کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە کوردانی رۆژئاوا بەتایبەت کۆبانێ لەلایەن حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەوە بەڕێوەچوو

19:42 - 14 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لە شاری یوتوبۆری وڵاتی سوید خۆپێشاندانێک بۆ پشتگیری کردن لە کوردانی رۆژئاوا، بەتایبەت کۆبانێ لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەوە بەڕێوەچوو.
رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ١٩٣٩٣ی هەتاوی، کاتژمێر ١ی دوانیوەڕۆ خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پیشتگیری کردن لە کوردانی رۆژئاوا و بە تایبەت کۆبانێ و مەحکووم کردنی ئەو کەردەوە دژە مرۆیی و دڕندانەیەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام داعش لەلایەن کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری یوتوبۆری و کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو شارە بەڕێوەچوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە مستەفا جەلالی و سیروس رەئوفی چەند وتەیەک سەبارەت بە خۆپیشاندانەکە و ئامانجی ئەو خۆپیشاندانە پێشکەش کرا.

پاشان خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی کۆبانێ دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان لەلایەن نەرمین محەممەدزادە و پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن موراد قادری بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری یوتوبۆریـەوە خوێندرایەوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا پەیامی هاوبەشی هەر دوو حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و کۆمەڵە بە زمانی سویدی لەلایەن شەبنەم مەحموودزادەـەوە پێشکەش کرا.

لە ناوەرۆکی پەیامی هەر دوو حیزبدا داوا لە وڵاتی سوید کرابوو سەبارەت بە کوردانی کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان هەنگاوی خێرا و پێویست هەڵ بگیرێت و بە پێی توانا هاوکاری ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان بکات.

لەو خۆپیشاندانەدا کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداریان کردبوو و تێکڕای بەشداربووان بە وتنەوەی دورشم و بەرز کردنەوەی پلاکاردی جۆراوجۆر بە زمانی کوردی و سویدی و ئاڵای کوردستان و ئیدانەی هێرش و پەلاماری رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ کرد.