کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نورویژ/ سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ

13:04 - 28 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوروێژ سەردانی وەزارەتی دەرەوی ئەو وڵاتەی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی عەزیم ئەلیاسی، نوێنەری حیزبی دێموکرات سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد و لەلایەن شاندێکی ٣ کەسی لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ بە سەرپەرستی خاتوون ئانەتە نابلسن (Annette Abelsen) پێشوازی لێکرا.

لەم سەردانەدا هێندێک باس لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد و ناوچەکە و سیاسەتی حدکا وەک بارودۆخی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، سیاسەتی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت تورکیە و ئێران بە نیسبەت کورد، هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردەکان لە دوو پارچەی کوردستان و بەشداری کوردەکانی هەموو پارچەکان لە بەرنگاربوونەوەی داعش تاووتوێ کران.

زەروورەتی یارمەتیدانی کورد لەلایەن وڵاتانی ئورووپایی، بارودۆخی گەلانی ئێران و سیاسەتی فریوکارانەی رێژیمی ئیسلامی، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و سیاسەتی ئەم کۆنگرەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان، نوروێژ و یارمەتییە سیاسی و مرۆییەکان بە نیسبەت کوردەوە و پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ لە داهاتوودا کۆمەڵێکیتر لە باسەکانی ئەم چاوپێکەوتنەی پێک هێنابوو.
لەم سەردانەدا لە سەر بارودۆخی کوردستان و بەگشتی باس لە شەڕ لە دژی داعش و هەروەها باسی پێویستیی یارمەتیدانی کورد لەم شەڕەدا کرا و لایەنی نوروێژیش لە سەر ئەوە هاوڕا بوو کە یارمەتیدانی کورد لەم شەڕەدا زۆر پێویستە.
هەروەها باس لەوە کرا کە نوروێژ هەتا ئێستا زیاتر لە یەک میلیارد کرۆن، یارمەتی بە لێقەوماوان لە سووریە و عێراق کردووە. نوێنەری حیزب پێداگری کردووە کە ئەم جۆرە یارمەتییانە نابێ بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق بنێردرێت.
بە پێی قسەکانی شاندی وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ، ئەم وەزارەتە بە روونی داوای لە بەغداد کردووە کە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.

دوو لایەنی دانیشتنەکە، لە درێژەدا باسی سەردانی وەزیری دەرەوەی نوروێژیان بۆ هەولێر کرد کە ئەو سەردانە وەک سەردانی بەغداد بۆ ئەو گرینگ بووە و کە ئەمەش مانای سیاسی و دیپلوماسی خۆی هەیە.
لەلایەن شاندی وەزارەتی دەرەوەی نوروێژەوە باس لە سەر سیاسەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان کرا، لەم بارەوە روونی کردەوە کە رێژیمی ئیسلامی لە بنەڕەتدا دژی مافەکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستانە و ئەوەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند کە ئێران یەکەم وڵات بووە لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە دژی داعش، زیاتر لایەنی دیپلوماسی هەبووە نەک کرداری.
لە کۆتاییدا باس لە ناڕەزایەتیی هێندێک لە کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەرانبەر بێدەنگی تورکیە کرا کە لە یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی جیددی هەڵنەگرتووە.
لە درێژەی ئەو سەردانەدا، باس لە رۆڵی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرا و لە سووریەش رۆڵی تورکیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کورد لەوێ لاواز بکات و بەوەش خۆی لە باڵادەستیدا لە بەرانبەر کوردانی کوردستانی تورکیەدا ببینێتەوە.
هەروەها باس لە سەر سیاسەتی رێژیم پاش هاتنەسەرکاری رۆحانی چ بە نیسبەت ناوخۆی ئێران و چ لە بەرانبەر دەرەوەدا کرا.

لەم بارەیەوە لایەنی نەروێژی پێیان وابوو کە گۆڕانکاری نابینرێت و هەروەها باس لەوە کرا کە گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەرییان بە سەر هەڵسووکەوتی تاراندا هەبووە.


لەو سەردانەدا بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات باسی لە ئیدئۆلۆژیی رێژیمی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە کە ویستوویانە شۆڕشی ئیسلامی بۆ جیهان بەتایبەتی ناوچەکە هەناردە بکەن و کاتێک لەو بوارەدا سەرکەوتوو نەبوون ئێستا بە شێوازێکی دیکە ئەم کارە دەکەن و بە کردەوە لە عێراق، سووریە، یەمەن، لوبنان و زۆر لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا بوونیان هەیە.

سەرکوت کردنی خەڵکی ئێران و بە تایبەتی گەلانی بندەستی وڵات و رادەی لە سێدارەدانەکان، ئەوە دەسەلمێنن کە جیاوازیی رۆحانی و ئەحمەدی‌نژاد تەنیا لە شێوازی قسەکردنیان دایە نەک کردار.