کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا کۆماری ئیسلامی دۆستی کورد و دژی تیرۆریزمە؟ (کاوە بەهرامی)

23:26 - 18 خەرمانان 2714

دوابەدوای روخانی رێژیمی پاشایەتی لەئێران و هەوڵی گەلانی ئێران بۆ ئازادی و دێموکراسی، خومەینی و دارودەستەکەی بە کەڵک وەرگرتن لە کۆمەڵێک دروشمی بێ‌نێوەڕۆک و باوەڕی ئایینی خەڵکی ئێران بەتایبەت مەزهەبی شیعە، سیستمێکی تۆتالیتەری دژی مرۆڤی بە سەر خەڵکی ئێرانیانداسەپاند.

9349.jpg
کاوە بەهرامی


بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆی لەناوخۆی ئێران سپای پاسداران و بەسیج و لەناوچە کۆمەڵێک دەست‌وپەیوەندی تیرۆریستی وەکوو حەماس و حیزبوڵلای دامەزراند بەو چەشنە و هەوێنی پەرەپێدانی تیرۆریزمی نیونەتەوەیی پێک هێنا. تەنانەت هاوکاری و بارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی ناوچەکەشی بەمەبەستی نائارام کردنی ناوچەکە بە پارەی خەڵکی ئێران رێک خست و بە ئەستۆ گرت.

هەموان باش دەزانن بەهاتنە سەرکاری رێژیمی ویلایەتی فەقێ، تیرۆریزم لە جیهان پەرەی سەند و بووە کۆسپ بۆ ئازادی و پێکەو ەژیانی گەلان و بارودۆخی فەرهەنگی و کۆمەلایەتی ناوچەکەی تێکدا.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەساڵی ٥٨ کۆمەڵکوژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکرد و ئەوەی کە ئێستا داعش لە دژی کوردستانی باشوور و عەرەبە شیعەکان و ئیزیدی و مەسیحییەکان لە عیراق و سوریا بەڕێوە بردووە و بەڕێوە دەبا .

کۆماری ئیسلامی لەشەڕەکانی سنە، نەغەدە، قاڕنا و قەڵاتان و پاوە دەستی پێکرد و خەڵخاڵی وەک جەلاد رۆژانە بەبێ لێپرسینەوە فەرمانی ئێعدامی دەیان کەسی دەر دەکەرد و بەر رەگباری داعشەکان دەدران.

داعشی ئێران یانی کۆماری ئیسلامی لەسالی ٥٨ وە دەستی بە کۆمەڵکوژی کرد و رۆژانە خەڵکی بێ تاوانی ئێران بەتایبەتی لەکوردستان و بەلوچێستان بە هۆی جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە لەسێدارە دەدرێن.

ئایا بیروڕای گشت جیهان لەداعشەکانی ئێران پرسیار دەکا لەساڵی ٥٨ هەتا ئێستا بۆ ئینقلاب لەئێران کۆتایی پێ نەهات و سیتەم سەقامگیر نەبوو؟ رێژیمی دیکتاتۆری بە زەبر و زەنگ و تیرۆر و تۆقاندن وەک میکانیزمێک بۆ پارێزگاری لە ئینقلاب کەڵک وەر دەگرێ و مانەوەی ئەو سیستمە لە وشەی ئینقلابدا دەبینێ و بەم چەشنە سەرکوت دریژەی هەیە.

ئایا پرسیار دەکەن زیندانیانی ساڵی ٦٧ لە زیندانەکان بۆ بەکۆمەڵ ئێعدام کران؟ ئایا پرسیار دەکەن لەساڵی ٨٨ کۆمەڵێک رووناکبیر بەشێوەیەکی مەدەنی هاتنە سەر شەقام و داوای بەدواداچوون بە دەنگە دزراوەکانی خۆیان کرد داعشەکان چۆن سەرکوت و سەر بەنیستیان کردن؟

ئایا پرسیار دەکەن ٥٩ لاوی بێ تاوانی مەهابادی لە ساڵی ٦٢پێکەوە بەکۆمەڵ بۆ ئێعدام کران؟ پرسیار ئەوەیە کە هەنووکە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک سیستەمێکی دێمۆکرات و ئازادیخواز دێتە کوردستانی باشوور و گۆیا لەشەڕی داعش یارمەتیدەری کوردە ودژی تیرۆریزم شەڕ دەکا، کۆماری ئیسلامی ئەگەر مرۆڤ دۆستە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران جگە لە داخواز بۆ مافی نەتەوایەتی مەگەر تاوانێکی دیکەی هەیە.

هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵات وەک پارێزگاری لەخاک و نەتەوە ئامادە بوون هاوکاری و هاوخەباتی براکانی خۆیان لە باشوور بکەن، داوای هاوکاری لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کرا و حیزبی دێمۆکرات بەدڵێکی ئاوەڵا و بەزووترین کات هیزی خۆی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد بۆ کۆماری ئیسلامی جێگای سەر سووڕمان بوو کە چەندین ساڵە لەریگای دەزگا ئەمنیەتییەکان و پروپاگەندەکانیەوە رایگەیاندووە کە ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان نەماوە، کەچی هیزی پۆشتە و پەرداخی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەکەمتر لە ٦ کاتژمێر لەبەرەکانی شەڕ ئامادە دەبێت.

ئەو هەڵوێستە بەکردەوەی حیزبی دێمۆکرات دیمەنی دزێوی پڕ لەشەرم و شوورەیی کۆماری ئیسلامی لەناو بیروڕای گشتی خستە روو کە هەموو هەڵس و کەوتەکانی بەناوی یارمەتی کوردستانی باشوور بۆ سەرکوت و سەرپۆش دانان لەسەر مافی نەتەوایەتی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتە .

لەلایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی بەشداریکردنی لەشەڕی داعش سەرەڕای ئەوە بۆ بەرگری لەبەشداری نەکردنی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات لەشەڕی دژی داعش بوو ، لەلایەکی دیکەوە شەڕی داعش مەترسی بۆ سنوورەکانی خۆیان دروست کردبوو. هەر بۆیە ترسی ئەوەیان هەیە ئەو شەڕە بگاتە سنوورەکانی ئێران و ئیدی بۆیان کۆنترۆڵ نەکرێت .

ناکرێ باسی ئەوەش نەکەین هاوکاری کردنیان بۆ هەریمی کوردستان بۆ ئەوەیە کە حکومەتی ناوەندی عێراق بگەڕێتەوە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان.

ئەرکی حیزب و هیزەکانی کوردستانی رۆژهەڵات چیە؟

هەر وەک لەپەلاماری داعش بۆ سەر هەریمی کوردستان بە روونی بۆمان دەرکەوت بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر گران تەواو دەبێ جووڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت لەگەڵ تیرۆریزمی دیکە لە بن گوێی خودی رێژیمیش بەر بەرەکانی بکا.

حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەموویان لە نووسین و ئاخاوتن دەلێن یەک گرین ، بەڵام ئەم یەکگرتنە هەنگاوی بە کردەوەی دەوێ، هێندێ لێبوردن لە بەرژەوەندی حیزبی، کەوابوو باشترین میکانیزمە بۆ جووڵانەوەی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات یەکیەتی و پێکەوەبوونە.مەرج نیە ئەگەر یەکگرتەوەی حیزبەکان سەر نەگرێ ئیدی میکانیزمی دیکە نیە.

لە هەر وڵاتێک چەند حیزب پێکەوە هاوکاری یەکتر دەکەن و بۆچوونی جیاوازیان هەیە. پلۆرالیزم یەکێک لە لایەنەکانی رێگای دێمۆکراسی لە هەر سیستمێکە.

کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە سنوورەکانی خۆی هاتە کوردستانی باشوور بەناو شەڕی داعشیان کرد. لەروانگەی بیرورای گشتی جیهانی تاریخی مەسرەفی پروپاگەندی کۆماری ئسیلامی بە چەند پێوانەیەک کە ئاماژەی پێ دەکەم بەسەرچوون و لەراستیدا بەسەر چووە کە بریتین لە سەرەڕای ژێستی دێمۆکراسی، لە بیروڕای گشتی جیهانیدا بە تیرۆریست و تیرۆریست پەروەر ناسراوە و لەبواری ئابووریدا یەکێک لە رێژیمە فاشلەکانی ئەمڕۆی جیهانە.

لەبواری سیاسی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دیمەنی ئێرانی وا ناحەز کردووە و لە بیروڕای گشتیدا بێزراوە و و لەناوخۆی ئێران لەبواری کۆمەڵایەتییەوە یەکەمن رێژیمی ناوچەیە کە بۆخۆی پەرەپێدەری فسادی کۆمەڵایەتی لەبوارە جۆراوجۆرەکاندایە.

لەبواری فەرهەنگی و ئامووزش و پێگەیاندن ساڵ لەدوای ساڵ خراپترە و بەربەستی زیاتر دروست دەکا پاش ٣٥ ساڵ هەنووکە باسی ئەوەدەکات کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەبێ لەنیو زانکۆکان قەدەغە بکرێت وهەموو زانکۆ، سینەما شوێنەگشتییەکان لەچوارچێوەی بۆچوونی داعش ئامووزش بدرێن بەرتەسک کردنەوەی بواری راگەیاندن بۆ بەرەو پێش چوونی بەرنامەکانی حکومەتی وەلایەتی فەقی. هەم رێگاکانی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤی بەرتەسک کردووە وەکوو ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجە و هەموو ئەو کەرەستە دژی مرۆڤیانە بۆ سەقامگیری رێژیمەکەی بەکاری دێنێ و ژێستی دێمۆکراسیش دەگرێ.

ئێمە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوە زۆربەرژەوەندی حیزبمان پشت گوێ خستووە، بەڵام ئەگەر لەکوردستانی رۆژهەڵات بەشێوەیەکی زیندوو جووڵانەوەیەکی بەهێز دەست پێبکاتەوە ئەوکات لەراستای بەهێزبوونی بەرژەوەندی کورد لە هەر چوارپارچەری کوردستان تەواو دەبێ.

ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە هیچیان دۆستی کورد نین ناکرێ حیسابی دڵسۆزی و بە پەرۆشبوونی کوردیان بۆ بکرێ ، بەڵکوو هەر کامەیان لە چوارچێوە بەرژەوەندی خۆیاندا هاوکاری حیزب و ئپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دیکەیان دەکەن.
پەیوەندی هێزە سەرەکییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات خاڵێکی بەهێزە بۆ تاوتێکردن لایەنەکانی خەبات و چۆنێتی بەربەرەکانی لەگەڵ رێژیمی دژی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی.

دەربازبوون لە هەلومەرجی ئێستا و وروژاندنی مەسەلەی ناعداڵەتی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و خاڵە لاوازەکانی رێژیم خەباتێکی هەمە لایەنەی بەدەر لە هەر چەشنە بەرژەوەندییەکی حیزبی وتاکە کەسی ئۆپۆزسیۆنی کوردی دەوێ بۆ وەدیهێنانی مافی جارەی خۆ نووسین و پێشاندانی روخساری رێژیم بە بیروڕای گشتی بەشێەوەیەکی چالاک لە مەیدانی کردەوەدا. بەو چەشنە دەتوانین کۆدەنگییەکی گشتی بە نیسبەت کوردستانی رۆژهەلات لە پارچەکانی دیکە دروست بکەین و ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵاتیش لەم هەل و مەرجەی ئێستا دەرباز بکەین.

هەلومەرجی ئێستای خەبات ئیستراتیژییەکی دەوێ کە لەبەرانبەر هەڵوێستە توند و تیژەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەک و و باروو دۆخی خەلکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستا بەتایبەتی لەلایەکی دیکەوە بگونجێ .

هاو ئاهەنگ کردن و پلان دانانی بەرنامەی تایبەت بەو هەل و مەرجە دەکەوێتە ئەستۆی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات.

لە کۆتاییشدا ئەو وتەیەی دوکتۆر قاسملوو وەبیر دێنمەوە کە هەمیشە دەیوت گەلێک ئازدی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە