کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ھەیئەتێكی حیزبە كوردستانییەكان سەردانی باڵوێزخانەی نۆروێژیان لە دانمارک كرد

16:00 - 16 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: شاندێكی حیزبە كوردستانییەكان بە مەبەستی گەیاندنی رێز و پێزانینی رەوەندی كوردی لە دانمارك سەردانی باڵوێزخانەی وڵاتی نۆروێژیان لە دانمارك كرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێكەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٣ی ھەتاوی، لە درێژەی سەردانەكانی شاندی حیزبە كوردستانییەكان لە وڵاتی دانمارك، شاندێكی حیزبە كوردستانییەكان پێكھاتوو لە سەعید سۆڵتانپوور و یێڵماز یێڵدز سەردانی باڵوێزخانەی وڵاتی نۆروێژیان لە وڵاتی دانمارك كرد و نامەیەكی دەستخۆشی و رێزلێنانیان پێشكەش بە باڵوێزی نۆروێژ ئینگوارد ھاونێن كرد.

لەو سەردانەدا شاندی حیزبە كوردستانییەكان وێڕای تیشك خستنە سەر بارودۆخی ئاڵۆز و ناڵەباری كوردانی رۆژئاوای كوردستان و پێویستی گەیاندنی یارمەتی بە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان داوایان لە باڵوێزی نۆروێژ كرد كە گرینگی بە رەوشی شاری كۆبانێ بدەن و پێش لە دروستبوونی كارەساتێكی دیكە وەك شنگال بگرن.

ئینگوارد ھاونێن باڵوێزی نۆروێژ وێڕای سپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو سەردانە، بەڵێنی بە شاندی حیزبە كوردستانییەكان دا كە ئەو داوایە بگەینێت بە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ.