کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی پاڵپشتی لە کۆبانێ/ فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی ئیلام دروشمەکانی \"قەوم‌گەرایانە\" وەسف کرد

18:33 - 27 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: فەرماندەی هێزی ئینیزامیی پارێزگای ئیلام، هەواڵی بەرنامە‌ڕێژی بۆ دۆزینەوەی شوناس و هەڵسوکەوتی توند لەگەڵ بەڕیوبەرانی خۆپێشاندانەکی پشتیوانی لە کۆبانێ بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی رێپێوانەکان و خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی لە کۆبانێ، ناوەندەکانی رێژیمی ئێران بەردەوام بە بەربەست دروست کردن، نەدانی مۆڵەت و دەستبەسەر کردن و بانگهێشتی هاووڵاتییانی کورد وهەروەها زاڵکردنی فەزایەکی خۆف لە نێو هاووڵاتییانی کورد، لە هەوڵی پێشوازی نەکردنی هاووڵاتییانی کورد لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ بوون.

رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٢٠ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، پاش دەستپێکی شەپۆلی رێپێوان و کۆبوونەوەکانی پاڵپشتی لە کۆبانێ لە کوردستانی ئێران، هاووڵاتییانی کوردی ئیلامیش بە دروشمی بژی کوردستان چوونە پارکی منداڵان و بە بوونی فەزای ئەمنییەتی و بەربەستی ناوەندەکانی رێژیمی ئێران و نەدانی مۆڵەت لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، بە شەپۆلی پشتیوانی و پالپشتی لە کۆبانێ هاووڵاتییانی کوردی شارە کوردنشینەکان پێوەست بوون.

لە کاتی ئەم رێپێوانە کە بە بێ مۆڵەتی رێژیمی ئێران لەلایەن چالاکانی مەدەنییەوە و بە شێوەی خۆڕسک بەڕێوەچوو، هاووڵاتییان بە وتنەوەی دروشمی پشتیوانی لە کۆبانێ و مەحکووم کردنی تیرۆر و تیرۆریزم، هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی کۆبانێ دەربڕی.

راپۆرتی گەیشتوو لە ئیلام و شوێنی بەڕێوەچوونی رێپێوانەکە باس لەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران لە نێو و دەورووبەری خۆپیشاندەران بوونیان هەبووە.

پاش تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە بەڕێوەچوونی رێپێوانی پاڵپشتی لە کۆبانێ لە ئیلام، سەردار عەلی‌دەوڵەتی، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی پارێزگای ئیلام وێڕای نایاسایی ناوبردنی ئەم کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد، هەواڵی دانانی پلانێکی تۆکمەی لەمەڕ ناسینەوەی بەڕێوەبەرانی رێورەسمەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی پەرەچەکردار و بەگژداچوونییان بڵاو کردەوە.

فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی پارێزگای ئیلام نیسبەت بە دروشمە نەتەوەییەکانی هاووڵاتییانی کوردی ئیلام دژکردەوەی نیشان داوە و سەرەڕای قەوم‌گرایانە وەسف کردنی دروشمەکان، هاووڵاتییانی کوردی بەشداربوو لە رێپێوانی پاڵپشتی لە کۆبانێ ئاژاوەگێڕانی نەزم و ئەمنییەتی راگەیاند.

بە دەستپێکی کۆبوونەوە ورێپێوانەکانی هاووڵاتییانی کورد بە مەبەستی پاڵپشتی لە کۆبانێ، شەپۆلێک لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێکرد.

لە م شەپۆلە نوێیەدا، لانیکەم ٥٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، سنە، رەبەت و تاران دەستبەسەرکران وسەدان هاووڵاتیی کوردی دیکەش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت کران.