کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی کۆنگرەی ئامریکا: رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئیران بە راگرتنی زێدەخوازییەکانی ئەو وڵاتە گرێدراوە

21:19 - 1 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێکەوتنی ناوکی ئۆباما لەگەڵ رێژیمی ئێران بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرەی ئەو وڵاتە نیگەرانییەکی زۆری لەلای ئەندامانی کۆنگرە دروست کردووە.
بەپێی راپۆرتی دەنگی ئامریکا لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا لەمەڕ راگەیەندراوی کۆشکی سپی سەبارەت بە وەرنەگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرەی ئامریکا بۆ رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران ئێلینا رۆز لتینن، ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ باراک ئۆباما رایگەیاند کە ئامانج لە گەمارۆ پەسەندکراوەکانی دژی رێژیمی ئێران تەنیا هێنانی ئەو رێژیمە بۆ سەر میزی دانوستانەکان نەبووە بەڵکوو دەست هەڵگرتنی تەواوی ئەو رێژیمە لە زێدەخوازییە ناوکییەکانی، راگرتنی پیتدانی ئۆرانیۆم و کەڵک وەرنەگرتن لە دامەزراوە ناوکییەکان بووە.

جێگرەوەی سەرۆکی کۆمیتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا لە کۆنگرەی ئامریکا لە بەشێکی دیکە لە نامەکەی خۆیدا نووسیویەتی کە تەنیا ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و وەزارەتی بەرگریی ئامریکا دەتوانن ئاشتیخوازانە بوونی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران یان حاڵەتەکانی پێشێلکرانی رێککەوتنی ناوکی دیاری بکەن.

لەو پێوەندییەدا ئەد رۆیس و بات مەک‌کیۆن، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رێککەوتنی ناوکی دەوڵەتی ئۆباما لەگەڵ رێژیمی ئێرانیان \'\'دووپات بوونەوەی رێککەوتنی هاوشێوەی کورەی باکوور\'\' وەسف کرد.

هەروەها مارک کرێک، سیناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە ویلایەتی ئیلینۆ، لە بەیاننامەیەکدا نیسبەت بە ئەگەری رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئامریکا دژکردەوەی نیشان دا و لە راگەیەندراوێکدا لە وڵامی دەوڵەتی ئامریکا سەبارەت بە ئەوەی کە پەسندکردنی رێکەوتنی ناوکی پێویستیی بە کۆنگرەی ئامریکا نابێت، رایگەیاند کۆنگرەی ئامریکا لە رێککەوتنی ناوکی نێوان رێژیمی ئێران و ئامریکا پشتیوانی ناکات. 

جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی و وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رۆژانی رابردوودا ئەگەری رێکەوتن لە گەڵ رێژیمی ئێران بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆنگرەی ئامریکایان رەت کردەوە، لە هەمان کات‌دا نیگەرانیی ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا بەردەوام زیادی کەدوە.