کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ لە شاری ئارهووس خۆپیشاندانێک بۆ پشتوانی لە خۆڕاگریی کۆبانێ رێکخر

14:57 - 25 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک لە شاری ئارهووسی دانمارک بەمەبەستی پشتیوانی و پاڵپشتی لە خۆڕاگریی و بەرخۆدانی کۆبانێ رێکخرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە بەشداریی کوردانی دانیشتووی میت یولاند رێپێوانێك بۆ پشتگیری لە بەرخۆدانی کۆبانێ پێكهات.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا پەیامی هەریەك لە حیزبە کوردستانییەکانی بەشداربوو خوێندرایەوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن جەمشید خوسرەوی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک، پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لەلایەن بەختیار، پەیامی پارتی یەکیەتیی دێموکراتیك لە رێگای تەلەفۆن لە باژاری کۆبانێـوە، پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن بەرزان و پەیامی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن جەعفەرەوە پێشکەش کران.

هەروەها پەخشانێك لەلایان عەبدوڕەحمان بابایی بە شێوازی دروشم پێشکەش کرا.

خۆپیشاندەران بە وتنی دروشم شەڕی چەتەکانی داعشیان لە دژی گەلی کورد شەرمەزار کرد و پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ دووپات کردەوە.