کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی کوشتن لە بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە

20:44 - 28 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رێز و دەستخۆشی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە چالاکێکی سیاسی و ژینگەپارێزی کورد، هەڕەشەی کوشتنی بنەماڵەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لێکەوتووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان هەڕەشەی کوشتنی لە بنەماڵەی محەممەد فەیزی چالاکیی سیاسی و ژینگە‌پارێزی کوردی خەڵکی شاری مەریوان کردووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لە کۆتایی حەفتەی رابردوو و لە سێهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەوزی چیادا، بازڕەس و کۆڕی گشتیی ئەو ئەنجومەنە رێز و دەستخۆشی خۆی لە ماندووبوون و چالاکییەکانی محەممەدغەریب فەیزی لە بواری نەخشاندنی پوستێر و نیگارکێشی کردبوو.

رێز لەم چالاکە سیاسییە لە کۆڕی گشتیی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بووە هۆی تووڕەیی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم و ئەمەش هەڕەشەی کوشتنی بنەماڵەی محەممەدغەریب فەیزی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەمەڕ نەگرتنەپێشی هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان لێکەوتەوە.

محەممەدغەریب فەیزی بێجگە لە چالاکی سیاسی، لە بیاڤی ژینگەپارێزیشدا چالاکیی هەبووە، ناوبراو رێکەوتی ١٢ خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاوی، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە زیندان و دانی جەریمەی نەختی محکووم کرا.

ئەم چالاکە سیاسییە کوردە، پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بەهۆی گوشار و ئەزیەت و ئازاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بەناچار کوردستانی ئێرانی بەجێهێشت و رووی لە هەندەران کرد.