کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشت و دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٢٣٠ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ

20:37 - 30 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ کە لە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی دەستی پێکردووە هەتا ئێستا ٢٣٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوودا، ٥٠ کەس لە مەریوان، ٢٠ کەس لە بۆکان، ٦ کەس لە رەبەت، ٩ کەس لە سنە، ٣ کەس لە کرماشان و ٢کەس لە تاران دەستبەسەر کراون کە زۆربەی ئەو کەسانە بۆ لێپرسینەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سپا و ئیتلاعات گواسترابوونەوە.

هەروەها بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، لانیکەم ١٤٠ هاووڵاتیی کوردی بە هۆی بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراوە.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، لە تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران، لە شارەکانی وەک مەریوان، ئورمیە و مەهاباد لە گازی فرمیشک‌ڕێژ و باتۆم کەڵک وەرگیراوە و لە شاری مەریوان دەیان کەس بەو هۆیەوە بریندار بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا زۆربەی خۆپیشاندانەکان کە بە دروشمی مەرگ بەر دیکتاتۆر لەگەڵ دروشمی کۆبانێ تەنیا نییە، بژی کوردستانیان وتووەتەوە، لەگەڵ دژ کردەوەی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیم بەرەوڕوو بوونەتەوە.

کردەوەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەشداربوانی خۆپیشاندانەکە و دەستبەسەر و بانگهێشتی ٢٣٠ هاووڵاتیی کورد کە دەرخەری ئەوەیە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ هەڵگری کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی مرۆڤدۆستانەی نییە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە رێژیم خۆی هاوڕێی و هاوقەدەمی ئەو ناڕەزایەتییانە دەزانێت.