کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگواستنی مەسعوود شەمس‌نژاد بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمیە

20:15 - 26 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: پارێزەری کورد, مەسعوود شەمس‌نژاد، پاش سەپانی حوکم لەلایەن دادگای ئینقلابەوە، بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانیی ئورمیە راگوێزرا.
بەپێی راپۆرتی کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری پایە یەکی دادگوستەری و مامۆستای پێشووی زانکۆی پەیام‌نووری ئورمیە، بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمیە راگوێزرا.

مەسعوود شەمس‌نژاد رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و پاش لێکۆڵینەوە و لێپیچینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و پاشان لە زیندانی ناوەندیی ئورمیەوە بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرا.

پاش تێپەڕبوونی ٣٤ رۆژ لە دەستبەسە کرانی، رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، مەسعوود شەمس‌نژاد، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران پاش تێپەڕبوونی ٩ مانگ لە دانانی بارمتە و ئازادیی ئەم پارێزەرە کوردە، لە نیوەی دووهەمی مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی پەروەندەی پارێزەریی مەسعوود شەمس‌نژادیان هەڵپەسارد.

دواتر لە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، سزانامەی لەلایەن لقی ٩ی دادیاری شاری ئورمیە دژی مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری کورد و مامۆستای زانکۆ، کە پارێزەری چەندین زیندانیانی سیاسیی کورد وەک حەبیبووڵڵا گوڵپەری‌پوور، عەلی ئەفشاری و حەبیب ئەفشاری بووە، دەرکرا.

ئەم سزانامەیە بە مەبەستی دەرکردنی حووکم لەلایەن لقی ٩ی دادیاری ئورمیە بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە نێردرا.

ئەم پارێزەرە کوردە لەلایەن دادیاری ئورمیە بە تۆمەتی، تەبلیغی دژی نیزام لە رێگای وتووێژ لەگەڵ میدیا کوردیەکانی دەرەوەی وڵات، بڵاو کردنەوەی دەق و هەواڵ و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردەکانی دژبەری رێژیمی ئیسلامی ئێران راگەیەندراوە.

ئەم پارێزەرە کوردە، پاش دادگایی کردنی ، لەلایەن دادگای ئینقلابی رێژیمی ئێران لە ئورمیە بە تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام بە چوار مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و پاشان ئەم حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پارێزگای ئورمیەوە پشتڕاست کرایەوە.