کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی راستەوخۆی مەئموورێکی هیزە ئینتزامییەکان لە هاووڵاتییەکی کورد و زەوتی ماشێنەکەی

20:24 - 28 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کورد لە جاددەی نەسوود ــ پاوە کەوتە بەر ئامانجی تەقەی راستەوخۆی مەئموورێکی هێزە ئینتزامییەکان و لە ئەنجامدا بریندار بوو.

رۆژی یەکشەممە رێكەوتی ٢٧‌ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی هاووڵاتییەکی کورد بە ماشێنەکەی خۆی لە جاددەی نەسوود ــ پاوە لەلایەن مەئموورێکی هێزی ئینتزامیی رێژیمەوە تەقەی لێکرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای ئەوەیکە تەقەی لێكراوە لەماشێنەكەشی فڕێ‌دراوەتە خوارێ و بە توندی بریندار بووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە سەعید وەیسی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی نەرویی سەربە شاری پاوە راگەیاندووە، ئەو سەرچاوەیە شوناسی ئەو مەئموورەی هێزی ئینتزامی کە ئەو هاووڵاتییەی داوەتە بەر تەقەی راستەوخۆ ئارەش.ز راگەیاندووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو ئارەش.ز جلی مەدەنی لەبەردا بووە و دوای تەقەكردن لە سەعید وەیسی ماشێنی ئەو هاووڵاتییەی بردووەتە پاسگای مەلاندەر و رادەستی ئەو پاسگایە كردووە.

بەرپرسانی هێزی ئینتزامی لەو پێوەندییەدا رایگەیاندووە کە ئارەش.ز مەئمووری هیزی ئینتزامی نییە بەڵام هاووڵاتییەکی ئاگادار لەو رووداوە رایگەیاندووە کە ئارەش پێشتر مەئمووری هێزی ئینتزامی بووە هەنووکە لەسەر كارەكەی هەڵپەسێردراوە.

لەو پێوەندییەدا و لە هەمان رۆژدا هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە پاسگای دووئاو کاروانی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی نەوسوودیان داوەتە بەر تەقەی راستەوخۆ و ویستوویانە دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا بگرن.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ماوەی مانگی رەزبەری ئەمساڵدا لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تەقەی راستەوخۆ کوژراو و بریندار کراون.