کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی سیناتۆرە ئامریکاییەکان لە رێکەوتنی ناوکیی دەوڵەتی ئۆباما بەبێ مۆلەتی کۆنگرە

20:37 - 30 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەرانی باڵای کۆنگرەی ئامریکا وەسف‌کردنی رێکەوتن لەگەڵ رێژیمی ئێران وەکوو دووپات کردنەوەی هەڵەی رێکەوتن لەگەڵ کورەی باکوور، نیگەرانیی جیدیی خۆیان لە ئەگەری رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان ئەد رۆیس و بات مەک‌کیۆن، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رێکەوتنی ناوکی دەوڵەتی ئۆباما لەگەڵ رێژیمی ئێرانیان \'\'دووپات بوونەوەی رێکەوتن لەگەل کورەی باکوور\'\' وەسف کرد.

ئەد رۆیس و بات مەک کیۆن لە بەیاننامەی خۆیاندا وێڕای جەخت کردەنەوە لەسەر ئەوەی کە رێژیمی ئێران لە پشتیوانانی سەرەکی تیرۆریزمی دەوڵەتییە رایانگەیاند کە ژێربەنای چەکوچۆڵی کورەی باکوور هەرگیز لە ناو نەبردران و ئەو هەڵەیە نابێت لەگەڵ رێژیمی ئێران دووپات بکەینەوە.

هەروەها مارک کرێک، سیناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە ویلایەتی ئیلینۆ، لە بەیاننامەیەکدا نیسبەت بە ئەگەری رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئامریکا دژکردەوەی نیشان دا.

رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆشکی سپی بڕیاری دابوو کە بارک ئوباما لە تەواوی دەسەڵاتی خۆی کەڵک وەردەگرێت هەتا ئەو رێکەوتنە پێویستی بە پەسند کردنی کۆنگرە نەبێت.

مارک کرێک ئەم راگەیەندراوەی لە وڵامی دەوڵەتی ئامریکا سەبارەت بە ئەوەیکە بۆ پەسندکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی پێویستی بە کۆنگرەی ئامریکا نەبێت، بڵاو کردەوە.

ئەو سیناتۆرە کۆماریخوازە لە راگەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە کۆنگرەی ئامریکا لە رێکەوتنی ناوکی نێوان رێژیمی ئێران و ئامریکا پشتیوانی ناکات. 

هەروەها، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە رەوتی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و رایگەیاند کە ئێمە رووبەڕووی رێکەوتنێکی مەترسیدار نێوان زلهێزانی جیهانی و ئێران راوەستاوین کە دەهێڵێت ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات.

ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانی خۆی لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیرانی چەکدار بە چەکی ناوکی مەترسیدارتر لە داعش وەسف کرد و داواکاری لەناوبردنی هەموو ژێربەناکانی ناوکی رێژیمی ئێران بوو.