کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرۆر لە کارنامەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران‌دا (جەماڵ رەسووڵ دنخە)

21:54 - 18 خەرمانان 2714

جەماڵ رەسووڵ دنخە

رێژیمی ئیسلامیی ئێران تیرۆر وەکوو ستراتیژییەک بۆ لەناوبردنی دژبەرانی خۆی لە گۆڕەپانی دەسەڵات کەڵک وەردەگرێت و لە رەوتی حکوومەتی خۆێ‌دا لە رابردوو، هەنووکەدا لەو کردەوەیە بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.

تیرۆریزم چییە؟

تیرۆریزم، بەکار هێنانی کەرەستە و کردەوەی نایاسایی و نامرۆڤانە و تۆندئاژۆیانە بۆ گوشار خستنەسەر دەوڵەت بەمەبەستی ئامانجێکی تایبەته.

کەرەستەی نایاسایی بەگشتی دەبێتە هۆی ترس و خۆف و بۆ ئامانجێکی تایبەت وەکوو سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و هتد دەگەڕیتەوە.

چەمکی تیرۆریزمی دەوڵەتی چەمکێکی تازەیە، هەندێک لە وڵاتانی جیهان دەوڵەتەکانی دیکە بە تیرۆریزمی دەوڵەتی تاوانبار دەکەن. جیاوازی هەڵێنجان لەو وشەیە و جیاوازی ئەو لەگەڵ تیرۆریزمی تاکەکەسی و گرووپی گرینگێکی زیاتر دەبەخشێتە بابەتەکە.

تیرۆر لە زمانی فارسی‌دا

تێرۆر لە زمانی فارسی‌دا بە قەتڵی سیاسیی بە چەک مانا کراوەتەوە، ئەو وشەیە لە زمانی فەڕانسەوی‌دا بە مانای تۆقاندن هاتووە و تیرۆریستیش هەر لە وشەی تیرۆر وەرگیراوە واتە کەسێک کە لایەنگری ئوسوولی توندوتیژی نواندن، کردەوەی توند و دروست کردنی ترس و خۆف بێت. ئەو وشەیە لە زمانی فارسیی ئەمڕۆدا بە کەسێک دەوترێت کە بە چەک قەتڵی سیاسیی ئەنجام بدات.

لە مێژووی شۆڕشی گەورەی فەڕانسەدا ئەو وشەیە دوو مانای تایبەتی هەیە و بە دوو مەبەست بەکار دەهێنرێت: یەکەم، بە مانای گرتنەپێشی رێگا چارەی سەخت دژ بە شۆرشگێڕان، دووهەم، ناوی دەورانێک لە میژووی فەڕانسەیە کە لەوێدا تیرۆر بە مانای یەکەم بەکار دەهات و حاکم بووە.

ئێستا ئەو وشەیە لە چەمکی سیاسیی‌دا بە مانای هەر جۆرە کردەوەیەک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجی تایبەت و پەنابردن و دروستکردنی تۆقاندن بەکار دەهێنرێت.

بە رای هەندێک لە نووسەران تیرۆریزم واتە باوەڕهەبوون بە پێویستیی مرۆڤ کوژی، هەڕەشە و دروستکردنی ترس و خۆف لە نێو کۆمەڵگادا بۆ گەییشتن بە ئامانجی سیاسی یا روخاندنی دەسەڵات و بەدەستەوە گرتنی جڵەوی دەوڵەت یا تەحویل‌دانی دەسەڵات بە تاقم یا گروپێک کە پێشتر دەیهەویست دەسەڵات لە دەستی ئەو دابێت، ئەو باوەڕە زۆرتر لە ئوسوولی فاشیزم و ماکیاویلیزم خۆی دەردەخات.

لە کۆی گشتی ئەو پێناسانەی کە بۆ وشەی تیرۆریزم باس کران دەتوانین بڵێین کە تیرۆریزم بە‌کارهێنانی کەرەستەی نایاسایی توندئاژۆیانە بۆ گوشار دژی دەسەڵات یا حیزب یا گرووپێکی سیاسی بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەتـە.

تیرۆریزمی دەوڵەتی چەمکێکە لە ئاگادارکردنەوە بە دەستێوەردانی دەوڵەت یا دەوڵەتانێک لە کاروباری نێوخۆیی یا دەرەوەی وڵاتانی دیکە کە بە مەبەستی ترس و تۆقاندن بە بەکارهێنان یا هاوکاریی کردن لە کردەوەی تیرۆریستی یا پشتیوانی نیزامی بۆ لاوازکردن یا روخاندنی دەوڵەتی لەسەر کار یا حیزب یا هەر گرووپێک کە دژی دەسەڵات بێت.

جۆرەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتی:

ــ یارمەتییە ماڵییەکان وەکوو یارمەتییە نیزامییەکان
ــ یارمەتییە مەعنەوییەکان وەکوو پشتیوانی سیاسی بە گرووپە جیاوەزەکان و هاوکاریی لە کردەوەی تیرۆریستی وەکوو بۆمب‌گوزاری، مین‌گوزاری کەنارئاوەکان، رفاندنی مرۆڤەکان، رفاندنی فڕۆکە و تیرۆری بەرپرسانی باڵای حکوومەتی یا قەتڵی رێبەرانی سیاسیی حیزبێکی ئۆپۆزیسۆن لە وڵاتانی دەرەوە چەند نموونەیەک لە تیرۆریزمی دەوڵەتین.
بڕایان جنیکێنس یەکێک لە هەواڵنێرانی بەناوبانگ، تیرۆریزمی دەوڵەتی نەم جۆرە پێناسە دەکات: شەڕ لە رێگای جێگرەکان (جنگ از طریق قائم مقام). ناوبراو دەڵێت: ئەو وڵاتانە (پشتیوانانی تیرۆریزمی دەوڵەتی) لەسەر سنوورداریەتی شەڕەباوەکان پێداگری دەکەن(محدودیتهای جنگهای متعارف) بۆیە وا هەست پێ دەکەن کەلە ئیمکاناتی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە هەمیشە بۆخۆیان ئەو رێکخراوانەیان پێکهێناوە یان لەباری ماڵی ئەوان پشتیوانیان لێ دەکەن، بۆ ترساندنی دوژمن یا تێکدانی سەقامگیری سیاسیی و ئابووریی ئەو وڵاتە کەڵک وەردەگرن.

لە تیرۆریزمی دەوڵەتی‌دا بەڕێوەبەری ئەسڵی کردەوە تیرۆریستییەکان یەک دەوڵەت یا چەند کەسی تایبەتە و جیا لەوەش دەستێوەردانی دەوڵەت یا دەوڵەتەکان لە کردەوە تیرۆریستییەکان دوو جۆرە:

ــ بەشێوەی راستەوخۆ؛ دەوڵەت خۆی کردەوەی تیرۆریستی دژی دەوڵەت یان لایەنێکی دیکە ئەنجام دەدات.
ــ بەشێوەی ناراستەوخۆ؛ واتە بە ناردنی کەس و ناردنی یارمەتییەکانی وەکوو چەک، تفاقی شەڕ و کەرەستەی پێشکەوتووی نیزامی بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات و ئامانجی خۆیان دەپێکن.

بە باوەڕی نووسەرانی کتێبی فەرهەنگی چەمک و دەستەواژەکانی سیاسیی و ئیستراتژیک دەبێ سێ بابەت لە تیرۆریزمی دەوڵەتی جیا بکەینەوە:

ــ گرووپە ئازدیخوازە نەتەوەییەکان
ــ حیزبە شۆڕشگێرەکان
ــ گرووپە قەومی یا ئایینییەکان

ئەو حیزب و گرووپە سیاسیانەی کە بۆ ئازادی خاک ونیشتمان ئاوارەبوونە و پایبەند بە یاسای نێودەوڵەتین بە تیرۆریست ناناسرێن و بەڵکوو پشیتوانی نێودەوڵەتیشیان لێ دەکرێت.

تیرۆریزمی دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئیران

تیرۆریزمی دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە کۆمەڵێک کردەوەی تیرۆریستی ئەو رێژیمە کە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خۆی لە رێکخراوە نێوخۆیییەکان و دەرەوەی ئێراندا بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە یا پشیتوانی ئەو رێژیمە لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەوترێت.

پاش شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، خۆمەینی و بەرپرسانی ویلایەتی فەقیهـ دوای روخانی رێژیمی پاشاتی ئەو وادە و بەڵێنانەی کە پێش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بە خەڵکیان دابوو بەڵام دواتر نەتەنیا لەگەڵ غەزەبی توندی خومەینی و دار و دەستەکەی بەروڕوو بوونەوە بگرە بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا، جیاواز بیران، بیر رۆژئاوایی‌بوون، کافر و ...هتد هەموو لایەن و حیزبێکی سەرکوت کرد و تەواوی ئاوات و خۆزگەکانی خەڵکی ئیرانی کردە خەونێک.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI)Democratic Party of Iranian Kurdistan وەکوو ئاڵاهەڵگری شۆڕشی نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لەسەرەتای هاتنی سەرکاری رێژیمی ئێران وەکوو حێزبێکی دژە نیزام و بێ دین لەلایەن ولایەتی فەقیهـ ناودێر دەکرا و خەڵک بۆ بەرگری لە خاک نیشتمان دەستیان دایە خەباتی چەکداری و شەڕی نەخوازراو کە لەلایەن خومەینی وە بەسەر کورددا سەپێندرا و تەنانەت بە فەرمانی نامرۆڤانەی خومەینی لە ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ حوکمی جیهاد بەدژی کورد درا.

وڵاتانی رۆژئاوا وەکوو ئامریکا، ئیسرائیل، ئاڵمان، ئاڕژانتین و بریتانیا رێژیمی ئێرانیان بە دەستێوەردان و پشتیوانی لە تیرۆریزم ناساندووە.

دەوڵەتی ئامریکا، رێژیمی ئێرانی بە هاوکاریی کردنی ئەو رێژیمە لە حیزبووڵڵای لوبنان و چەندین گروپی تیرۆریستی کەلە لیستەی گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهاندا جێگیر کردووە.

9345.jpg


هەروەها سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و وەزارەتی دیفاع لە لیستی گرووپە تیرۆریستتەکانی جیهان جێگەیان گرتووە.

تەقاندەوەی بنکەی جوولەکەکان لە وڵاتی ئاڕژانتین یەکێک لە بەرچاوترین نموونەی تیرۆریزمی دەوڵەتی ریژیمی ئێران لە دەرەەی وڵات بووە کە لەو کردەوە تیرۆریستییەدا هاشمی رەفسەنجانی بەڕێوەبەری ئەو تیرۆرە بووە و لەلایەن دادگای نێونەتەوەیی لاهە بانگهێشت کرا.

رێژیمی ئێران لە درێژەی کردەوە تیرۆریستییەکانی خۆی لە بەرانبەر گەلی کورددا، رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی که بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڤییەنی وڵاتی ئۆتریش لەسەر مێزی وتووێژ ئامادە ببوونی دایە بەر دەستڕێژ و شەهیدیانی کرد.

تیرۆری میکۆنووس

لە پەروەندەی تیرۆری میکۆنوس‌دا دەوڵەتی ئاڵمان چەندین کەس لە بەرپرسانی پایەبەرزی ئێرانی بە هاوکاریی کردن لەو تیرۆرە بە تاوانبار ناساند و تیرۆریزمی دەوڵەتی ئێران بەڕوونی خۆی دەرخست.

رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ساڵێ ١٣٧١ی هەتاوی کۆنگرەی جیهانی حیزبە سوسیالیست و سوسیال دێموکراتەکان لە بڕلین پایەتەختی ئاڵمان لە کاتی بەڕێوەچوون‌دا بوو.

چالاکانی سوسیالی ئێران کە بە گشتیی لە چالاکانی سیاسیی ئێرانی و حیزب و لایەنە دژبەرەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بوون. دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی حزیبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەشداریی لەو کۆبوونەوەیە بۆ ئاڵمان چووبوو، رۆژی چاوپێککەوتن لە رستۆرانی میکۆنوس لە کاتی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی رێژیمی ئێران درانە بەر دەستڕێژ و دوکتور سادق شەرەفکەندی ، هوومایون ئەردەڵان، فەتاح عەبدوولی و نوری دێهکوردی شەهید کران.
9344.jpg


دوای یەک ساڵ تێپەربوون بەسەر کارەساتی رستۆرانی میکۆنوس کەسێکی ئێرانی بە ناوی کازم دارابی کازرونی سەربە سپای پاسدارنی رێژیمی ئیسلامی و ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران بوو و ٤ کەسی دیکەی لوبنانی بە ناوەکانی یووسف ئەمین، محەممەد ئیدریس، عەتائووڵڵا عەیاد و عەباس رەحیل لەلایەن پۆلیسی ئاڵمانەوە دەستبەسەرکران و تاوانباران کە رێکەوتی ٦ی ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی دادگایی کران.

دادگایی کردنی ئەو چەند کەسە نزیک بە ٥ ساڵ و ٢٤٧ رۆژی خایەند و نزیک بە ٩ میلیۆن فڕانک خەرجی هەڵگرت.

لە رەوتی دادگایی کردنی ئەو تاوانبارانەدا زیاتر لە ١٧٠ کەس لە دادگا ئامادە بوون و لەبارەی رووداوی تیرۆرەکەدا قسەیان کرد.

حوکمی دادگای میکۆنوس لە رێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦دا دەرکرا کە کازم دارابی دانیشتووی ئێران و عەباس رەحیل خەڵکی لوبنان بە زیندانی هەتاهەتایی و یوسف ئەمین و محەممەد ئیدریس خەڵکی لوبنان بە ١١ساڵ و ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کران کە گەورە بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە بڕیادەرە سەرەکییەکانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە بوون.

بەرپرسانی ئەو کاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران واتە هاشمی رەفسەنجانی، سەرکۆماری ئەو کاتی ئێران، عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعات، عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران و سەید عەلی خامنەیی رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستیان لە تیرۆری رێبەرانی گەڵی کورددا بوو.
ئەمرۆکەش رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام درێژە بە کردەوەی تیرۆریستی لە نێوخۆ و وڵاتانی ناوچەکە دەات و بەردەوام لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا بە دەستێوەردان و کردەوەی تیرۆریستی مەحکووم کراوە.

تیرۆریزمی دەوڵەتی رێژیمی ئێران بۆتە جێگای مەترسی لەسەر بارۆدۆخی وڵاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و رۆژانە بە یارمەتی ماڵی و مەعنەوی لە گرووپە توندئاژۆکانی وەکوو حیزبووڵڵای لوبنان، حماس و ... خەڵکی سڤیل بە کوشت دەدات.

نموونەی هەرە بەرچاوی تیرۆریزمی دەوڵەتی رێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریە لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی بەعسی بەشار ئەسەد خۆ دەردەخات، نزیک بە ٤ ساڵە شەڕ و پێکدادنە نیزامییەکان لە و وڵاتە درێژەیە هەیە و بە هەزاران کەس کوژراون و ملوێنان کەس ئاوارە بوونە.

پشتیوانی ماڵی و نیزامی رێژیمی ئێران لە گرووپە تیرۆریستیەکان تێچوویەکی زۆر هەڵدەگرێت ئەوەش لە کاتێک دایە کە خەڵکی ئێران لە دژوارترین دۆخی ژیاندا بەسەر دەبەن.