کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی راوێژکاری خامنەیی لەسەر پشتیوانیی هەمە‌لایەنەی رێژیمی ئێران لە گرووپە‌کانی دژی ئامریکا و ئیسرائیل

15:24 - 28 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی لە چاو پێکەوتن لەگەڵ دەستەیەک لە موسڵمانانی یەمەن لە تاران وتی: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئەو گرووپانەی کە دژی ئامریکا و ئیسرائیل شەڕ دەکەن، پشتیوانی دەکات.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، عەلی ئەکبەرویلایەتی، گەورە راوێژکاری خامنەیی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەستەیەک لە موسڵمانانی زیدیی یەمەن لە تاران جەختی لە سەر رازی بوونی ئێران لە کردەوەکانی حەوسیەکان لە یەمەن کرد و رایگەیاند کە رێژیمی ئێران پشتیوانییان لێ دەکات.

ئەم کاربەدەستەی رێژیم رایگەیاند کە رێژیمی ئێران هیوادارە کە حەوسییەکانی یەمەن وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان رۆڵ بگێڕن و لە درێژەدا جەختی کرد کە رێژیمی ئێران پشتیوانی لە هەموو ئەو گرووپە ئیسلامییانە کە لە ناوچەکەدان و دژی ئیسرائیل و ئامریکا شەڕ دەکەن، پشتیوانی دەکات.

ماوەیەک لەمەوبەر، عەبد رەبە مەنسور هادی سەرکۆماری یەمەن، لەمەڕ دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا هوشداری بە رێژیمی ئێران دابوو.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن سەرکۆماری یەمەنەوە بە پشتیوانی لە حەوسییەکان (گرووپێکی میلیشیای دژ بە حکوومەتی یەمەن) مەحکووم کرابوو.

عەبد رەبە، گرووپی حەوسییەکانی بە ئەو گرووپە شیعەیەی کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن ناودێر کرد و هەروەها وتی حەوسییەکان لە بواری ئابووری، چەک‌وچۆڵ و راهێنانی نیزامی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.

پاش بە دەسەڵات گەیشتنی عەبد رەبە مەنسوور هادی، سەرکۆماری نوێی یەمەن، رێژیمی ئێران بە شێوە جۆراوجۆرەکان لە رێگەی گرووپە میلیشیاکان و پشتیوانی لەو گرووپانە لە هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بووه.

لەم ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، راهێنانی نیزامی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕوونی بەر چاو دەکەوێت. 

حەوسییەکانی یەمەن ئەو گرووپە توندڕەوانەن کە ماوەیەکە سنعایان داگیر کردووە و رێژیمی ئێران بە شێوەی ئاشکرا پشتیوانییان لێ دەکات و ئێستا بەرەو ناوچە سوننی‌نشینەکان پێشڕەوی دەکەن.