کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نتانیاهۆ: بەرەوڕووی رێکەوتنێکی مەترسیدار راوەستاوین کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی دەگات

14:30 - 29 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران بەتایبەت محەممەد جەواد زەریف و حەسەن رۆحانی بە لێبڕاوی باس لە گەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی دەکەن، نتانیاهۆ ئەگەری هەر چەشنە رێکەوتنێک هەڕەشەیەک بۆسەر جیهان وەسف دەکات.
بەپێی راپۆرتی جورزالم پۆست رۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە رەوتی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی، نیگەرانیی خۆی دەربڕێوە و رایگەیاند کە ئێمە رووبەڕووی رێکەوتنێکی مەترسیدار نێوان زلهێزانی جیهانی و ئێران راوەستاوین کە دەهێڵێت ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات.

لەو پێوەندییەدا و بەپێی راپۆرتێک کە رۆیتێزر ماوەیەک پیش بڵاوی کردبووە، هەر یەک لە دەوڵەتەکانی ئەحمەدی نژاد و رۆحانی پێداگرییان لەسەر ئەو دوو بابەتە دەکرد کە رێژیمی ئێران دەبێت زیاتر لە ٩٤٠٠ سانتریفیوژی چالاکی خۆی بۆ پیتاندنی ئورانیۆم هەبێت و هەروەها رێئاکتۆری ئەراک کە لە داهاتوودا دەتوانێت پلۆتۆنیۆم بەرهەم بێنت، راگرێت.

ماوەیەک پێش ئێستا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانی خۆی لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیرانی چەکدار بە چەکی ناوکی مەترسیدارتر لە داعش وەسف کرد.

نتانیاهۆ لە لێدوانی خۆیدا لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە هەموو دەفرایەتی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی رێژیمی ئێران لە ناو ببردرێت.

لەو پێوەندییەدا ساڵی رابردووش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانی خۆیدا لە کۆڕی گشتیی، ئێرانی چەکدار بە چەکی ناوکی گەورەترین مەترسی بۆ داهاتووی جیهان وەسف کرد و داوای کرد هێڵێ سووری دیاریکراو لە بەرانبەر زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بکێشن.

بنیامین نتانیاهۆ بە تاوتوێکردنی پێشکەوتنەکانی بەرنامەی ناوکی ئێران، جارێکی دیکە پێداگری کرد کە کۆمەڵگای جیهان دەبێت هێڵی سووری دیاریکراو بۆ ئێران لە نەزەر بگرێت و ئەو هێڵە سوورە دەبێ پیتاندن لە ئێرانـدا بێت.

هەنووکە و دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ، نتانیاهۆ رایگەیاند کە رێژیمی ئێران دروشمی دژە رۆژئاوایی خۆی نەرم کردووەتەوە و لەو پرسانەی کە بایەخێکی کەمتریان هەیە هەتا رادەیەک وەرچەرخانی لە خۆی نیشان داوە بەڵام نابێت فریوی ئەو ژێستانە بخۆین. سەرکۆمار ئۆباما دەبێت لە سەر قسەکانی خۆی سوور بێت کە نەگەیشتن بە رێکەوتنێک لە گەیشتن بە رێکەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران باشترە.

دەرفەتی شەش مانگەی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران کە رۆژی ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی کۆتایی پێدەهات، لە دوو رۆژی کۆتایی هەر دوو لایەن سەرەڕای ئەوەیکە ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوانیان مابوو لەسەر ئەوە رێک کەوتن کە وتووێژەکان بۆ چوار مانگی دیکە واتا تاکوو رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی ساڵڕۆژی رێکەوتنی کاتیی ناوکیی ژنێڤ درێژ بکەنەوە.