کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان/ کوژرانی سێ هاووڵاتیی کورد بە هۆی لافاو و هەورەتریشقە

19:20 - 29 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: دوو کەس بە هۆی لافاو لە گوندی قۆمان سەر بە سەلاس باوەجانی و یەک کەسی دیکەش بە هۆی هەورەتریشقە لە شاری سەرپێڵ زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان گیانیان لە دەست دا.

بە پێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، رووداوە سروشتییەکان لە کرماشان گیانی ٣ هاووڵاتیی کوردیان ستاند.

لافاو لە گوندی قومانی سەربە سەلاسی باوەجانی گیانی دوو منداڵی ستاند و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیش بە هۆی هەورەتریشقەوە لە شاری سەرپێڵ زەهاو گیانی لەدەست دا.

لەو پێوەندییەدا لاوێکی کوردی خەڵکی کرماشان لە چۆمی قەرەسوودا خنکاوە.

بە هۆی باران بارینەکانی ئەم دواییانە، هاتنی لافاو و هەورەتریشقە رێگە و شەقامی شارە کوردنشینەکانی پاوە، جوانڕۆ، سەلاس باوەجانی، سەرپێل زەهاو، بەشە ناوەندییەکان و کووزرانی کرماشان ژیانی ئاسایی هاووڵاتییانی لەو ناوچانە تووشی گرفت بووە.

بەپێی راپۆرتەکان، ناوەندی مانگی سوور و ناوەندەکانی بەڕێوەبەری رووداوەکانی چاوەڕوان‌نەکراوی رێژیم، هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەری و قەرەبووکردنی زیانە ماددی و گیانییەکان ئەنجام نەداوە.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ناوەندکانی سەلامەتی جیهانی و نێودەوڵەتی وەکوو مانگی سوور ئیختیاراتەکانی رێکخراوەیی خۆیان بەپێی پێناسەی نێودەوڵەتی و جیهانی لە دەست داوە و هەموو ناوەندەکانی ئەو دامەزراوەیە لە ئاستی ئێران بوون بە ناوەندیی بەسیج و هەروەها ئیمکانات و کەرەستەی پێویستی ئەو رێکخراوەیە وەکوو هێلی کۆپتێرەکان بە رێژیم دراون.

لەو پێوەندییەدا بە هۆی بارینی باران لە چەند رۆژی رابردوودا و هاتنی لافاو دانیشتوانی گوندی گۆل سەر بە شاری بۆکان بێ ماڵ‌وحاڵ بوون.

خانووبەری دانیشتوانی گوندی گۆل بەهۆی باران و لافاوەوە پڕ بووە لە ئاو و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندە ئاوارە ببن.

هەر لەو پێوەندییەدا لە گوندی ئیسلاملوو لە جاددەی ئورمیە ــ شنۆ بەهۆی باران بارین و هاتنی لافاو، خانووبەرە و ئەمباری دانەوێڵەی ٥ گوند زیانێکی جیدی بەر کەوتووە.

هەواڵدەرییە نێوخۆیەکان لەو پێوەندییەدا بڵاویان کردەوە کە بەهۆی لافاو ٥ مەڕ تەڵەف بوون و ئەگەری زایەبوونی ٣٨ مەڕی دیکەش لە ئارادایە.