کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری تەڵاق لە بانە ١٣٠% بەرز بووەتەوە

15:44 - 30 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ئاماری تەڵاق لە شارستانی بانە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو و نیو بەرابەر بەرز بووەتەوە.
هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان لە زاری جێگری فەرمانداریی شارستانی بانەوە بڵاویان کردەوە کە ئاماری تەڵاق لەو شارستانە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ١٣٩٣ی هەتاوی نیسبەت بە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ١٣٠ بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ١٧٦ حاڵەت تەڵاق لە شارستانی بانە تۆمار کراوە.

ئەوە لە حاڵێكدایە کە لە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لە شارستانی بانە ٧٧ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کرابوو.

لەو پێوەندییەدا، ئاماری تەڵاق لە ٤ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە ئورمیە نیسبەت بە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ٤٠ بەرز بووەتەوە.

رووداوەکانی تەڵاق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیادی کردووە کە هەنووکە رۆژانە ١٥ ژن و مێرد لە پارێزگای ئورمیە لە یەک جیا دەبنەوە.

لەو پێوەندییەدا لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە بەرانبەر ٧ هەزار و ٧٤ حاڵەتی تەڵاق یەک هەزار و ٦١٩ حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای کرماشان تۆمار کراوە.

لە پارێزگای ئورمیە رووداوەکانی تەڵاق لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەسەدا ٤٠ بەرز بووەتەوە و هەروەها لە پارێزگای کرماشان لە بەرانبەر ٤ حاڵەت پێکهێنانی ژیانی هاوبەش یەک حاڵەت تەڵاق رووی داوە.

ئاماری پێوندییدار بە تەڵاق لە ئێراندا لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی نیسبەت بە ١٣٩٢ی هەتاوی بەرز بووتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری و هەڵاوسان و دابەزینی نرخی دراوی ئێران تەڵاق لەو وڵاتەدا زیادی کردووە و ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

هەندێک لە کارناسان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق لە ئێراندا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و لەو باوەڕدان کە بوومەلەرزەی تەڵاق لە کۆمەڵگای ئێران لە کاتی روودان دایە.

گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان و بێکاری، نەبوونی داهات لە گرینگترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی تەڵاق لە ئێران دایە.

کارناسان لەو باوەڕدان کە بەرزبوونەی تەڵاق و دابەزینی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ئێران دەرئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتە هەڵەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا بووە.