کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ سەردانی شاندێكی حیزبە كوردستانییەكان لە باڵوێزخانەی ئاڵمان

18:58 - 16 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبە كوردستانییەكان لە وڵاتی دانمارك، سەردانی باڵوێزخانەی وڵاتی ئاڵمانیان كرد.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٤ی رەزبەری ١٣٩٣ی ھەتاوی، شاندێكی ھێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی، پێكھاتوو لە سەعید سۆڵتانپوور لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و یێلماز یێڵدز لە حیزبی سۆسیالیستی كوردستانی باكوور بە نۆێنەرایەتی ھێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی لە وڵاتی دانمارك، سەردانی باڵوێزخانەی وڵاتی ئاڵمانیان لە شاری كۆپێنھاگ كرد.

لەو سەردانەدا كە بە مەبەستی دەستخۆشی و گەیاندنی رێز و پێزانینی رەوەندی كوردی لە دانمارك بوو شاندی مێوان لەلایەن ئۆلاف ئیوێرسێن جێگری باڵوێزی ئاڵمان لە وڵاتی دانمارك بە گەرمی پێشوازیان لێكرا.

شاندی حیزبە كوردستانییەكان وێڕای گەیاندنی رێز و سڵاوی رەوەندی كوردی لە دانمارك و ھێزە سیاسییەكانی ھەر چوار پارچەی كوردستان، داوایان لە جێگری باڵوێزی ئاڵمان كرد كە دەوڵەتی ئاڵمان بەردەوام بێت لە پشتیوانیی سیاسیی و نیزامی لە گەلی كورد.

ئیوێرسێن، جێگری باڵوێزی ئاڵمان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لەو سەردانە ، سپاسی شاندی حیزبە كوردستانییەكانی كرد.