کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هاوبەشی حیزبە کوردستانییەکان بە مەبەستی هاوهەڵوێستی لە دانمارک

16:04 - 25 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی دانمارک بە مەبەستی هاوهەڵوێستی و پشتگیری لە کۆبانێ چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شاری ئارهوسی دانمارک، نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک، حیزبی پێشکەوتووی دێموکراتی کوردی سووری و پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرینگ لە بواری بارودۆخی ئێستای کوردستان بە تایبەت هاوهەلوێستی لە سەر کۆبانێ، دانیشتنێکیان پێک هێنا.

هەروەها گەیاندنی پەیامی هێز و لایەنە کوردییەکان لەو بوارەدا بە حکوومەت و لایەنە پێوەندییدارەکانی دانمارک بە مەبەستی پشتگیری مرۆڤ‌دۆستانە، سیاسی و نیزامی لە کۆبانێ و کوردستانی سووریە و وەگەڕخستنی رۆڵی کوردستانیان لە وڵاتە ئورووپاییەکان بەگشتی و زیاتر بەشداری‌کردنیان لە کار و چالاکییەکان لە ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە دژی هێرشی گرووپی تیرۆرستیی داعش چەند تەوەرێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا جەمشید خوسرەوی، بەرپرسی گشتیی تەسکیلاتی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک کە بە نوێنەرایەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوو، جەختی لە سەر بەردەوام بوونی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە کردەوە.