کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە/ هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیم بە تەقەی راستەوخۆ کۆڵبەرێکی کوردیان بریندار کرد

21:08 - 1 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی جێگیر لە پایگای شێخانی شاری پاوە کۆڵبەرێکی کوردیان دایە بەر دەسترێژی گوللـە و برینداریان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ماکوان وەیسی کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی نەیسانەی سەربە شاری پاوه لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیم سەرەڕای تەقەی راستەوخۆ و بریندار کردنی ئەو کۆڵبەرە، دوو سەر ئەسبی بارهەڵگر و کەل و پەلی ئەو کۆڵبەرەیان زەوت کردووە.

دەگوترێت، ساڵی رابردووش ماکوان وەیسی لە حاڵی کۆڵبەری لە سنووری شۆشمێە هاوڕێ لەگەڵ دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی مودریک فەتحی خەڵکی نیسانە و ماکوان ئەحمەدی خەڵکی گوندی شۆشمێ، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد کە بە ماشینی خۆی لە جادەەی نەوسود ــ پاوە لە حاڵی رۆییشتندا بوو، لەلایەن مەئمورێکی سەر بە هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم تەقەی لێکرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بەهۆی تەقەی راستەوخۆی مەئمووری هێزە ئینتزامییەکان لە ماشینەکەی فڕە درایە خوار و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بوو.

هەروەها، لە هەمان رۆژدا، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران جێگیر لە پایگای دووئاو کاروانی کۆڵبەرانی کوردیان لە ناوچەی نەوسود دایە بەر دەستڕێژی گۆللـە و هەوڵی زەوت کردنی ماڵەکانیان دابوو.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی مانگی رەزبەری ئەمساڵدا، لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە.