کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتیی زیندانییانی سیاسیی رەجایی‌شار و میناب لە کۆبانێ

20:37 - 30 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی زیندانەکانی رەجایی‌شار و میناب پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چوار زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی رەجایی‌شار و ٢ زیندانی سیاسیی زیندانی میناب بە نووسینی دروشم لەسەر کاغەز و بڵاو کردنەوەی وێنە پاڵپشتیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەڕبری و کردەوەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشیان مەحکووم کرد.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەفشین حەیرەتیان، وەحید ئەسغەری، بێهنام ئیبراهیم زادە و خالید حەردانی، چوار زیندانی سیاسیی بەندی ٤ی ساڵونی ١٢ی زیندانی رەجایی‌شاری کەرەج بە نووسینی دروشمی ئێمە هەموو خەڵکی کۆبانێن پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەربڕیوە.

هەروەها دوو زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی میناب بە ناوەکانی کەماڵ شەریفی و عەلی مورادی بە نووسینی دروشمی کۆبانێ تەنیا نییە و سێ رۆژ مانگرتن لە خواردن، سەرەرای مەحکووم کردنی کردەوەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەربڕی.

هەر لەم پێوەندییەدا، پێشتریش رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، محەممەد سەدیق کەبودوەند، بەرپرسی رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەک لە گرتووخانەی ئێڤینەوە، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد بۆ بەرگری لە خولقانی کارەساتی مرۆیی لە کۆبانێ و رزگاری خەڵک رێگە چارەیەک بگرنە بەر.

هەروەها پاش هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعش و ئاوارە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئەو شارە و گرتنی کۆبانێ لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە، زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی یەزد، بە مەبەستی هاودەردی لەگەڵ خەڵکی کۆبانی و پشتیوانی لەو شارە و خەبات و خۆڕاگری خەڵک ، مانیان لە خوارن گرت.

محەممەد مورادی، عەلی ساڵحی، واڵی درودی و عومەر ئیمامی، چوار زیندانی سیاسیی کوردن کە هەر کامیان زیاتر لە ١٨ ساڵە بێ مولاقات و مەرەخەسی لە زیندان ‌دان، بەمانگرتن لە خواردن پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی. 

لەم بوارەدا،زیندانییانیی سیاسیی کورد لە هەڵوێستێکی هاوبەش و بەشێوەیەکی سەمبۆڵیک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانێ، لەگەڵ دروشمی کۆبانی تەنیا نییە لە ٨ زیندانی ئێران وەکوو زیندانەکانی ئورمیە، بەندەر عەباس، بەندەر لنگە، میاندواو، قوڕوە، رەجایی‌شار و سنە مانیان لە خواردن گرت.

لەپێوەندییەدا، رۆژی هەینی، رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی کورد بەندکراو لە زیندانی ناوەندی ئەرمیە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕایداواکاری بۆ پشتیوانی هەموو لایەنە لە خەڵکی کۆبانێ، پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.