کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

روژانە ٤٣ هاووڵاتیی عێراقی لەلایەن داعشەوە دەکوژرێن

16:17 - 26 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی داعش لە ٩ مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٢ هەزار هاووڵاتیی عێراقییان کوشتووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە لێکۆڵینەوەکانی گرووپی نێونەتەوەیی داکۆکیکاری مافی کەمینەکان minority rights Group International (MRG) ، لە ٩ مانگی رابردوودا و پاش چڕتربوونی هێرشەکانی داعش بۆ سەر عێراق، هەر مانگە لانیکەم یەک هەزار و ٣٥٠ هاووڵاتیی عێراقی کوژراون.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکە، لە ٩ مانگی رابردوودا، ١٢ هەزار هاووڵاتیی عێراقی کە زۆربەیان ئێزەدی، مەسێحی و تورکەمەنن، قوربانیی تیرۆری داعش بوونە.

گرووپی نێونەتەوەیی داکۆکیکاری مافی کەمایەتییەکان لە راپۆرتی خۆیدا، بارودۆخی گرووپەکانی ئتنیکی و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی لە عێراقدا مەترسی‌دار وەسف کردووە.

راپۆرتی ئەم ناوەندە مافی مرۆڤیە دەرخەرێ ئەوەیە کەلە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا، ژمارەی کوژراوان لە عێراق دوو قات نیسبەت بە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو رووی لەزیادبوون کردووە.

مارک لاتیمر، بەرپرسی گرووپی نێونەتەوەیی داکۆکیکاری مافی نەتەوەکان لە لەندەن، لەم بارەیەوە رایگەیاند کە دەوڵەتی عێراق توانای بەرگری لە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکانی نییە و هیچ هەوڵێک بۆ پاراستنی کەمایەتییەکان نادات.