کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە

15:50 - 23 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، ٦ هاووڵاتیی دیکەی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی لە شاری سنە دەستبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کودستان میدیا، بە دەستپێکی کۆبووونەوە و رێپێوانیی هاووڵاتییانی کورد بە مەبەستی پشتیوانی لە کۆبانێ، شەپوڵێک لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێکردووە.

نوێترین راپۆرت لە پێوەندی لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد کە لەلایەن کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنییەوە بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات کە ٦ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شاری سنە دەستبەسەر کراون.

پاش پێشوازی بەرین و بەرچاوی هاووڵاتییانی کورد لە کۆبوونەوە و رێپێوانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ، هەتا ئێستا دەیان هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون.

پاش رێپێوانی خەڵکی سنە لە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم هەتا ئێستا دەیان کەس لە چالاکان و خوێندکارانی کورد لە شاری سنە دەستبەسەر کردووە.

شوناسی ئەو ٦ هاووڵاتیی کورد کەلە سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە دەستبەسەر کراوان هیوا کەریمی، شاهو عومەری، خەبات ئەمیری، ئومید غوڵامی، هێمن محەممەدی و فوئاد باپیری راگەیەندراوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە سێ خوێندکاری کوردیش لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو سێ خوێندکارە تێرمی سێیەمی زانکۆی فەننی یەزدان‌پەنا بوونە و پاش چوونە دەرەوە لە زانکۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

شوناسی یەکێک لەو خوێندکارانەی کە دەستبەسەر کراوان مەهدی حوسێنی راگەیەندراوە.

هەروەها لەم پێوەندییەدا ژمارەیەک لە چالاکانی چەپی حازر لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە کۆبانێ لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون.
هەتا ئێستا لە ژمارەی وردی دەستبەسەرکراوانی رۆژی یەکشەممە لە گۆرەپانی ئینقلابی تاران و شوێنی راگرتنیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەست‌دا نییە.

لەم پێوەندییەدا و لە ماوەی ٧ رۆژی رابردوودا و پاش دەستپێکی رێپێوان و کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد بۆ پشتگیری و پشتیوانی لە کۆبانێ ومحکووم کردنی تیرۆریزم، ٣٧ کەس لە مەریوان، ٤ هاووڵاتیی کورد لە رەبەت، ١٠ هاووڵاتیی کورد لە مەهاباد، ٢ هاووڵاتی لە تاران و چەندین کەسی دیکەش لە مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەرکران.
هەروەها ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیش، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت وهەڕەشەیان لێکراوە.

شەپۆلی بانگهێشت، دەستبەسەرکران و هەڕەشە لە هاووڵاتییان، چالاکان و خوێندکارانی کورد لەلایەن ناوەندکانی رێژیمی ئێران دوای دەستپێکی رێپێوانێکی پشتیوانی لە کۆبانێ دەستی پێکردووە و بەردەوام درێژەی هەیە.