کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ماڵ و کلیل\" دوو خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمی \"فۆئێنکالینتێ رۆرال\"ی ئیسپانیایی بەدەستهێنا

16:02 - 22 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: کورتە فیلمی ماڵ و کلیل لە دەرهێنانی شوان عەتووف دوو خەڵاتی لە فیستیڤاڵی فیلمی فۆئێنکالینتێ رۆرال لە ئیسپانیا بەدەست هێنا و خەڵاتەکانی پێشکەش بە پێشمەرگەکانی کوردستان لە بەرەکانی جەنگدا کرد.
کۆمپانیای ئای لۆف فیلم لە باشووری کوردستان و وڵاتی بریتانیا بڵاوی کردەوە، کورتە فیلمی چیرۆکی ماڵ و کلیل Home & Key لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری کورد شوان عەتووف و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فۆئێنکالینتێ رۆرال Fuencaliente Rural لە وڵاتی ئیسپانیا نمایش کرا.

ئەو فیلمە لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم و هەروەها لەلایەن بینەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بینەران بە دەرهێنەری فیلمەکە بەخشرا.

کورتە فیلمی کوردی ماڵ و کلیل بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگانە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: ئیسپانیا، بریتانیا، ئەمریکا، ئیرلەندا، رۆمانی، ئێران، کۆریا، سێربیا، رووسیە، سلۆڤاکیا، هۆنگ کۆنگ و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕکابەریدا بوو.