کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەکی دیکە لە پشتیوانانی کۆبانێ لە تاران دەستبەسەرکران

14:58 - 22 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە چالاکانی کورد، تورک و فارس کە لە گوڕەپانی ئینقلابی تاران بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ کۆ ببوونەوە، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی هێرانا، لە درێژەی کۆبوونەوە، رێپێوان و خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ لە شارەکانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە گۆڕەپانی ئینقلابی تاران کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە دەستپێکدا، تۆڕی پێوەندەیی مۆبایلی خۆپیشاندەران پچڕێندراوە.

هەروەها هێندێک لە هەواڵدەرییەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە کە ژمارەیەک لە چالاکانی چەپی حازر لەو کۆبوونەوەدا دەستبەسەر کراون.

حوسێن ئازەرگەشسەب، ئەمین خۆسرەوی، سەهەند سەعادەتی، حۆسین جەندەقیان وکەماڵ مەحموودی لەوکەسانە بوون کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا لە ژمارەی وردی دەستبەسەرکراوانی رۆژی یەکشەممە لە گۆرەپانی ئینقلابی تاران و شوێنی راگرتنیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەست‌دا نییە.

لەم پێوەندییەدا و لە ماوەی ٧ رۆژی رابردوودا و پاش دەستپێکی رێپێوان و کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد بۆ پشتگیری و پشتیوانی لە کۆبانێ ومحکووم کردنی تیرۆریزم، ٣٧ کەس لە مەریوان، ٤ هاووڵاتیی کورد لە رەبەت، ١٠ هاووڵاتیی کورد لە مەهاباد، ٢ هاووڵاتی لە تاران و چەندین کەسی دیکەش لە مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەرکران.

هەروەها ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیش، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت وهەڕەشەیان لێکراوە.