کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: سەربەخۆیی ئیرادە و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دەوێ

21:59 - 13 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: رۆژنامەی خەبات لە ژمارە ٤٦١٤ی خۆیدا کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژ بڵاوی کردووەتەوە، وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری پێکهێناوە.
دەقی وتوویژەکە بەم چەشنەیە:

خەبات: کوردستان لە دوای شەڕێکی نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەمان سنووری ئێستای ئێران و تورکیە دەکەن، کراوە بە دوو بەش لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، کراوەتە چوار بەش، ئایا هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەشکارییەی دووهەم کە بە سەرکردایەتیی وڵاتانی زڵهێزی جیهانی بەڕێوە چوو، بۆچی دەگەڕێتەوە؟

مستەفا هیجری: بەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی وڵاتانی زڵهێزی براوەی شەڕ، سنووری دەسەڵاتداری وڵاتانی دۆڕاوی شەڕیان لە نێوان خویاندا دابەشکرد، لە ئاکامی ئەو دابەشکردنەدا بەشێک لە خاکی کوردستان کەلە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا بوو لە نێوان دوو وڵاتی تازە بنیاتنراوی سووریە و عێراقدا دابەش کرایەوە، بەشێکی هەر لەژێر دەسەڵاتی وڵاتی تورکیەدا مایەوە کە لەسەر وێرانەکانی دەوڵەتی عوسمانی بینا کرابوو ‌و بەشێکیشی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تاراندا مایەوە بەم چەشنە کوردستان بوو بە چوار بەش.

خەبات: کورد نەتەوەیەکی دەیان میلیونییە خاکێکی فراوان و بە پیتیشی هەیە، هەمیشە دەوترێ‌ کە وڵاتانی زڵهێز ئەو نەتەوانە دەکەن بە خاوەنی وڵاتی خۆیان کە دەتوانن بە جۆرێک لە جۆرەکان قازانجیان لێ‌ بکەن، بۆچی لە کاتێکدا کوردستان سامانیشی زۆرە، وڵاتان لەسەر نکۆڵی کردن لە مافە بنەڕەتییەکانی کورد بەردەوامن؟

مستەفا هیجری: ئەوە راستە کە کوردستان خاکێکی فراوان و حەشیمەتێکی زۆری هەیە و زۆریش بە پیتە، بەڵام لە هەمانکاتدا لە بیرمان نەچێ کە ئەو وڵاتانەی کوردیشیان بەسەردا دابەش کراوە وڵاتی بە پیتن بەرژەوەندییەکانیان بۆ زلهێزەکانی جیهان لە بەرژەوەندیی کوردستان زیاترە، بۆیە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی بچووک (کوردستان) نایانەوەێ بەرژەوەندییە گەورەکانیان (وڵاتە گەورەکان) لە کیس بچێ. بێجگە لەوە مەسەلەی ئەمنی ‌و تێکدانی سنووری ئەو وڵاتانە و کۆمەڵێک فاکتەری دیکەش لە بڕیاردانی زلهێزەکاندا هەیە کە لەبەرچاوە دەگیرێ، کە یەکێک لەو فاکتەرانە رەخساندنی مەجالی گونجاوی سیاسییە کە بەهۆی ئاڵوگۆڕەکان بۆ نەتەوەیەکی دابەشکراو، یان ژێردەستەی وڵاتێکی بەهێزتر دەرخسێ وەک نموونەیەکی باش لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئەرمنستان و ئازەربایجان ناو بەرین. کاتێک لە کۆتایی شەڕی سارد وڵاتی سوویەت شکستی خوارد و حکوومەتەکەی تێکچوو، دەرفەتێکی باش بوو بۆ زۆربەی ئەو نەتەوانەی کە خاکی خۆیان هەبوو و تا ئەو کات لە ژێر دەسەڵاتی سۆڤییەتدا دەژیان، جیابوونەوە و سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند، وڵاتانی رۆژئاواش بە تایبەت ئەمریکا کە ئەو دابەش بوونەیان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەزانی ئەو وڵاتانەیان بە رەسمی ناسی، بەڵام تا ئێستا هەلومەرجێکی سیاسیی لەم چەشنە بۆ کورد هەڵنەکەوتووە.

خەبات: خەباتی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بە شێوەیەکی گشتی خەباتی لێکدابڕاو بووە، ئەگەر پێوەندییەکیش هەبوو بێت، زیاتر تەشریفاتی بووە، هەرچەند هێندێک جار دوو پارچەی کوردستان بە یەکەوە خەبات دەکەن، بۆ نموونە لە ئێستادا بەشێک لە هێزەکانی باکوور‌و رۆژئاوای کوردستان بە یەکەوە خەبات دەکەن، یان لە رابردوودا رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە یەکەوە خەباتیان کردووە. ئایا خەبات کردنی کورد بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بۆ ئەم واقیعە گونجاوە؟ ئایا ئەم لێکدابڕاوییەی خەباتی کورد هۆکارە نەبووە بۆ دواکەوتنی بەدینەهاتنی خەونی دەوڵەتی کوردی؟

مستەفا هیجری: وەک ئاماژەتان پێ کرد چەند جارێک وابووە کە کوردەکانی دوو بەش بە شێوەی پچڕپچڕ یارمەتی سەربازیی یەکتریان داوە لە دژی یەکێک لە حکوومەتە داگیرکەرەکان، بەڵام ئەو یارمەتییانە زۆر بەرتەسک و کاتی بوونە و شوێندانەریی بەرچاویان لە گۆڕینی پارسەنگی هێز پێک نەهێناوە.

یەکگرتنی هێزی کورد لە هەرچوارپارچەدا ‌و تەنانەت لە دوو پارچەشدا، دەبێتە هۆی یەکگرتنی دەوڵەتەکان بۆ سەرکوتی خەباتێکی یەکگرتووی ئەوتۆ، ئەو نموونانەشمان لە مێژوویی خەباتی کورددا دیوە، بۆیە دەڵێم خەباتی یەکگرتووی کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە دژی چوار دەوڵەتی بەهێز کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە نەگونجاوە.

خەبات: بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی کوردستان لە کاتی ئێستادا ‌و هەڵسەنگاندنی لایەنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتییەکان لە باشووری کوردستان، راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە ئێستادا تا چەند لە واقیعەوە نزیکە ‌و وەک زەروورەتێک ئەبێ‌ چاوی لێ‌ بکرێت؟

مستەفا هیجری: من لەو باوەڕە دام لە هەڵومەرجی وەک ئێستادا کە بە کردەوە دەتوانین بڵێین حکوومەتێک بە واتای راستەقینەی خۆی لە عێراقدا نییە ‌و چاوەڕوانیش ناکرێ بەم زوانە عێراق رووی ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ و کوردیش دەسەڵاتی بەسەر هەموو خاکی خۆیدا هەیە و خاوەنی نەوتێکی زۆریشە کە ئەوە بۆخۆی لەباری دارایی و سیاسییەوە فاکتەرێکی گرینگە بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام بێجگە لەوانە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور چەند فاکتەری دیکەش زۆر گرینگن و پێویستە لەبەر چاو بگیرێ:

یەکەم ــ یەکڕیزیی خەڵک و رێکخراوە سیاسییەکان بە گشتی بە مەبەستی ئێرادەی پێکهێنانی ئەو سەربەخۆیی‌یە.

دووهەم ـ ئامادەیی خەڵک بۆ تەحەموڵی ئەو زەخت و کێشانەی کە نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان بۆی دەخولقێنن، بە تایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک بەستنی سنوورەکانیان بە رووی کوردستان و پێکهێنانی کەموکۆڕی لە هەموو بارێکەوە‌ و باقی پیلانەکان لانیکەم لە کورتخایەندا وەک شەهید د. قاسملوو فەرموویەتی، گەلێک ئازادی بوێ دەبێ ئامادە بێ نرخەکەشی بدا.

سێهەم ـ ئامادە بوونی وڵاتێکی دراوسێ ـ وەک تورکیە ـ کە حکوومەتەکە بە رەسمی بناسێ و رێگایان بەرەو وڵاتانی دنیادا بکاتەوە.