کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شنۆ/ نەبوونی ئیمکاناتی خوێندن و وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لە قوتابییان

16:12 - 1 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسانی قوتابخانەی گوندەکانی شاری شنۆ سەرەڕای ئەوەیکە ئیمکاناتی پێویستیان بۆ خوێندن نییە، بە مەبەستی دابین کردنی سووتەمەنی و پێداویستییەکانی قوتابخانە پارەی زۆرەملی لە قوتابییان وەردەگرن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەرگرتنی پارەی نەختی لە قوتابییانی قوتابخانە شەوانەرۆژییەکان و قوتابخانەی گوندەکانی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بە دەستپێکی ساڵی تازەی خوێندن دەستی پێکردەوە.

راپۆرتەکان لە شاری شنۆوە باس لەوە دەکەن کە گوشاری بەرپرسانی قوتابخانەی گوندەکانی ئەو شارە بە مەبەستی وەرگرتنی پارەی نەختی لە قوتابییان، بە بیانووی دابین کردنی تێچووی قوتابخانەکان دەستی پێکردووە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی نەرزیوێ سەر بە شاری شنۆ وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە قوتابخانەی ئەو گوندە ئیمکاناتی پێویستی نییە، بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: قوتابخانەی نەرزیوێ کانێکسێکی ٣ ژوورەیە و ٥٧ قوتابی لە دوو ژوور سەرقاڵی دەرس خوێندن و هەروەها ئەو شوێنە بە ناو قوتابخانە سرویسی بێهداشتی ستاندارد، حەسار و رێگای پێوەندی گونجاوی نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا وتی قوتابخانەی نەرزیوێ هیچ جۆرە ئیمکاناتێکی خوێندنی نییە و ئێستا بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە بە مەبەستی دابین کردنی سووتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکەی قوتابخانە پارەی نەختییان لە قوتابییان ستاندووە.

بەرپرسانی چەندین قوتابخانەی گوندەکانی سەربە شاری شنۆ بە ناردنی نامەیەک بۆ دایک و باوکی قوتابییان داوایان لێکردوون کە بە مەبەستی دابین کردن و تێچووی قوتابخانەکان دەبێ پارەی نەختی بۆ قوتابخانە بنێرن.

لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی قووتابخانەکانی سایین قەڵا و گوندەکانی سەر بەو شارە بە قوتابییانیان راگەیاندووە کە دەبێ تێچووی سووتەمەنی قوتابخانە خۆیان دابینی بکەن.

ساڵی رابردووش زۆربەی قوتابخانەکانی شەوانە رۆژی و قووتابخانەی گوندەکانی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بە مەبەستی دابین کردنی سووتەمەنی و ئیمکانات و کەرەستەی خوێندن پارەیان لە قوتابییان ئەستاند بوو.

هۆکارەکانی وەکوو گوشاری ئابووری، کەمی داهات و هەژاری، زۆربەی بنەماڵەی قووتابییان ناتوانن کە ئەو پارەیە بدەن و بەو هۆیەوە قوتابییانی گوندەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەگەڵ مەترسی دەرکران یا بێبەش کردن لە خوێندن بەرەوڕوونە.

بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.
هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەتی ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن، دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران دەڵێت: دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیەیی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرەپێ بدات\'\'.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا، هیچکام لەو یاساگەلە رەچاو ناکرێ و بگرە رێژیمی ئێران خۆی رێخۆشکەر و هۆکاری سەرەکیی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت یاساکانی خۆشیەتی.