کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رەوانەی کۆبانێ دەکرێن

16:25 - 1 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: پارلمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە دانیشتنێکدا پەسندی کرد کە پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رەوانەی کۆبانێ بکرێت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، نوێنەری پارلمانی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، لەگەڵ رەوانە کردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ رەزامەندییان دەربڕی.

یوسف محەممەد سادق، وتەبێژی پارلمانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە کە مەبەست لە رەوانە کردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ پشتیوانی لە کۆبانێ و بەرگریی لەو شارە کوردنشینەیە.

رەزامەندیی پارلمانی هەرێمی کوردستان بۆ رەوانە کردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ دوای رەزامەندیی دەوڵەتی تورکیە بۆ رەوانە کردنی پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان لە سنوورەکانی خۆی بۆ کۆبانێ راگەیەندرا.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان دەرخەڕی ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتادا ٢٠٠ پێشمەرگە بۆ کۆبانێ رەوانە دەکات.

پێشتریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ئامریکا چەک وچووڵی بۆ کۆبانێ رەوانە کردبوو.