەش وەکوو کۆڕگێڕی سمینارەکە وتی: بە بڕوای من بنەماڵەی میر جەلادەت بەدرخان وەکوو بنەماڵەی جزیرا بۆتان و میربەدر خانێ ئازیزی، بە دڵ و بە گیان لە بزاڤی نەتەوەی کورددا خەباتیان کرد هەتا کوو گیان وماڵی خۆیان لەو پێناوەدا دانا.

ئەو نووسەر وتیشی: سەرەڕای ئەوەی کە ئەندامانی بنەماڵەی بەدر خان لە ساڵی ١٨٤٧ـەوە لە ئاوارەییدا ژیاوە، بەڵام ئەوان قەت کوردستانی خۆیان و مەڵبەندی باب و باپیریانیان لەبیر نەکرد و دەستیان لە خەبات هەڵنەگرت، لە بەرخۆدان و خەبات لە بزاڤی رزگاریخوازیدا بەردەوام بوون و ناوی نەتەوەکەیان لە جیهاندا بەرز کردەوە.

رەش وتیشی: ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان لە ئاوارەیی و لە هەلومەرجی سەخت و دژواردا خۆیان لەهەمبەر گەلەکەیان بە بەرپرسیار دەزانی و چارەسەریی پرسی کوردیان بە یەکەمین کێشەی خۆیان لە قەڵەم دەدا. لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان و هەروەها لە بواری سیاسی و مێژووییدا و لە دەربەدرەیشدا لە بیری کورد و کوردستاندا بوون.

ئەو شاعیرە کوردە لە درێژەی بابەتەکەیدا وتی: داخوازیی ئەوان پێشکەوتنی نەتەوەی کورد و بەرزکردنەوەی ناوی کوردستان بوو، بەدرخانییەکان کۆمەڵێک خوێندنگەیان دامەزراند، گەلێک گۆڤار و رۆژنامەیان وەشاند و لە سێبەری ئەوانیشدا کۆمەڵێک ناوەندی و ئەنستیتۆ بۆ گەلی کورد دامەزران.

میرجەلادەت بەدرخان کوڕی ئەمین عالی کوڕی بەدرخانی پاشا رێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ساڵی ١٨٩٣ی زایینی لە شاری ئەستانبوول لە دایک بووە و پاش ئاوارەبوونی بنەماڵەکەی بۆ میسر، لە ئاڵمان درێژەی بە خوێندن داوە و لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران گەڕاوەتەوە کوردستان و بەشداریی لەو شۆڕشەدا کردووە، بەڵام بەهۆی شکستهێنانی شۆڕشەوە، دیسان وڵاتی تورکیەی بەجێ هێشتووە.

میر جەلادەت بەدرخان زمانەکانی فـارسی، تورکی‌، عەرەبی، یۆنانی، ئەڵمانی، فەرانسەوی، ئینگلیزی ‌و رووسی‌ زۆر بە باشی‌ ‌زانیوە و یەکەم کەس بووە کە رێنووسی لاتینیی بۆ زمانی کوردی داهێناوە.

میر جەلادەت رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە شام کۆچی دوایی کردووە.