کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ لوبنان

20:57 - 29 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بە چڕتربوونەوەی نائارامییەکان و لاوازبوونی رێژیمی بەشار ئەسەد، لە دانیشتنێکدا لە تاران، وەزیرانی بەرگریی لوبنان و رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر پرسی ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ لوبنان و دۆخی رێژیمی بەشار ئەسەد کۆبوونەوەیەکیان پێکهێنا.
هەواڵی ناردنی چەک و تەقەمەنی و راهێنانی هێزە نیزامییەکانی لوبنان لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دوای ئەم دانیشتنە بڵاو کراوەتەوە کە دەتوانێت دەرخەرێ ئەوە بێت رێژیمی ئێران لە رووداوەکانی ناوچەکە نیگەرانە.

وەزیری بەرگریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەروەها رایگەیاندووە کە ئەم رێژیمە ئامادەی هەرچەشنە هاوکارییەک لە بواری کەرەستەی شەڕ، راهێنان و دانی زانیاری و ئەزموونەکانی بە ئەرەتەشی لوبنانە.

لەلایەکی دیکەوە جێگری سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، پاش رووداوەکانی ماوەی رابردووی لە ناوچەی سیستان‌وبەلووچستان و کوژرانی چەندین کەس لە هێزەکانی رێژیم لەم ناوچەیە، هەڕەشەی لە وڵاتی پاکستان کردووە کە هێزەکانی دەنێرێتە خاکی ئەو وڵاتە.

شرۆڤەکاران دەڵێن، هەڵویستی بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران مەبەستی هوشدارئامیزی پێوە دیارە کە ئەمە لە روانگەی نێوخۆیی، روانگەی ئەمنییەتی رێژیم نیسبەت بە نەتەوەی بەلووچستان زۆرتر لە جاران ئەمنییەتیتر دەکات.

دەوڵەتی پاکستان لە کاردانەوە بەم هەڵوێستەی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە کە ئێران نابێت بۆ کێشە نێوخۆییەکانی خۆی بە دوای هۆکاری دەرەکیدا بگەڕێت.