کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی: گەمارۆ ئابووری و سیاسییەکانی دژی رێژیمی ئێران لانابرێن

16:13 - 30 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە کە تەنانەت بە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رێژیمی ئێران، گەمارۆ ئابووری و سیاسییەکانی دژ بە ئەو رێژیمە لەجێی خۆیاندا دەمێننەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رویتێرز، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٩ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، جاش ئێرنێست، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە دانوستان لەگەڵ رێژیمی ئێران پێویستی بە متمانەی دوولایەنە هەیە و هەتا کاتێک کە نیگەرانییەکان چارەسەر نەکرێت، گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیم و سیاسی دژی بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەروەها درێژەیان دەبێت.

جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە بە سەرنج دان بە ئەوی کە هێندێک لە گەمارۆکان لەلایەن کۆشکی سپییەوە و هێندێکی دیکەش لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانان پەسند کراون، لابردنی یەکجارەی هەموو گەمارۆکان لەلایەن کۆشکی سپییەوە نامومکینە.

لەم پێوەندییەدا،مارک کرێک سیناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە ویلایەتی ئیلینۆ، لە بەیاننامەیەکدا نیسبەت لە ئەگەری رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئامریکا دژکردەوەی نیشاندا.

رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆشکی سپی بڕیاری دابوو کە بارک ئوباما لە تەواوی دەسەڵاتی خۆی کەڵک وەرگرێت هەتا ئەو رێکەوتنە پێویستی بە پەسند کردنی کۆنگرە نەبێت.

مارک کرێک ئەم راگەیەندراوەی لە وڵامی دەوڵەتی ئامریکا سەبارەت بە ئەوەیکە بۆ پەسندکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی پێویستی بە کۆنگرەی ئامریکا نەبێت، بڵاو کردەوە.

ئەو سیناتۆرە کۆماریخوازە هەواڵی پاڵپشتی نکردنی کۆنگرەی ئامریکا لە رێکەوتنی ئەتۆمی ئامریکا لەگەڵ ئێران بڵاو کردەوە.