کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی حەوتەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی

21:31 - 31 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: حەوتەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ٣ رۆژ کاری بەردەوام کۆتایی پێهات و لەو پێوەندییەدا دەفتەری سیاسیی حیزب راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

بۆ ئاگاداری رادەگەیەنین کە حەوتەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدەهەم کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩ی ژووئیەی ٢٠١٤ ی زایینی بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و ئەندامانی جێگری کۆمیتەی ناوەندی پێک هات و پاش سێ‌ رۆژ کاری بەردەوام پاشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حەوتەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی بە خولەکێک بە بێ‌دەنگی راوەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ‌ کرد. پاش پەسندکرانی ئەو دەستوور کارییەی کە پێشتر ئەندامانی رێبەرایەتیی حیزبی لێی ئاگادار کرابوو سکرتێری گشتیی حیزب بەڕێز مستەفا هیجری وێڕای بەخێرهاتنی بەشداران لێکدانەوەیەکی سیاسی کە زیاتر ئاڵوگۆڕەکانی نێوان دوو پلینۆمی شەشەم و حەوتەمی کۆمیتەی ناوەندی لەخۆ گرتبوو پێشکەشی بەشدارانی پلینۆمی کرد.

لە لێکدانەوەکەی سکرتێری گشتی حیزب و لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا ئاماژە بە بوونی دوو حکوومەت لە ئێراندا کرا بوو کە یەکێکیان وەک دەوڵەت فەرمی، بەڵام بێ‌دەسەڵات ئەوی دیکەیان دەسەڵاتێکی نافەرمی، بەڵام بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵاتی بێسنوور کە وەلی فەقیهە لە سەرەوەی ئەم دەسەڵاتەیە و دەزگای قەزایی، سپای پاسداران و ئیتلاعاتی لە ژێر فەرماندان. دەوڵەتی فەرمی و سەرکۆمار خۆیان باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک نییە و ئەگەر بیانهەوێ‌ بۆ بیروڕای گشتی قسەیەک بکەن، یان هەنگاوێکی بچووک بۆ جێبەجێ‌ کردنی بەشێکی کەمی بەلێنەکانی هەڵبژاردن، یان داخوازی خەڵک باویی لەگەڵ دژکردەوەی دەسەڵاتی نافەرمی بەرەروو دەبن، وەک ئەوەی لەو دوایی‌یانەدا ‌و لە پێوەندی لەگەڵ وەرگرتنەوەی ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکارانی دەرکراوی دانشگاکان لەسەردەمی ئەحمەدی نژاد دیترا کە چۆن دژکردەوەی لە بەرانبەردا نیشان درا و شەخسی خامنەیی لە وتارێکدا بوونی گرووپە سیاسییەکانی لە دانشگادا بە ژەهری کوشندە ناو برد و لە مامۆستایانی دانشگاکانی ویست بە توندی پێش بەو کارانە بگرن. ئەو مەسەلەیە هەر بەوە کۆتایی نەهات، بەڵکوو دژکردەوەی نوێنەرانی ئوسوولگەرای مەجلیس و چەند کەسی ناسراوی دیکەی رێژیمی لێکەوتەوە.

لێکدانەوەکە ئاماژەی بەوە کرد بوو کە ئەگەر ئەحمەدی نژاد هێندێ جار لە بەرانبەر خامنەییدا رادەوەستا هەرچەند سەرئەنجام ملکەچ دەبوو، رۆحانی تەنانەت بە ئەسپایی و نەرمیش راوەستانێک لە خۆی نیشان نادا، هەر بۆیەش دەسەڵاتی نافەرمی بەهێزتر خۆی دەرخستووە و کۆسپێکی ئەوتۆ لە بەرانبەر خۆیدا نابینێ‌، زیاتر لەوەش لە کاتی هاتنەسەرکاری رۆحانییەوە لە ژێرپێنانی مافی مرۆڤ، رێژەی ئیعدام، بێکاری و هەژاری لە بەرزبوونەوە دایە. بەڕێوەچوونی فازی یەکەمی هەدەفمەندی یارانەکان توانای ئابووری بنەماڵەکانی ٢٥ لەسەد دابەزاندووە و ٣١ لەسەدی بنەماڵەکان لەژێر هێلی هەژاری دان، بەو حاڵەش و سەرەڕای چارەسەرنەبوونی کێشەی ئەتۆمییەکەی لەگەڵ دونیای دەرەوە، دەستێوەردان لە وڵاتانی وەک عێراق، سووریە، لوبنان و ... پەڕە پێ دەدا و ئاگری شەڕی شیعە و سوننە لە ناوچە خۆشتر دەکا. هەر لەو پێوەندییەدا ئاماژە بە وەزعی ئوپۆزیسیۆنی ئێران و ناڕازییانی نێوخۆی رێژیم کرا بوو و جێگا و پێگەی هەر کام وەک خۆی هەڵسەنگێندرا بوو.

لە پێوەندی لەگەڵ وەزعی کوردستانی ئێراندا لێکدانەوەکە بێجگە لە زیادبوونی رێژەی ئیعدام و زیندانی کردن و خراپتربوونی باری گوزەرانی خەڵک فەرقێکی ئەوتۆ لە نێوان دەورانی ئەحمەدی نژاد و رۆحانیدا بەدی ناکا. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کەلە باری ئابووری و گەشەکردنەوە چوار پارێزگا کوردنشینەکان بە بەراورد لەگەڵ باقی پارێزگاکانی دیکە لە پلەی هەرە نزم دان، بەم حاڵەش سەرەڕای فشارەکانی رێژیم، هەستی نەتەوایەتی و خەباتی مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەروا بەرز و بەردەوامە. لێکدانەوەکە هاوفکری و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەو هەلومەرجەدا بە پێویستییەکی گرینگ دانابوو کە پێویستە بەدواداچوونی بە کردەوەی بۆ بکرێ.

لە لێکدانەوەکەی سکرتێری گشتیی حیزبدا ئاماژە بە وەزعی تورکیە و کوردستانی باکوور کرابوو و رەوتی سیاسی لەو وڵاتە و دۆزی کورد لەو بەشە لە کوردستان ‌و رەوتی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەی دەستنیشان کردبوو هەروەها پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستان بە ئەرێنی هەڵسەنگاندبوو هەر لەو پێوەندییەدا سیاسەتی تورکیە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستانی باشوور و لایەنە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو پێوەندییانە بۆ هەر دوولا بەسوود وەسف کردبوو و پێشبینی ئەوە کرابوو کە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماری لە تورکیە دەتوانێ شوێندانەریی تایبەتی لەسەر وەزعی ئەم وڵاتە و رەوتی ئاشتی هەبێ.

لێکدانەوەکە ئاوڕی لە وەزعی عێراق و ئەو کێشانە دابووەوە کەلە چەند مانگی رابردوودا بەرەوڕووی ئەم وڵاتە بووەتەوە و زەمینەی دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە و دەراوسێکانی لەو وڵاتەدا پێک هێناوە. لێکدانەوەکە هۆکاری گرنگی ئەم وەزعەی بە ئاکامی سیاسەتی نادروست و هژمونیخوازانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دانابوو کە بە کردەوە سوننەکانی عێراقی پەراوێز خستبوو و بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بە دوور لە یاساکانی عێراق رەفتاری دژبەرانەی گرتبووە بەر و بە جێ‌بەجێ‌ نەکردنی ماددەکانی یاسا‌و بڕینی بوودجەی کوردستان و مووچەی کارمەندان و چارەسەرنەکردنی کێشە هەڵاوەسراوەکان زەمینەی پەرەگرتنی ناکۆکی هەولێر و بەغدای پێکهێناوە. لێکدانەوەکە ئەو ئەگەرانەی دەستنیشان کرد بوو کە بە مان، یان نەمانی مالیکی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەوڕووی عێراق دەبنەوە ‌و بە لەبەرچاوگرتنی سەرجەم ناکۆکی‌ و شەڕ‌ و ئاڵۆزییەکان لەم وڵاتەدا ‌و بە تایبەت نفووزی زۆری کۆماری ئیسلامی سەقامگیرییەکی بە پەلە‌و بەردەوامی لێ‌ بەدی ناکرێ.

لێکدانەوەکە سرنجێکی تایبەتی دابووە وەزعی هەرێمی کوردستان ‌و ئەو هەلومەرجەی کە بۆی رەخساوە‌ و ئەو مەترسییانەی دەست نیشان کرد بوو کە ئەگەری روودانیان هەیە. ئەرکی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی دەسکەوتەکان ‌و پێراگەیشتنی بە ژیان ‌و گوزەرانی بە میلیون ئاوارەی سووری ‌و موسلی ‌و ناوچەکانی دیکە ئەویش بەم وەزعە ئابوورییە کە هەیەتی زۆر قورس‌ و گرانە، بەڵام ئەوەی دەتوانێ کورد بەسەر کوسپەکاندا زاڵ بکا ‌و دەسکەوتەکانی پارێزراو بن ‌و بەرنامە راپرسی گشتیی ‌و دیاریکردنی مافی چارەنووس ‌و جێبەجێ‌کردنی هەر بڕیارێکی کە خۆی لە بەرژەوەندی خۆی بیدا ‌و بیکاتە ئەمری واقیع بەستراوەتەوە بە یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان ‌و هەڵکردنی کۆمەڵانی خەڵک لەگەڵ ئەم هەڵومەرجە نوێیە ‌و دووربوون لە دوو بەرەکی. سیاسەت ‌و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرانبەر بە وەزعی هەرێمی کوردستان پشتیوانی کردن لە ئیرادەی خەڵک بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیانە.

لێکدانەوەی سکرتێری گشتی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ سووریە ‌و کورد لەو وڵاتەدا ئەوە نیشان دەدا کە هەرچەند یارمەتییە ماڵی‌ و سەربازی ‌و کەرەسەی نیزامی دۆستانی بەشار ئەسەد بە تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا ئەو رێژیمەی هێشتوەتەوە‌ و لە رووخان رزگاری کردووە ‌و سەرەڕای ئەو بە ناو هەڵبژاردنەی کە بەشار ئەسەد بۆ مانەوەی خۆی بەڕێوەی برد، شەڕ ‌و پێکدادان وا بە زوویی نابڕێتەوە ‌و کوردیش لەو وڵاتە کە نە رێژیمی بەشار ئەسەد دان بە مافیان دادەنی‌ و نە ئوپۆزیسیۆن، پێویستە بە یەکگرتوویی خۆیان‌ و بە دوور لە هێژمونیخوازی ‌و بەرژەوەندیی تەسکی رێکخراوەیی ببنە خاوەن ناسنامە و شوێندانەری خۆیان. لە پێناو بەرژەوەندیی کورد لە سووریەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر وەک رابردوو پشتیوانی لە دەسەڵاتی کورد بە بەشداریی هەموو لایەنەکان لەو پارچەیە لە کوردستان دەکا و یەکدەنگی و هاوهەڵوێستیان بە زامنی پاراستنی هەر دەسکەوتێک دەزانێ.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دوای ئەو لێکدانەوەیەدا راپۆرتێکی لە پێوەندی لەگەڵ سەفەری خۆی بۆ وڵاتانی ئورووپایی، دیدار و چاوپێکەوتنەکان، سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوکان و وەزعی کۆمیتەکانی حیزب لەو وڵاتانە پێشکەشی بەشدارانی پلینۆم کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆمی حەوتەمدا پاش لێکدانەوە‌ و راپۆرتی سکرتێری گشتیی حیزب چەند راپۆرت بە زانیاری وردترەوە لەسەر وەزعی عێراق ‌و هەرێمی کوردستان، وەزعی نێوخۆی کوردستانی ئێران ‌و وەزعی تورکیە‌ و کوردستانی باکوور لەلایەن چەند هاوڕێی دەفتەری سیاسییەوە بە ئاگاداری بەشدارانی پلینۆم گەیشت. بەشدارانی پلینۆم پاش پێشکەش کرانی ئەم لێکدانەوە‌ و راپۆرتانە چالاکانە را‌ و بۆچوونی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانە دەربڕی ‌و بە وردی باسیان لەسەر کردن ‌و سەرئەنجام لێکدانەوەکەیان پەسند کرد.
بەشێکی دیکە لە کاری پلینۆم بریتی بوو لە راپۆرتێک لەسەر چۆنیەتیی کار‌وباری دارایی حیزب لەلایەن بەرپرسی ئەو بەشە، کە دوای پرسیار ‌و وڵام‌ و روونتربوونەوەی بەرنامەی کاری ماڵی لە لایەن هاوڕێیانەوە ئەو چالاکییە پەسند کرا ‌و هاوڕێی بەرپرس راسپێردرا بۆ درێژەدان ‌و بەرەوپێشبردنی بەرنامەی کارەکەی.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆمدا بڕیار بۆ پێکهێنانی سمینارێک بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کار ‌و چالاکییەکانی حیزب لە ماوەی دوو ساڵی پاش کۆنگرەی ١٥ی حیزب درا ‌و شێوەی بەڕێوەچوونی دەست نیشان کرا. پلینۆم بۆ ئەم مەبەستە هەیئەتێکی ئامادەکاری دیاری کرد کە زەمینەی پێکهێنانی ئەو سمینارە پێک بێنی‌ و ئامادەکاری پێویستی بۆ بکا.

بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆم کۆمەڵێک مەسەلەی نێوخۆیی بۆ چالاکتر کردنی حیزب لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان بە تایبەت لە هەلومەرجی ئێستادا ‌و بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەگەرەکان باس کران ‌و کۆمەڵێک بڕیاریان بۆ درا. جیا لەوانە پلینۆم چەند راسپاردەیەکی بە ئورگانەکانی حیزب دا بۆ ئەوی لە رەوتی کار ‌و تێکۆشانیاندا رەچاویان بکەن.

پلینۆمی حەوتەمی کۆمیتەی ناوەندی بەلەبەرچاوگرتنی ئەو کار ‌و چالاکییە بەربڵاو بەرچاوانەی کە بە بۆنەی ٢٥ ساڵەی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو لە دەرەوەی وڵات، لە هەرێمی کوردستان ‌و لە نێوخۆی وڵات بە هەوڵ ‌و هیمەتی ئەندامان ‌و لایەنگران ‌و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوون بە پێویستی زانی سپاس ‌و پێزانینی خۆی پێشکەش بە هەموو تێکۆشەرانی حیزب لە نێوخۆی کوردستان، هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی ئورووپایی ‌و هەروەها لە دۆستان ‌و کەسایەتییەکانی کورد، ئێرانی ‌و ئورووپایی‌یەکان ‌و ئەو دەزگایانەی راگەیاندن بکا کە لە رووماڵکردنی ئەو چالاکییانەدا زەحمەتیان کێشا.

حەوتەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش راگەیشتن ‌و ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی لە پێوەندی لەگەڵ دەستووری کاری پلینۆمدا پاشنیوەرۆی رۆژی دوو شەممە ٣٠ی پووشپەڕ کۆتایی بە دانیشتنەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٣١/٤/١٣٩٣ی هەتاوی
٢٢/٧/٢٠١٤ی زایینی