کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی گۆڤاری شار لەگەڵ محەممەد ساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات

23:20 - 18 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: گۆڤاری شار له‌گه‌ڵ محەمەد ساڵح قادری ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندیەكانی هەولێری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هەڤپەیڤینێکی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای کوردستان و بەشداری حیزبی دێموکرات لە شەڕی داعش لە هەرێمی کوردستان رێک خستووە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

شار: وەكو بەشێك لە پارتە سیاسیەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستان ئێوەش لە دژی هێرشەكانی داعش چوونە بەرەكانی شەڕ ، دوای دوو رۆژ ئێوە لە بەرەكانی شەڕ كشانەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئێوە لەسەر داوای هێزی دژە تیرۆر و لەژێر فشاری كۆماری ئیسلامی ئێران كشابنەوە، هۆكارەكە ئەمەیە یان شتیترە؟

محەمەد ساڵح قادری: راستە چوارچێوەی خەباتی ئێمە لە بەشی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام حزبی دیموكرات بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی هەر بەشێك لەبەشەكانی كوردستان و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ‌و ستراتیژی نەتەوەیی بە درێژایی تەمەنی‌و لە قۆناغە جیاجیاكاندا‌و هەموو كات و ساتێك هەڵوێستی نەتەوەیی لەبەرامبەر هەر رووداوێكی پەیوەندیدار بە چارەنووسی گەلەكەمان لە هەر بەشێكی كوردستان هەبووە، لەسەر بنەمای ئەو سیاسەتە دوای ئەوە كە ئاراستەی داعش بەشێوەیەكی گوماناوی ‌و پلان‌بۆداڕێژراو‌ و كتوپڕ بەداخەوە رووی لە هەرێمی كوردستان كرد ‌و هەرێمی كوردستان كەوتە بەر شەڕفرۆشی داعشەوە, لێرەدا ئێمە بە ئەركی خۆمان زانی كە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسی‌و هێرشانەی داعش كە رووی لە گەل‌و نیشتمانی خۆمان كردووە، هاوكاری هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بكەین.

شار: بۆ بەشداری لەو شەڕە لەگەڵ كام لایەنی پەیوەندیدار قسەتان كرد؟

محەمەدساڵح قادری: ئێمە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییمان ئاگادار كردەوە و دوای دوو رۆژ ئەوانیش ئۆكەیان كرد و وتیان دەتوانن بەشداری شەڕەكان بكەن، بەشانازییەوە ئێمەش لە قۆناغی یەكەم و لەماوەیەكی كەم دا بە سەدان پێشمەرگەی خۆمان بە چەكەوە ناردە بەرەكانی شەڕ لە سنووری مەخموور و گوێڕ و هەروەها ئامادەكاریمان كرد بۆ قۆناغی دووەم و سێیەم چونكە خەڵكێكی زۆر لە رێی حزبی دیموكراتەوە هاتن ناوی خۆیان نووسی، بەڵام دوای دوو رۆژ مانەوە لە بەرەكانی شەڕوتیان سوپاستان دەكەین بۆ ئەو هەڵوێستە نەتەوەییەتانە و داوایان لێكردین كە بەرەكانی شەڕ جێبهێڵین و بگەڕینەوە بارەگاكانی خۆمان وئەگەر پێویستی كرد سەر لەنوێ‌خۆیان پێمان دەڵێنەوە.
شار: كێ‌بە ئێوەی وت كە لەبەرەكانی شەڕ بكشێنەوە؟

محەمەدساڵح قادری: هەمان لایەنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كە بۆ بەرەكانی شەڕ هەماهەنگییان كردبوو هەر ئەوانیش وتیان بكشێنەوە، ئێمە بە تەنسیقی ئەوان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە چووبووینە شەڕ و وتیان قسەمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كردووەو ئێوە وەك هێزێكی متمانەپێ‌كراو دەتوانن لە بەرەكانی شەڕدا بەشداری بكەن. كەچی دوای دوو رۆژ مانەوە لە بەرەكانی شەڕ، برادەرانی ئەنجومەنی ئاسایش وتیان لەبەر ئەوەی لەگەڵ وەزارتی پێشمەرگە تەنسیقی تەواو نەكراوە پێویستە بگەڕێنەوە‌و هەربۆیە ئێمەش وەك هێزێكی خاوەن پرەنسیپ ئیلتیزاممان بە بڕیاری ئەوان كرد‌و گەڕاینەوە. بەڵام پرسیار لای ئێمە ئەوەیە ئێمە بە تەنیسق وپرسكردن چووینە بەرەكانی شەڕو بەهەمان شێوەش گەڕاینەوە كەچی دەبینین لایەینیتر هەیە بە بێ‌‌پرس و بە ئارەزووی خۆیان لەبەرەكانی شەڕن و تەنیسقیشیان نەكردووە.

شار: لایەنیتر مەبەستت كێیە، لەگەڵ پەكەكە تانە؟
محەمەدساڵح قادری: راستە كە هێزەكانی پەكەكە ‌و یەپەگە لەو قۆناغە هەستیارەدا وەك هێزێكی كوردی بۆ شەڕی داعش بەشدارییان كردووە‌و خەڵكیان پاراستووە بەڵام ئەگەر ئەو كارە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكرێت، نیگەرانی دروستبوونی ئالۆزی و دووبەرەكێ‌دێتە ئاراوە، هەروەها هاتن یان هێنانی رێژیمی ئێرانیش لە لایەكی دیكەوە مەترسی جیددی لەسەر داهاتووی كوردستان دروست دەكات كە بە رەواڵەت بۆ پشتیوانی و هەماهەنگی نێوان حكومەتی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە هاتوون و لە سەعدیە و جەلەولاو خانەقین و كفری و هەتا مەخموور سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕ دەكەن. بەو ئەزموونەی كە لەو رێژیمە هەمانە، هاتنی كۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی پشتیوانی لە پێشمەرگە یان هەماهەنگی بە مەترسیەكی جیددی دەزانین لەسەر ئەزمونی هەرێمی كوردستان ، ئێران هەردەم لەباری سیاسییەوە دژی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بووە‌و بەهەموو توانایەوە بەدژی كار دەكات‌و هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە كە هەموو هەرێمی كوردستان بخاتە ژێر ركێفی خۆی جا ئەگەر ئەوەی پێنەكرا دووبەرەكی بنێـتەوە تا شەڕ و ئاژەوە دروست بكات و بەشێك بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی‌و ئەو بەرنامە سیاسیەی كە سەرۆكایەتی هەرێم بۆ پرسی سەربەخۆیی هەیەتی لەناوی بەرێت.
شار: ئەی پێتوایە پەكەكە بە تەنسیق لەگەڵ حكومەتی هەرێم هاتبێتە بەرەكانی شەڕ لە دژی داعش؟

محەمەدساڵح قادری: بەپێی لێدوانی عەگید دەمهات پكاكا هیچ تەنسیقێكان نەكردووەو خۆیان هاتوون و هیچ ئیلتزامێكیش بەهیچ لایەنێك ناكەن، ئەوەش پرسیارێكە رەنگە هاتنی هێزەكانی دیكەی بەشەكانیتری كوردستان چەندە ئەركێكی پیرۆز و نەتەوەییە، بەڵام ئەگەر بەبێ‌تەنسیق لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت رەنگە ئەنجامەكەی ببێتە مایەی ئاڵۆزی لەو بارودۆخەی كە ئێستا هەیە.
شار: بەڵام ئێوە تەنسیقیشتان كرد ئەوە خۆتان دەڵێن لێنەگەڕان لەبەرەكانی شەڕ بمێننەوە؟
محەمەدساڵح قادری: ئەوەی ئێمە كردوومانە زۆر بەرپرسیارانەیە.
شار: بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە كە هۆكاری قبووڵنەكردنی ئێوە، فشاری كۆماری ئیسلامی ئێران بووە، ئێوە زانیاریتان هەیە؟

محەمەدساڵح قادری: بە فەرمی كەس بە ئێمەی نەوتووە كە بەهۆی فشاری ئێرانە، بەڵام ئێمەش دەڵێین و گومانمان هەیە كە رژێمی ئیسلامی ئێران فشاری بووە. چوونکە پێشتر ئێمە ئامادەیی خۆمانمان بۆ چوونە شەڕی داعش دەربڕیبوو و پێشوازیی لێکرابوو كەچی لەماوەی دوو رۆژ ئەو بڕیارە پێچەوانەوە بووەوە و وتیان بكشێنەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران لە سالانی پێشتریش فشاری خستە سەر هەرێمی كوردستان و ئێمەش لەپێناو پاراستنی ئەم ئەزمونەی هەرێم خەباتی چەكداریمان راگرت و لە كەمپەكان نیشتەجێبووین و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پڕوپاگەندەی ئەوەی دەكرد كە حزبی دیموكرات نەماوە، ئێستاش كە بینی حزبی دیموكراتی كوردستان بە كتوپڕ هێزی چەكداری ئامادەیەو بەرگری لە هەرێمی كوردستان دەكات ئێران ترسی لێنیشت، و پێی ناخۆشە حیزبی دیموكرات ئەو چالاكییانەی هەبێت.
شار: كە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم داوای لەئێوە كرد لەبەرەكانی شەڕ بكشێنەوە، وەزارەتی پێشمەرگە هەڵوێستی چ بوو؟

محەمەدساڵح قادری: ئێمە قسەمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەكردووە، بەڵام هێزەكانمان لەبەرەكانی شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بووە و لەژێر بڕیارەكانی فەرماندە میحوەرەكانی ئەو وەزارەتە شەڕی كردووە.
شار: بەڵام ئێوە بۆ پرس و راتان بە ئەنجومەنی ئاسایش كرد و داواتان لە وەزارەتی پێشمەرگە نەكرد ؟

محەمەدساڵح قادری: پەیوەندیەكانی ئێمە لە هەولێر و سلێمانی جیا لە پەیوەندیەكانی پارتی‌و یەكیەتی لەگەڵ دامودەزگاكانی حكوومەت لە رێی وەزارەتی ناوەخۆ و ئەنجومەنی ئاسایشەوەیە و لەرێی ئەوانەوە بووە. هەربۆیە راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە تەنسیقمان نەكردووە.
شار: پێتوایە هۆكاری كشانەوەی ئێوەو فشارەكانی ئێران لەرێی پارتیەوە بووە یان یەكێـتی؟

محەمەدساڵح قادری: بە نەزەری ئێمە ئەو بابەتە راستەوخۆپەیوەندی بە پارتی و یەكێتی یان هێز‌و لایەنێكی حیزبیەوە نیە، لێرەدا هەر فشارێك لەسەر پارتی یان یەكێتی و وەزارەتی پێشمەرگە وبزووتنەوەی گۆڕانەوە هەبێت لایەنی حزبی نیە، رەنگە هەڵوێستەكە پەیوەندیی بە بابەتی ئەمنی‌و دیبلۆماسیەوە هەبێت تاوەكوو لایەنی حیزبی. هەروەها پەیوەندی بە ئەزمونی هەرێمی كوردستانەوە بێت و كە لە ژێر زەختی رژێمی ئێران بن و دەكرێ‌داوایان لەهەرێم كردبێت كە ئێمە بەشدار نەبین و ئەوانیش لەرێی هەر جهەتێكەوە بە ئێمەیان راگەیاندبێت مەبەستەكە یەك شت بووە كە ئێمە لەبەرەكانی شەڕ بكشێینەوە.
شار: دەنگۆی ئەو هەیە كە ژمارەیەك ئەفسەری ئێرانی هاتبنە بەرەكانی شەڕ لە مەخمووریش، ئێوە زانیاریتان هەیە؟

محەمەدساڵح قادری: بەڵێ‌قاسمی سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و سوپای پاسداران هاتووەتە هەموو بەرەكانی شەڕ و لە مەخمووریش بینراوە و لەگەڵ فەرماندەییەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەیەكەوە چاودێری شەڕەكە دەكەن، هاتنی قاسمی سولەیمانی بۆ بەرەكانی شەڕ واتە هاتنی هەموو رژێمی ئێران بو ناو پروسەی سیاسی هەرێم، كۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامەیەكی تەواوی هەیە بۆ هاتنە ناو هەرێم و تا ئێستاش بە فەرمی دانیان بە هەرێمی كوردستان نەناوەو سەردان و پێشوازیەكانیان هەمووی لەرێی ئەفسەرو پلەدارانی سوپا و لایەنە ئەمنیەكانەوە بە جلوبەرگی سەربازییەوەیە،رژێمی ئێران كە دەبینی هەرێمی كوردستان لە ئەزمونێكی دێموكراسی و گەشەكردن و پیكەوە زیانی ئاشتیانەی دین و نەتەوە جیا جیاكاندا دایە , هەر بۆیە بەرژەوەندی ئەو لەوەدانیە كە بەمشێوەیە بێت و هەوڵی لەباربردنی دەدات، رژێمی ئێران بەبیانووی شەڕ لە دژی داعش هێزێكی زۆری خستۆتە ناو هەرێم‌ومەبەستی لەباربردنی ئەزمونی هەرێم كار دەكات. دەستپێكردنی شەڕی داعش لەگەڵ هەرێم ئێران دەستی تێدایەو داعش وە كو ئامرازێك بەكاردێنێت، چونكە ئێران دژی داعش نیە، ئێرانیش سوودی لەبێدەنگی توركیا بینیوە چونكە توركیا تا ئەو ماوەیە خەریكی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری خۆی بووەو جگە لەهاوكاری مرۆیی نەهاتە ناو كێشەكە.
شار: ئاییندەی ئەو ئاڵۆزی و كێشانە چۆن دەبینن؟

محەمەدساڵح قادری: بەر لەهەموو شتێك پێویستە هێزەكانی باشووری كوردستان بە هەستكردن بە بەرپرسیارەتی‌و بینینی مەترسیەكان دەست بخەنە ناو دەست بۆ پاراستنی ئەو ئەزمونە و پێشخستنی هاوكاری یەكتر بكەن. بەڵام ئەوەی ئێمە لێی نیگەرانین هاتنە ناوەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەناوی داعش و ناویتر كە مەبەستی تەنها پەرتەوازە كردنی لایەنەكانی هەرێم‌و لەباربردنی ئەزمونەكەیە و دەیەوێ‌كێشە لەهەموو پارچەكانیتری كوردستان دروست بكات، پێموایە كۆماری ئیسلامی ئێران لەو سیناریۆیەی خۆی دا تووشی شكان دەبێت و داعیشش لەناو دەچێت، وڵاتانی رۆژئاواو ئەمریكاش لێناگەڕێن ئەزمونی هەرێم لەناو بچێت و هەرێمی كوردستان بەرەو پێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینی بەڵام ماندووبوون و كاتی دەوێت.