کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات سەردانی پارلمانی سویدی کرد

15:14 - 24 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ڤاڵتر موت نوێنەری حیزبی ژینگە لە پارلمانی سوید چاوپێکەوتنی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لەگەڵ ڤاڵتر موت نوێنەری حیزبی ژینگەی سوید لە پارلمانی ئەو وڵاتە چاوپێکەوتنیان کرد.

ڤاڵتر موت (Valter Mutt) پاش هەڵبژاردنەکانی وڵاتی سوید و دامەزراندنی حکوومەت لەگەڵ سوسیال دێموکراتەکاندا وەک نوێنەری نوێ حیزبی ژینگە دیاری کرا.

لەو چاوپێکەوتنەدا لەسەر دوو تەوەری سەرەکی باس و وتووێژ کرا.

نوێنەری حیزب لەو دیدارەدا کورتەیەک لەسەر خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەلومەرجی کوردەکان لە ئێران و دیکتاتۆری رێژیمی ئاخوندی لەو وڵاتەی هێنایە بەر باس.

تەیمووری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و بەتایبەتی لە عێراق و کوردستان و نانەوەی ئاژاوە بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوین کە بووەتە پیشەی رێژیمی ئێران، کرد.

هەروەها پرسی چەکی ناوکی لە ئێران باسێکیتر بوو کە رێژیمی ئیسلامی و حەسەنی رۆحانی وەک سەرکۆماری ئێران نایانهەوێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و تەنیا لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکادا خەریکی کات کوشتنن.

تەیمووری لەو پێوەندییدا وتی: بۆ نموونە بڕیار بوو بەم نزیکانە وتووێژی سێ قۆڵی نێوان رێژیمی ئێران و یەکیەتی ئورووپا و ئامریکا بگەنە رێگە چارەیەک، بەڵام سەرانی ئەو رێژیمە خەریکن لەبەر وتووێژەکان هەڵدێن و بەو جۆرەی کە رۆحانی قسەی کردووە تەنیا ٤٠ رۆژی ماوە بۆ دوایین دەرفەت کە ئاکامی وتووێژەکان رابگەیەنرێ و لەسەر چەکی ناوکی دوایین بڕیار دەرکەن کەچی ناوبراو دەڵێت: ماوەی ٤٠ رۆژ زۆر کەمە و ئێمە لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی پاشگەز نابینەوە و بەم کاتە کەمەی بەردەممانە ناتوانین بگەینە رێکەوتنێک.

لە درێژەدا باس لەوە کرا کە حیزبی دێموکرات لە مێژە باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا خەریکی کات کوشتنە وهیچ کات نایهەوێ رێکەوتنێک مۆر بکات کە بە زەرەری خۆیانی بزانن، هەر بۆیە لە هەموو لایەک خەریکی ئاژاوەنانەوەیە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە درێژەدا رایگەیاند: سەرەڕای ئەمانەش ئێستا کێشەی داعشی پێ زیاد بووە و لەم بارەشەوە دەیەوێ ئیمتیازی زۆرتر وەربگرێت.

تەیمووری هەروەها لە درێژەدا وتی: لە ئێراندا جگە لە نەتەوەی کورد نەتەوەکانی ئازەری، عەرەب، بەلووچ و تورکمەن دەژین و هیچ یەک لەم نەتەوانە بە بچووکترین مافی سەرەتایی خۆیان نەگەیشتوون و لە ژێر فشار و ئەشکەنجەی روحی و رەوانی لە ئێراندا دەژین. رۆژانە خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانیەوە رەوانەی بەندیخانەکانی ئەو رێژیمە دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن.

تەوەرێکی دیکەی باسەکە سەبارەت بە کێشەی داعش و جینۆسایدی خەڵکی شنگال و گوندەکانی دەوروبەری شار و شارۆچکەکانی‌تری باشووری کوردستان بوو.

پاشان سەبارەت بە کۆبانێ قسە کرا و لایەنە جۆراوجۆرەکان و وردەکارییەکانی خرانە بەر باس.

تەیمووری، نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو پێوەندییەدا وتی: گەمارۆی شار کۆبانێ گەورەترین کێشە نە هەر بۆ گەلی کور بەڵکوو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی جیهان بوو. ئەگەر کۆبانێ بکەوێ و داعش دەستی بەسەریدا بگرێت ئەوە گەورەترین کێشە دەبێت بۆ هەموو جیهان و داعش دەبێتە گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهان و ئەو جار وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکاش ناتوانن بە ئاسانی سەرکوتیان بکەن.

تەیمووری لە درێژەدا رایگەیاند: ئێمڕۆ پێویستە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا وەدەنگ بێن و یارمەتی کورد بدەن، هەم لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، نیزامی، مادی ومەعنەوی؛ چونکە ئێستا کورد بە تەنیا شەڕی رێکخراوێکی تیرۆریستی گەورە لە جیهاندا دەکات و ئەم شەڕەش دەبێت ئەو وڵاتە یەکێک لەوانە وڵاتی بێدەنگ نەبن و هەرچی خێراتر بە هانای کوردەوە بچن و یارمەتی بدەن.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها سەبارەت بە پشتیوانە ناوچەییەکانی داعش باسی کرد و رایگەیاند که پشتیوانەکانی داعش و لەسەرەوە هەموویان رێژیمی ئێران بوو که شەڕی داعشی بەرەو کوردستان هێنا.

لە درێژەدا تەیمووری رایگەیاند که هەرچەند کورد زەربەی لێ درا بەڵام داعش نەیتوانی دەست بەسەر کوردستاندا بگرێت و تووشی شکست هاتن. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو حیزبەکانی سوید و دەوڵەتی سوید و تەنانەت حیزبی ژینگە چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە کە پرسی کورد بورووژێنن و هەم لە پارلمانی سوید و هەم لە پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا و هەم لە بنکەی ناوەندیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسەکانی سەبارەت بە کورد و کوردستان بخەنە بەر باس و پشتیوانی لە کوردستان بکەن.