کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتنی دوو پلەداری هەنگی سنووری و هەڕشە لە وڵاتی پاکستان لەلایەن کاربەدەستانی سپای پاسدارانەوە

20:50 - 27 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: پاش تێک‌هەڵچوونە نیزامییەکان لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا و کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە و وەرگەڕانی ماشێنێکی گرووپی ڵێکۆڵینەوەکانی رێژیم لە بەلووچستان، لە تێکهەڵچوونێکدا دوو پلەداری نیزامیی هەنگی‌ سنووری کوژران.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، سەرلە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٤ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، دوو پلەداری نیزامیی هەنگی سنووریی رێژیمی ئیران کە میدیاکانی رێژیم ئەوان بە ستوانی دووهەم جەواد باقری و ئوستواری دووهەم رشا بارانی ناو دەبەن، لە تێکهەڵچوونێکدا کوژران.

ئەمە لە حاڵێکدا کە جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران سەر لە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە هەڕەشەی لە وڵاتی پاکستانی بە هاتنە ژوورەوەی هێزەکانی رێژیم بۆ سنوورەکانی ئەم وڵاتە کردووە.

ماوەیەک لەمەو بەر، سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران ئەمنییەتی ٣٠٠ کیلۆمیتر لە سنوورەکانی سەراوانی لە ئەستۆدا بوو کە پاش کردەوەی رێژیمی ئێران، ئەم تێکهەڵچوونانە رۆژ بە رۆژ لە حاڵی زیاد بوون‌دایە.