کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ی گەلاوێژ، رۆژێک کە کورد بە \"کافر\"راگەیەنرا (مەجید حەقی)

15:43 - 1 خەرمانان 2714

مەجید حەقی

هاوینی ساڵی ١٩٨٣ برازام هیوا تەمەنی دووساڵە بوو کە لە گەڵ دایکی لە گوندی خرێی ناوچەی دەشتی ورمێ لە سەر کانیاوی نزیک ماڵیانەوە ئاویان دەهێنا. لەنەکاو دوو هەلیکۆپتێری کۆماری ئیسلامی لە گوند نزیک بوونەوە و هەرکە براژنم و هیوایان بینی ئەوانیان وەبەر رەگباری کالیبری پەنجا دا و ئەگەر ئەوکات دارەکان کە بەهۆی گولەبارانەوە شکان و لەسەریان نەکەوتبا هەم براژنم و هەم برازای دووساڵەم دابێژدابێژ دەکران.

هەلیکۆپتێرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەجێ گەیاندنی فەرمانی جەهادی خومەینی لە گوندەکانی کوردستان دەگەڕان و زۆرجار گەر منداڵێکیشیان لە بەر درگا بدیبا دەیانگرتە ژێر رکێفی رەگبار و گولـلەبارانی خۆیان.

٢٨ی گەلاوێژ لە مێژووی کوردستان و ئێران‌دا وەبیرهێنەرەوەی دوو رووداوی مێژوویی تاڵ و سێبەری رەشی دیکتاتۆری لە سەر گەلانی ئێرانن. لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٣دا محەمەد رەزاشای پەهلەوی بە هاوکاری هێزە ئیمپریالیستیەکانی سەردەم کۆدیتایەکی دژی دەوڵەتی نەتەوەیی دکتۆر محەمەد مسەدق کرد و سێبەری رەشی دیکتاتۆری بە سەر ئێراندا سەپاند. محەمەد مسەدق نەتەوەگەرایەک بوو کە باوەڕی بە جۆری کۆماری بەرێوەبەری وڵات هەبوو و نیمچە ئازادیەک لە سەردەمی سەرۆک وەزیریی ئەودا لە ئێران پێک هاتبوو. بە جۆرێک کە حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان (ـی ئێران) لەو سەردەمەدا چالاکانە خەباتیان دەکرد. کۆدیتای ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٣ خەباتی سیاسی لە ناو شار و پەرلەمانەوە بۆ ناو مزگەوت برد و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ کەوتەوە.

لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٩٧٩دا دوای بە تاڵان بردنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئایەتوڵلا خومەینی، رێبەری کۆماری ئیسلامی فەرمانی جەهادی دژی خەڵکی کوردستانی دەرکرد و بەوە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپا. لە ئاکامی ئەو فەرمانە ئایینی – سەرکوتکەرانەدا هێزەکانی رژیمی ئێران کوردستانیان کردە مەکۆی قەڵاچۆ، گوند و شارەکانی کوردستان کەوتنە بەر بۆردمان و وێرانی.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)ی ئێستا بەزەیی بە منداڵەکانیش نەدەهات و ئەوانی دەدا بەر دەستدرێژی خۆیان. لەوساوە تا ئەمرۆ شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کورد بە هەموو شێوەکانی نیزامی، ئابووری، رەوانی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پەروەردەیی بەردەوامە.

فەرمانی جەهاد کە فەتوایەکی ئایینیە و لەلایەن ئایەتوڵلایەکی دەسەڵاتدارەوە دەرچووە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت هەڵنەوەشاوەتەوە و بە پێی ئایینی شیعەش ئەو فەرمانەی کە لەلایەن رێبەرێکی ئایینیەوە دەدرێت تەنیا دەتوانێت لەلایەن کەسێکی بەرزتر لەو هەڵوەشێنرێتەوە. خومەینی کە سەردەمێک جێگری ئیمامی زەمان لە سەر گۆی زەوی بووە تا ئێستاشی لە گەڵ بووبێت کەسێکی هاوشانی نەدۆزراوەتەوە، بۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەفادار بەو فەتوایە لە تەنگ کردنی گەمارۆکانی سەر خەڵکی کوردستان، بە گۆڕینی ناسنامەی نەتەوایەتییان و قەدەغەکردنی هێما کولتووری و نەتەوایەتیەکانیان، بە زیندانی کردن، ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و بڵاوکردنەوەی تۆری جاسووسی و دووبەرەکی خستنەوە لە ناو ریزەکانی خەباتگێڕانی رزگاری کوردستان هەروا درێژە بەو فەرمانە دەدەن و بۆ ئەوان کوشت وبڕ و لەناوبردنی گەلی کورد بەجێ هێنانی ئەرکێکی ئایینیە.

تەنیا رێگای رزگاری لەو فەرمانە ئایینیە رزگاری لە کۆماری ئیسلامی و رزگاری نەتەوایەتی لە زیندانێکدایە بە ناوی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لەو سەردەمەدا کە ئاستی وشیاری، خۆڕێکخەری و داخوازە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرزتر لە هەموو مێژووی چەندین دەیەی خەباتی خۆیدایە، ئەرکی رزگاریخوازانی کورد و هێزە سیاسیەکانی کوردستان یەکیەتیی نەتەوایەتی و بەدەست هێنانی دەنگێکی هاوبەشە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو بەرپرسایەتیە مێژووییەی لە سەر شانیانە. تەنانەت گەر بڕیار بێت رێگا چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا بێت، بەبێ یەکگرتوویی و یەک دەنگی بزاڤی کورد داخوازەکانی نەتەوەکەمان لە لایەن کاربەدەستانی ئەمرۆ و هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنەوە بەجیدی وەرناگیرێن و کورد هەروا بە ئێرانیانی ئەسیڵ دەناسرێن کە لە گەڵ کۆمەڵگای ئێرانی تێكەڵ بوون و هەروا برابچووکی نەتەوەی سەردەست دەمێننەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە