کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی قوربان (مەلا برایم مەجیدپوور)

19:43 - 10 رەزبەر 2714

بەناوی خوای دڵاواو دلۆڤان
جێژنی قوربانە سەرم قوربانە بۆ تۆ نیشتمان
تۆم نەبێ من چیم و نازانم چیە مـانای ژیـان؟

جێژنی قوربان یەکێکە لە بۆنە پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام و هەمو ساڵێ لە
کاتی خۆیدا بەڕێزەوە یادی دەکرێتەوە. یەکێکە لەو رووداوە مێژوییانەی کە
بایخێکی زۆری پێدراوە. ناکرێ باسی ئەو جێژنە بکەی و ئاوڕێک لە لەخۆ بردوویی و فیداکاری ئیبڕاهیم نەدەیەوە.

بۆیە کورتەیەک لەو بارەدا دەنوسم و خەبات و قوربانی دانی گەلی کوردیشی پێ دەشبهێنم. ئیبڕاهیم سڵاوی خوای لێبێ یەکێک لەو پەیامبەرانەیە کە جێگە و پێگەیەکی گەلێک بەرز و مەزنی لە مێژوی ئیسلامدا بۆ خۆی گرتۆتەوە. پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام خۆیان بە درێژەدەری رێبازی ئەو دەزانن .

ناوی هەمیشە بە بەرزی و ڕێزەوە لە رێگای بیروباوڕ و ئامانجیدا سەختترین جەزرەبە و جزیای کێشاوە، لە ناو ئاگری مەنجەنیق خراوە، لەرێگای باوەڕیدا ئامادە بوە تاقانە جگەرگۆشەکەی بەدەستی خۆی سەرببڕێ.

ژیانی ئەو پێک هاتوە لە زنجیرەیەک لە خۆ بردویی و قوربانیدان. بە پاداشی ئەو قوربانیدانە لەقەبی باوکی پێغەمبەرانی پێدراوە. لە هەموکتێبە ئاسمانیەکاندا وەک سەرقافڵە و پێشەنگی پەیامبەران ناوی هێندراوە.

لە سوڕەی (حەج :٧٨ )دا خوا بەپەیامبەر دەلێی: ئەوە هەر ئایینی ئیبڕاهیمی باوکتانە. لە سوڕەی(ئەنعام : ٨٤ تا٨٦ ) وەک باوکی پەیامبەران باسی لێکراوە. یەکێک لە تایبەتمەندیە بەرزەکانی ئەوە بوە کە بەهەموو هێزیەوە بەدژی خورافات و دارو بەرد پەرستی ڕاوەستاوە. لەسەردەمی ئەودا کە مانگ و رۆژ و ئەستێرەیان دەپەرست، ئەو بڕوای بەخوایەکی تاکی تەنیا هەبوو. بۆ سەلماندنی رەوابونی خۆی و بەتاڵی ئەوان لە بەڵگەی مەنتیقی و ئەقڵ پەسندو زیندو کەڵکی وەر دەگرت، تەنانەت بۆ خۆشی لە سەرەتاوە پێی وابو ئەو خوایەی لێی دەگەڕێی ، رۆژە، بەڵام هەر کە ئاوا بوو تێگەیشت ئەوە بۆ خوا نابێ چونکە نەمانی بەسەردا دێ ، بۆی دەرکەوت ئەو خوایەی دەبێ بیپەرستێ ئەو هێزە بەهێزە نادیارەیە کە ئەو زەوی و ئاسمان و مانگ و ڕۆژ و ئەستێرانەی چێکردوە و هەڵیان دەسوڕێنێ و لە کات و ساتی خۆیدا دەکاریان دێنێ.

خوا لەسوڕەی (ئەنعام: ٧٩) دا باس لەو بابەتە دەکا و لە زمان ئیبراهیمەوە دەفەرموێ: وا من بە دڵێکی پاکەوە رووم کردە تۆ، ئەوکەسەی کە زەوێ و ئاسمانەکانی داهێناوە، لەوانە نیم و نابم کە شەریک بۆ تۆ پەیدا دەکەن.

ئەگەر بمانەوێ باس لە ئیبڕاهیم و فیداکاریەکانی بکەین بێگومان لە توانای ئەو وتارەدا نیە ، بۆیە پوختەی باسەکە وەک ئاکامێک دەخەمە بەر چاوی خوێنەران و هەڵسەنگاندنو هەڵێنجانی بۆ دەکەم، خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردیش بەو رەوتەی بابە گەورەمان ئیبڕاهیم دەشبهێنم، پـێـم وایە دەبێ مامۆستایانی ئایینی کورد بەو شباندن و پێک هەڵسەنگاندنانە وڵامی دوژمنانی گەل بدەنەوە کە بەردەوام بەناوی بەرگری لە دین و لە ژێر چەتری دیندا قەڵاچۆی کوردیان کردوەو گەیاندویانەتە ئەو جێگایە کە بە کافریان لە قەڵەم دا و نۆ حووکمی جیهادیان بەسەردا دەرکردون.

بە باوەڕی من دەبێ لە بەسەرهات و هەڵسوکەوتی ئیبڕاهیم فێربین کە دڵێکی گەورەو روون و بە هێزمان هەبێ و بزانین گەیشتن بە ئامانجی قوربانی گەورەیی دەوێ. ئیبڕاهیم وەک نورێکی رووناکی دەرە بۆ هەموو سەردەمەکانی ژیانی ئینسان نمونەیەکی پاک و بەرزە لە ناو هەموو پێغەمبەراندا، رێ نیشاندەرە بۆ سەرجەم مرۆڤەکان. ئەگەر بمانەوێ تاریفێک بۆ ناوبراو بکەین لەوە باشتر نادۆزینەوە کەبڵێین: خاوەنی دڵێکی گەورە و بەهێز و پڕ لە خۆشەویستی و هەست و سۆزی مرۆڤایەتی نمونەی بەرزی غیرەت و ئازایەتی بوو. دور لە بوغز و غەرەزو، ڕق و قینی دوژمنایەتی، رێنوێن بوو بۆ کاروانی مرۆڤایەتی بەرەو دنیایەکی پڕ لە سەر بەرزی و قیامەتێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی، نمونە بوو بۆ فیداکاری و لەخۆبردویی. دڵێکی ئەوەندە پاک و بێگەردە و لە هەمانکاتدا مەزن و لێواولێو لە غیرەت و ئازایەتی و سەریح بوو کە باوکیشی بانگ دەهێشت بۆ خوا پەرستی و پێی دەیکوت: چۆن ئەوەی خۆت دروستی دەکەی دەیپەرستی؟! ژیانی ئیبڕاهیم ئاخندراوە بە ئازایەتی و قوربانیدان لە رێگای بیروباوەڕ و ئامانج . لە بەرانبەر ئەو خەڵکە دار و بەرد پەرستانە رادەوەستا، لە هیچ هەڕەشە و گوڕەشەیەک نەدەترسا، باکی لەوە نەبو پێیان دەکوت: ئەگەر دەست هەڵنەگری بەردبارانت دەکەین. بەکورتی ئەو دوو ڕێگەی لە بەرچاو دەگرت. یەکەم: وەدەست هێنانی ئاوات. دوهەم: مەرگ لەو ڕێیەدا.

یەکیتر لە تایبەتمەندیەکانی ئیبڕاهیم سور بوونی بوو لە سەر بیروباوەڕەکەی ، ئامادەش بوو ئازیزترین و خۆشەویستترین کەسی لە پێناودا بکاتە قوربانی. ئامادەبوو بەفەرمانی خواکەی کوڕەکەی بەدەستی خۆی سەر ببڕێ و قوربانی بکا. لێرەدا تاقیکاریەکی گەلێک سەخت و دژوارو، گرینگترین رووداو لە مێژووی قوربانیدان بوو.

ئەگەر بە وردی سەرنجی لایەنە جۆراوجۆرەکانی بدەین دەبینین کە ئیبڕاهیم پاش زەمانێکی دورودرێژ منداڵی نەبوو، خوا کوڕێکی پێبەخشی ، ئەو کورە بەروبۆی ئاواتی ژیانیەتی، میراتگر و راگری نەتەوە و باوانیەتی. خوا بۆ تاقیکردنەوەی رادەی ئیمانی، فەرمانی قوربانی کردنی کوڕەکەی پێ دا. ئیبڕاهیم کە بەتەواوی تەسلیمی بڕیار و ئیرادەی خوایە، بێ دڵەخورپە قبوڵی دەکا. بە دڵێکی پڕ لەخۆشەویستی باوکانە مەسەلەکەی لەگەڵ ئیسماعیل باس دەکا، لەوڵامدا دەڵێی: بابەگیان ئەوەی خوا ئەمری پێکردوی ئەنجامی بەدەن، ئەگەر خواش بیهەوێ، منیش بە خۆڕاگریەوە قبووڵی دەکەم. کاتێک مەسەلەکە لەگەڵ دایکی هاجەرە دێتە گۆڕێ و باس دەکرێ، وڵامی ئەوە دەبێ: بڕۆ ئەمری خوا لەسۆز و عاتیفەی دایک و باوک گەورەترە.

بەڕاستی زمان و قەڵەم لە کوتن و نوسینی رادەی بەهێزی ئەو ئیمانە و ئەو پرسیار و وڵامانە داماون. ئەو باوەڕانە چەندە پتەو و تۆکمەن کە هیچ شتێک کاریان تێناکا دایک و باوک کوڕ دەکەنە قوربانی لە ڕێی بڕوا و ڕێبازدا. کوڕ ئامادەی سەر بڕینە بۆ بە جێهێنانی فەرمانی خوا کە بەهۆی باوک بەڕێوە دەچێ! ئەوە بەرزترین پلەی ئیمانە، گرینگترین و بێ وێنەترین رووداوی مێژووی ئینسانە . خۆبەختکەرانی کوردستانیش نمونەیەکن لەو قوربانیدانە. ئیمانی راستەقینە ئەوەیە کە تێکەڵاوی خوێن و جەستەی مرۆڤ بێ، هیچ شتێک نەتوانێی کز و لاوازی بکا.

ئێمەی کورد گەلێکین لە تۆرەمەی ئیبڕاهیم و تەنانەت هەندێک زانای تەفسیرزان رایان وایە ئیبڕاهیم کورد بووە، کەوابوو دەبێتە باپیرە گەورەمان، زێدێکمان هەیە ناوی کوردستانە، وەک قورئان باس دەکا دوای تۆفانەکەی نوح گەمیەکە لە سەر کێوەکەی کوردستان بەناوی (جودی ) لەنگەری گرتوە و مرۆڤایەتی لەوێڕا بۆژاوەتەوە و پەرەی پێدراوە. نـاوی زێدەکەشمان دوژمـنانی دڵڕەشیش بـۆیان نەگۆڕاوە و هەروەک کوردستان ماوە، بەڵام پاشتەرکی، ئێران ، عێراق، تورکیە و سوریەیان پێوە هەڵواسیوە. لەگەڵ هەمووی ئەوانەش گەلی کورد زۆرینەی بڕوای ئایینی هەیە و لە نێوانیدا زۆربەی موسوڵمانە، بۆیە دەمەوێ خەباتی رزگاریخوازانە و خۆڕاگری و نەبەزی و قوربانیدانی ئەو گەلە بە بەسەرهات و راسپاردەکەی ئیبراهیم بشبهێنم. بە دڵنیاییەوە بڵێم: راستە گەلی کورد راستەوخۆ بەناوی دین و پەرە پێدانی ئایین نەچووتە گۆڕەپانی ئەو خەباتە، بەڵام لە روانگەی ئەوانەی لە ئەسڵ و ناوەڕۆکی ئایینی ئیسلام تێگەیشتون و بێ غەرەز و مەرەز لێی دەروانن و لێکی دەدەنەوە، دەزانن دەقا و دەق خەباتە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکێکی گەلێک گرینگ کە ئیسلام دەیخاتە سەر شانی موسوڵمانان. واباشە بزانین کە باشترین شت کەلە قورئاندا زۆرترین باسی لێکراوە، بەرەنگار بوونەوەی زوڵم و زۆرداری بە ئەرکێکی بایخداری ئایینی دانراوە. خۆ کەس نیە نەزانێ گەلی کورد نیشتمان و هەموو مافە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی بە زۆر داگیر و زەوت کراوە. بەرەنگار بوونەوەی ئەو داگیر کەرانە مافێکی خواییە بە کوردی داوە، لەقورئانیشدا لە زیاتر لە (١٠٠ ) ئایەتدا ناوی زاڵم و زوڵم بە خراپ هێندراوە، کەوا بۆ خەباتی رزگاریخواز و قوربانیدانی ئێمەی کورد لە ناو بازنەی دژە زوڵمی قورئاندا جێی کراوەتەوە و کەس مافی ئەوەی نیە بەرگری لە زێد و گەل و بەرەنگاری زاڵمان و مافخۆرانمان لە ژێر هیچ ناوێک و بە هیچ بیانوێک لێی قەدەغە و حەرام بکا و رێڕەوانی ئیبڕاهیم و ئیسماعیل بە کافر و بێ دین لە قەڵەم بدا. من لە هەموو زانایانی ئایینی و غەیرە ئایینی دەپرسم لە کام ئایەتی قورئانیدا جگە لە قسەی رێبەران و دەسەڵاتدارانی بەناو موسوڵمانی داگیر کەری کوردستان نوسراوە و کوتراوە کورد مافی ئەوەی نییە زێد و گیانی خۆی هەبێ؟ بووی نیە زمان و فەرهەنگ و کەلەپوری خۆی بپارێزی! یان باشتر بڵێم: بووی نییە چارەنوسی خۆی، خۆی دیاری بکا؟ لە کۆتا قسەمدا دەڵێم: گەلی کورد نابێ فریویی پڕۆپاگەندەی ژاراوی دوژمنە جۆراوجۆرەکانی لە ژێر ناوی ئیسلام یان هەر ئیدە و ئایینێکی تر بخوا، لەوە دڵنیا بێ ئەو ڕۆڵانەی لە ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتماندا گیانیان بەخت کردوە و جەور و جەفایان کێشاوە، هەموویان ئیسماعیلی کوردن و دایک و بابەکانیش کە بەسەخاوەتەوە ڕۆڵەکانیان پێشکەشی بارەگای گەل و نیشتمان کردووە هاوڕێیانی هاجەرە و ئیبڕاهیمن. لەوەش بەولاترەوە دەڵێم: هەر وڵاتێک و دەسەڵاتێک و هێز و تاقمێک چ موسوڵمان و غەیرە موسوڵمان، لە ژێر هەر ناوێک هێرش بکەنە سەر ماف و وڵاتمان و داگیر و پێشێلی بکەن مافی ئایینی و ویژدانی و ئینسانی خۆمانە بەهەموو توانا مانەوە و بەهەموو شکڵ و شێوەیەک بەرەنگاریان ببینەوە و مافی زەوتکراومان وەگرینەوەو بەتوندی بەرپەرچیان بدەینەوە. بەڕاشکاوی دەڵێم: کورد لە درێژایی مێژوودا هەر گیز هێرشی نەکردووەتە سەر ماڵ و مڵکی کەسو، هەموو جینایەتکاری و وەحشی گەری دوژمانیش نەیهێناوەتە سەر ئەو بارە کە پێشێلکەری مافی گەلانیتر بێ! بەردەوام شەڕێان پێفرۆشتوەو دڵڕەشانە پڕوپاگەندەی نـاڕەوا و درۆیـان بـەدژی کـردوە ، هەموو کات لە حاڵی بەگری لە خۆکردندا بوە، دەرگای وتووێژی سوڵح و ئاشتیشی لە سەر گازەرای پشتی کراوەتەوەو لەو ڕێگایەشداگەورەترین و بەنرخترین قوربانیداوە\'\'.

لێرەدا بۆ ئەوانەی باوەڕی ئایینیان هەیە بەو ئایەتەی سورەی (مومتەحینە : ٦ ) کە دەفەرموێی: بێگومان ئەوانە نمونەی باشن بۆ ئێوە و ئەوانەی بڕوایان بە رۆژی سەڵا هەیە، هەر کەسیش خۆی لێ ببوێرێ خوا هیچ پەکی پێناکەوێ. خوا شیاوی پەسند دانە. دڵنیام بـوونی ئـەو نـمونە باشانە و مێژوو بەسەرهاتەکانی رابردوو گەورەترین بایخیان بۆ ئێستا و داهاتوشمان هەیە دەبا کەڵکیان لێوەر گرین، بێگومان قازانجمانە. داگیر کەرانی کوردستان زاڵمن، خواش نفرینی لە زاڵم کردوە.

لە کۆتاییدا بەبۆنەی ئەو یادو بەسەرهاتە مەزنە پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت و بنەماڵەی شەهیدان و زیندوە مردوەکانیچاڵە ڕەشەکانی دوژمن و ئەویندارانی ئازادی گەل و نیشتمان دەکەم و ئاواتە خوازم قوربانیەکانمان فەرامۆش نەکەین .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە