کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: کردەوەکانی داعش دژی کوردە ئێزەدییەکان دەشێ وەک جینۆساید بناسرێت

16:24 - 30 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرپرسانی باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەری ئەو لە ئارا دایە کە داعش لە بەرانبەر کوردە ئێزەدییەکان جینۆسایدی ئەنجام دابێت.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٩ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی ئیوان سیمۆنوویچ، یارمەتیدەی سەرۆکی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ رایگەیاند کە دەکرێت کردەوە جەنایەتکارانەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش دژی کوردە ئێزیدییەکان وەک جینۆساید بناسرێت.

ئەو بەرپرسە باڵایەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتەکانی خۆیدا جەختی کردەوە کە کردەوەکانی داعش دژی کوردەکان جەنایاتی جەنگی و جەنایات دژی مرۆڤایەتییە و وتی: بە سەرنجدان بە رووداوەکانی ئێستا و کردەوەکانی ئەم دواییانەی داعش دژی کوردە ئێزیدییەکان وەکوو تیرباران، بە زیندوویی سووتاندن و فرۆشتنی ژنان و کچانی ئێزیدی وەکوو کۆیلە؛ جۆرێک جینۆساید لە قەڵەم دەدرێت.

لەو پێوەندییەدا لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرووپی داعش و هەروەها رێژیمی بەشار ئەسەدی بە جەنایەت دژی مرۆڤایەتی تاوانبار کردبوو.

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی خۆیدا وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر سزای ئیعدامەکان، قامچی و شێوەکانی دیکەی ئازار و ئەشکەنجە بڵاوی کردووەتەوە کە داعش بە شێوەی سیستماتیک بەرنامەی ئیعدامی دژبەرانی بەڕێوە بردووە و تەنانەت نداڵانی ناچار کردووە چاو لە ئیعدام بکەن