کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

روانینێکی واقع‌بینانە بۆ دۆخی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان

14:53 - 1 خەزەڵوەر 2714

حیکمەت رەسووڵی

لەم رۆژانەی دواییدا یەکێک لە بەرپرسە حیزبییەکانی کوردستانی باشووری کوردستان لە لێدوانێكدا باسی ئەوەی کرد کەلە رۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕش نەماوە؛ روانینی لەم چەشنە لەگەڵ هەموو ناڕاستییەکانی، دەتوانێ پێک‌هێنەر و زەمینە خۆشکەری دەرفەتێکی لەبار بێ هەتا بتوانین بە دوور لە خۆڕانان و دەمارگرژی و بە واقع بینییەکی بەرپرسانەوە بڕوانینە ئاستی بزووتنەوەی خۆمان و چاوێک بە جێگە و پێگەی خەباتەکەماندا بخشێنین و بە وردی دۆخەکە شەن و کەو بکەین و خاڵی لاواز و خاڵی بە هێزمان لێک هەڵاوێرین.

١- دۆخی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات ئەو کاتە بە دروستی هەڵدەسەنگێندرێ کە ئێمە بەراوردێکی واقع بینانە لە نێوان خەباتی کورد لە ئێران و خەباتی سەرانسەری خەڵکی ئێران‌دا بکەین. ئەگەر لە سەرانسەری ئێراندا خەباتێکی گەرم و گوڕی دێموکراسی خوازی لە گۆڕێ دابێ و هێزی خەڵک و حیزبە خەباتگێرە سەرانسەرییەکان توانیبێتیان هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشە بە هێزی رێژیمی توتالیتێری ئێران بکەن و لە کوردستاندا بە پێچەوانە بزووتنەوەی مافخوازی خەڵکی کورد لە کزی و لاوازی دابێ. ئەوا بێگومان بۆچوونی بەرپرسی گورین راستەو هێزە خەباتگێڕەکانی رۆژهەڵات دەبێ ئەوەندە ئازایەتییە لە خۆیاندا شک ببەن هەتا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە هوموو ستراتیژی و تاکتیکەکانیاندا بچنەوە و سەرلەنوێ خۆیان و خەباتەکەیان و ئامانجەکانیان پێناسە بکەنەوە.

بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئەوە راست بێ، واتە لە بەشەکانی‌تری ئێراندا، توتالیتاریزم بە هەموو دەزگا نیزامی و ئەمنییەکانەوە توانیبێتی بە قورسی چۆک لەسەر سنگی بزووتنەوەی سەرانسەریی خەڵکی ئێراندا بدا و رێگە نەدات ئەو بزووتنەوەیە تەنانەت جووڵەیەکیشی هەبێ، بەڵام لە کوردستاندا لە ئاستی خەباتی گەلی کورد لە باری چەندایەتی و لە باری چۆنیەتییەوە چەند هەنگاو لە پێش خەباتی سەرانسەری خەڵکدا بێ، ئەوا بێگومان بۆچوونی گۆڕین راست نییە و ئەم بوچوونە ئامانجەکەی نەپێکاوە.
ئەگەر چاوەدێرێکی سیاسی بە وردی دۆخی ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات لێک بداتەوە پێدەچێ زۆر دژوار نەبێت، بزانێ لە نێوان ئەم دوو پێوانانەدا، ئەوەی دووهەم دۆخی راستەقینەی رۆژهەڵاتی کوردستانە هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئێستاش لەگەڵ‌دا بێ رێکخراوترین و تۆکمەترین بەشی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پێک دێنن. لە کوردستاندا هەمیشە دەنگی ناڕەزایەتی و ئیعتراز بەرزتر لە ناوەندی ئێران بیستراوە. ئەگەر بوودجەی تەرخانکراو بۆ کوردستان لە هەموو بوارەکانی خزمەتگوزاری و پیشەسازی و کشت‌وکاڵدا بە دەیان و سەدان قات لە بوودجەی ناوچەکانیتر کەمتر بێ، ئەو بوودجەی سیاسی و نیزامی و ئەمنییەتییەی رێژیمی ئێران بۆ سەرکوت و بێدەنگ کردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان خەرجی دەکا لە بوودجەی هاوچەشنی تەرخانکراو بۆ ناوچەکانیتر یەکجار زیاترە. ئەم بوودجە زۆر زەوەندە جگە لە ئاستی خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانی نیشاندەری چ راستییەک بێ؟
چاوەدێرانی سیاسی نابێ دڕ بوون و هەوسار پچڕاو بوون و پەرەگرتووبوونی تۆتالیتاریزمیان لەگەڵ بێ هەڵوێست بوون و سستبوونی خەباتی سیاسی خەڵک لێ تێک بچێ. ئەگەر بمانهەوێ لە وڵاتێکی دێموکرات یا تەنانەت نیوە دێموکراتدا چەند و چۆنی داخوازی خەڵک لە بوارێکی تایبەتدا دیاری بکەین پێدەچی زۆر دژاور نەبێ پەناببەیەن بەر نەزەرسەنجییەک و بزانین خەڵک چی گەڕەکە و چۆن بیر دەکاتەوە. یا چاوێک بە چاپەمەنی و میدیای ئەو وڵاتەدا بخشێنین یا گوێبیستی دەنگی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی ئەم وڵاتە بین. بەڵام کاری چاوەدێرێکی سیاسی لە وڵاتێکی دیکتاتۆردا وا سانا نییە. لە وڵاتێکدا کە ئۆپۆزیسیۆن لە ناوخۆی وڵاتدا بۆی نییە حوزووری یاسایی هەبێ، چاپەمەنی و میدیا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە قۆڕغی سیستمی حاكم دایە و خەڵک نەک هەر لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ناتوانن دەنگی راستەقینەی خۆیان دەرببڕن، بگرە لە تایبەتی‌ترین ژوورەکانی پشوودانیشدا نیگەرانیی کۆنتڕۆڵی نابەرهەستی سیستمی سیخوڕی رێژیمن، چاوەدێڕێکی سیاسی دەبێ لە توێژینەوکانی شاراوەتری کۆمەڵگەدا و لە جووڵەکانی نا بەرهەست تری خەڵک دا بە دوای نیشانەکانی خەبات دا بگەڕێ.
تەنانەت بەم حاڵەشەوە، ئەگەر لە باقی شوێنەکانی ئێراندا دۆخەکە ئەوتۆ بێ و لە کوردستاندا پێویست ناکا ئاوا بە زەرەبین بە شوێن ئاکسیۆنە سیاسییەکانی خەڵکدا بگەڕێین. خەڵکی کورد لەم ساڵانەی دوایی لە کوردستانی ئێراندا زیاترین شعووری نەتەوەییان لە خۆیان نیشان داوە. ئەو رۆژەی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهید بوونی دوکتور قاسملوو خەڵکی بۆ مانگرتنێکی سەرانسەری لە کوردستان هان دا دیتمان چۆن کوردستان یەکپارچە بە پیری ئەم بانگهێشتەوە هات. بەڵام شعووری نەتەوەیی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵات هەر بارتەقای پارچەکەی خۆی بەرتەسک نەبووەتەوە. ئەو رۆژەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان لەلایەن میتی تورکیاوە گیراو لە ئیمراڵی توند کرا، کوردی رۆژهەڵات بۆ نیشاندانی پەژارەی خۆی لەسەر شەقام بوو.
ئەو رۆژەی مام جەلال وەکوو یەکەم سەرکۆماری کوردی وڵاتی عێراق هەڵبژێردرا، کوردی رۆژهەڵات بۆ دەربڕێنی شادی لەسەر شەقام بوو بەڕێوەچوونی کۆڕی یادبوونی شیمیایی بارانی هەڵەبجە لە وەک کولتورێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو رۆژەی جەستەی کۆبانێ بە تیغی داعش بریندار کرا، خەڵکی رۆژهەڵات بۆ دەربڕینی هاوسۆزی خۆی لەسەر شەقام بوو، گەلۆ ئەگەر ئەوانە نیشانەی خەباتێکی شارستانی و بە گٶڕ و تینی جەماوەری نەبن نیشانەی چین؟

٢ــ با دیسان بە شێوەیەکی وردبینانەتر بەراوردێکی نێوان بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردی رۆژەهەڵات لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری خەڵکی ئێراندا بکەین. دەمانهەوێ راستییەکی مێژوویی بخەینە روو کە بەداخەوە زۆر کەم سەرنجی پێدراوە، ئەویش ئەم راستییەیە کە نەک هەر ئێستا، بەڵکوو بە دڕێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران، هەڵکەوتی سیاسی کوردستان بە چەشنێک بووە کە خەڵکی کورد لە باری بەرچاوڕوونی سیاسییەوە هەنگاوێک لە پێش خەڵکی باقی ناوچەکان بووە. لە کوردستان دا زیاتر لە سێ دەیە بەر لەوەی لە ناوەند سیستەمی کۆماری دابمەزرێ خەڵکی کوردستان سیستمی پادشایەتییان بە ناکارامە زانیوە. لە ساڵەکانی چل وشەش و چل و حەوتی هەتاوی دا کە لە هیچ شوێنێكێ ئێران بیر لە خەباتی چەکداری بە دژی رێژیمی پاشایەتی نەدەکراوە، کورد بە شێوەی چەکداریی بەگژ رێژیمدا هاتووەتەوە. دوای هاتنە سەر کاری سیستمی تازە پاش ساڵی ٥٧ لە حاڵێکدا ئەو هێزانەی خۆیان پێ چەپ و پێشڕوە دەزانی دەنگی ئەرێیان بە کۆماری ئیسلامی دا، ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە بارەی ناوئاخنی نادێموکراتیک ریفراندۆمەکە هۆشداری بە باقی هێزە سیاسییەکان دا.
بەڵام سەرنجڕاکێشترین ئاکسیۆنی جەماوەری بەرچاوی کورد لە کوردستانی ئێران، ئاکسیۆنێکە کە بەداخەوە نەک هەر کەمتر باسی لێکراوە بگرە هەوڵ دراوە بە پێچەوانیش نیشان بدرێ. دەزانین لە ساڵی ٨٨ دا بزووتنەوەیەکی سەرانسەری لە ئێران سەری هەڵدا کە دواتر راست یا ناڕاست بە بزووتنەوەی سەوز ناسرا. ئەوەش دەزانین ئەم بزووتنەوەیە لە ئێرانی دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیدا بێ وێنە بوو. با جارێک بۆ مێژوو لەسەر ئەو راستییە داکۆکی بکەین کە پێش باری بزووتنەوەی سەوز لە تاران و لە ساڵی ٨٨ دا، بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە کوردستان و لە ساڵی ٨٤ دا بوو. بزووتنەوەی سەوز دوای دەرکەوتنی ساختەکارانەی ناوی ئەحمەدی نژاد لە سندووقەکانی دەنگدان بۆ جاری دووهەم سەری هەڵدا کەچی چوارساڵ بەر لەو کاتێک بۆ جاری یەکەم ناوی ئەحمەدی نژاد وەک سەرۆک کۆمار هاتە گٶڕێ، سەرۆک کۆماری تازە لە ناو خەڵکی کورد وەک کەسێک ناوبانگی دەرکرد کە دەستی لە تیرۆری سەرکردەی شەهید، دوکتور قاسملوودا هەبووە. هەر ئەو دەنگۆیە دوای چەند رۆژ و پاش کوژرانی لاوێکی کورد لە مەهاباد، کوردستانی وەک بۆشکەی باڕووت تەقاندەوە و بوو بە هۆی ئەوەی زەنجیرە خۆپیشاندانێکی بە گوڕ و تین لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا وەڕێبخرێ و ئەو گاردە دژە شۆڕشەی چوارساڵ دواتر لە تاران و شارەکانی تری ئێراندا بە گژ خەڵک دا چووە، پێشتر لە کوردستان دا تاقی کراوەتەوە و بزووتنەوەی ساڵی ٨٤ی کوردستان وەک پێش باری بزووتنەوەی ساڵی ٨٨ی تاران دەرکەوێ.
جموجووڵە و ئاکسیۆنانە، زەنجیرە جووڵە و ئاکسیۆنێکی بە هەڵکەوت و کاتی نین بەڵکوو بزووتنەوە گەلێکن کە جێگە و پێگەی پێشەنگ و پێشڕەوی کوردستانی ئێران لە خەباتی سەرانسەری دژی دیکتاتۆری و توتالیتاریزمدا پیشان دەدەن.

٣ــ ئەم قسانە بەم مانایە نین کە خەباتی گەلی کورد و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات هیچ کەم کووڕییان نەبووە و ناکرێ دۆخی خەبات لەوەی ئێشتا باشتر بکرێ. ئێمە نابێ لە داهێنانی شێوازی تازەی خەبات بوەستین. لە روانگەی ئێمەوە داهاتوو کراوەیە و هێشتا بە دەیان و سەدان دەرەتانی تاقی نەکراوە و پتانسێلی دەست لێ‌نەدراو لە بەردەستماندا هەیە کە دەبێ زۆر بە باشی چالاکیان بکەین و کەڵکیان لێ وەرگرین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە