کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبونەوەی نێوان کۆمیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان

15:42 - 14 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ لێژنەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید کۆبوونەوەیەکی پێکهێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران ــ سوید بەسەرپەرەستی ئەنوەرکاکایی\'\' بەرپرسی کۆمیتە، سەردانی لێژنەی ناوچەی سویدی پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندێکی پارتی دێموکراتی کوردستانەوە بە سەرپەرەستیی قادر تواناـەوە پێشوازییان لێکرا.

کۆبونەوەکە بە خۆلەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان، دەستی پێکرد.

سەرەتا لەلایەن شاندی پارتی دێموکراتی کوردستانەوە باسێک لەسەر باشووری کوردستان بە گشتی و رووداوەکانی ئەم دوایانە بەتایبەتی و کاریگەری رووداوەکان پێشکەش کرا.

هەر لە درێژەی باسەکەدا ئاماژە بە یەکڕیزی هێزە کوردییەکان لە پێوەندی لەگەڵ رووبەڕوبونەوەی هەر جۆرە ئەگەرێکی نەخوازراودا کرا و رۆڵی پێشمەرگەی پارچەکانی دیکەی کوردستان و یەک لەوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز نرخێندرا.

شاندی پارتی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا، بەدەنگەوە هاتنی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان بۆ پشتگیریی هێزی پێشمەرگە و بوردمانکردنی مۆڵگەی هێزە چەکدارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە کارێکی ئەرێنی وەسف کرد.

پاشان ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوید، باسێکی لەسەر کوردستان بەگشتی و رۆڵ و پێگەی هێزە کوردییەکان و هاوسۆزی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان سەبارەت بە رووداوەکان و بە هاناوەچوونی لێقەوماوان و ئاوارەکان پێشکەش کرد.
ناوبراو ئەو کارەی وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە قەڵەمدا وئاواتە خواز بوو لەو بارەیەوە زیاتر هاوکار بین.

تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بابەتی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان بوو کە زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی تێدا بەشدارە و لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵیک کار وچالاکیی بەرچاوی ئەنجام داوە.

لەو پێوەندییەدا هەر دوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ کۆمیتەی هاوکاری دووپات کردەوە و هیوای ئەوەیان خواست کە هێزەکانی ناو ئەو پێکهاتەیە یەکڕیزی و تەبایی گەلەکەمان بپارێزن.